وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر عێراق کردووە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، داوایەک ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی دەکات تاوەکو ڕێگری لە هێرشە چاوەڕوان کراوەکانی ئیسرائیل بکات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، نامەی فەرمیی ئاراستەی ئاڕاستەی هەریەکە لە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکات رێگە لە هەڕەشە و هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل بۆسەر عێراق بگرن.  

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کردووە، بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی راگەیاندووە پێویستە ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات، هەروەها داوای هەوڵی نێودەوڵەتی "بۆ دڵنیاییدان لە رێزگرتن لە یاسا و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان" دەکات.

جێگای باسە، ئەم داوایەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەکاتێكدایە کە، رۆژی هەینی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریی دا کە هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق "جیدی و گەورەیە" و ڕایگەیاند، حکومەت لەهەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە پەلهاویشتنی جەنگی غەززە و لوبنان بۆ عێراق.

هەروەها فوئاد حوسێن ئاشکراشی کردووە، حکومەتی ئیسرائیل "پەیامی زارەکی و نووسراو"ی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە، کە ئەوەش "واتای ئەوە دەگەیێنێت، هەندێک رێکار وەکو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر عێراق گیراونەتەبەر".

جێگای ئاماژەیە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عیراق ڕاشیگەیاندووە، "هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکی لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گیراونەتەبەر."