وەزارەتەکانی کشتوکاڵی ئێراق و هەرێم: کردەکانی تورکیا دوژمنکارانەن

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هەردوو وەزارەتەکانی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان هێرش و داگیرکاری تورکیا و بڕینەوەی داری دارستانەکان بە دوژمنکارانە بەناو دەکەن و خوازیارن بەزوویی ڕابگیردرێت.

لە درێژەی کاردانەوەکان دژی داگیرکاری تورکیا لە باشوری کوردستان و ئیکۆسایدکردنی بەشێک لەو بەشەی وڵات، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان  هاتنە دەنگ و هێرش و داگیرکاری تورکیا و بڕینەوەی داری دارستانەکان لە لایەن ڕژێمی تورکیاوە بە دوژمنکارانە و دژە مرۆڤایەتیی بەناو دەکەن و خوازیارن بەزوویی ڕابگیردرێت. هەر دوو وەزارەتەکە داوا لەهەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن بەجدی بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە وەڵامیان هەبێت.

دەقی بەیاننامە هاوبەشەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان:


بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتەکانی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بەبڕینەوەی داری دارستانە خۆرسکەکانی سنوری بادینان لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای تورکی.
ماوەیەکە وەک لە ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی پێدەدرێت و دەبینین و دەبیستین ژمارەیەک کۆمپانیای تورکی بەهاوکاری سوپای تورکیا کەوتونەتە بڕینەوەی داری دارستانە خۆڕسکەکانی سنوری بادینان لە باکوری هەرێمی کوردستانی عێراق و گواستنەوەی ئەو دارانە بۆ ناوخۆی تورکیا و بازرگانی پێوەکردنیان.

لێرەوە ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی ئەو کارە ناشارستانیە ڕادەگەیەنین، ئەو پرۆسەیە نەک هەر دوژمنکارییە بەرامبەر سروشت و ژینگەی عیراق و هەرێمی کوردستان بەڵکو کارێکی دوژمنکارانەیە دژ بە مرۆڤایەتی و ژینگەی تەواوی ناوچەکە و هەموو جیهان لەبەرئەوەی ژینگە سنووری نیە، لەبەرئەوە لێرەوە داواکارین لەحکومەتی تورکیا ئەو کارە ڕابگرێت و لەهەمان کاتدا داوا لەهەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین بەجدی بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە وەڵامیان هەبێت، لەهەمان کاتدا داوا لەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری ووڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین هاوکارمان بن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کارە نامرۆڤانەیە كه دژ بەژینگەیە و پێویستە هەوڵی بنبڕکردنی بدرێ.

 

هـ.هـ