ئازادکردنی رۆژنامەوان دەریا رەن بۆ سێ مانگ دواخرا

پەیامنێری ئاژانسی ژننیوز دەریا رەن کە نزیکەی دوو ساڵە لە زیندانە، دەبوایە سەرەتای مانگی ئایار ئازاد بکرایە، بەڵام بە پاساوی بێ بنەما و هەڕەمەکی ئازادکردنی بۆ ماوەی سێ مانگ دواخرا.

پەیامنێری ژننیوز دەریا رەن لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێک کە ناوەندەکەی لە ئامەدبوو لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەوان دەستبەسەرکرابوو و بە هۆی سزایەکی لە دۆسیەیەکی دیکەدا زیندانی کرابوو. شەشەمین دادگای سزا قورسەکانی رحا بە بانگەشەی "هاوکاریکردنی ئارەزوومەندانە بۆ رێکخراو" سزای ٣ ساڵ و ١٣ مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەر رۆژنامەوان رەن دا سسەپاندبوو. سزای رەن لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەند کرابوو. رەن کە دوای پەسەندکردنی سزاکەی زیندانی کرابوو، لە ٣١ی ئابی ٢٠٢٣دا ، بەمەبەستی ئازادکردنی مەرجدار داواکاری ئاراستیە دادگای سزا قورسەکانی ئامەد کردبوو، بەڵام دادگا داواکاەی رەتکردبووەوە.

لە بڕیارەکەی دادگادا پاساوی ئەوە هێنراوەتەوە کە "لەسەر داوای خۆی لە هۆڵێکدا لەگەڵ زیندانیان و سزادراوانی دۆزی پەکەکە" ماوەتەوە. چەند هەفتە بەر لە ئێستا رەن چووبووە بەردەم لیژنەی کارگێڕی و چاودێری و پێشبینی دەکرا لە سەرەتای مانگی ئایاردا ئازاد بکرێت، بەڵام ئازادکردنەکە بە بڕیاری ئەو لیژنەیە دواخرا.

کاتێک رەن گواسترابووەوە بۆ زیندان دژی پشکنین بە رووتی وەستابووەوە، هەربۆیە گواسترابوەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. ئەوەش وەک یەک لە هۆکارەکانی دواخستنی ئازادکردنی نیشان دراوە. لە بڕیارەکەدا هاتووە، کە "ئامادە نییە بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بکات". بەو پاساوەشەوە ماوەی سێ مانگ ئازادکردنەکەی دواخراوە.

هـ . ب