ئۆهەدە، سەبارەت بە گۆشەگیری ئیمرالی داواکاری پێشکەش بە سەندیکای پارێزەرانی وان کرد

کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەدە) سەبارەت بە گۆشەگیری ئیمرالی داواکاری ئاراستەی وەزارەتی داد کردبوو. دوای ئەوەی هیچ وەڵامێکی وەرنەگرتەوە، داواکاری پێشکەش بە سەندیکای پارێزەرانی شاری وان کرد.

ئۆهەدە داواکاری پێشکەشی سەندیکای پارێزەرانی وان کرد

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم لە زیندانی ئیمرالی لە دۆخێکی زۆر قورس دا گۆشەگیر کراون، ماوەی ٣٩ مانگە هیچ زانیارییەکیان نادرێت و ڕێگە نادەن بنەماڵە و پارێزەرەکانیان دیداریان لە گەڵ بکەن. سەبارەت بە گۆشەگیریی "ڕەها" لە ئیمرالی، هەزار و٣٠٠ پارێزەر داوایان لە وەزارەتی داد کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە. بەم بۆنەوە ٧٤ ئەندامی لقی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەدە)ی شاری وان داواکارییان پێشکەش بە سەندیکای پارێزەرانی شاری وان کرد.

مەهتاب ئیشیک، هاوسەرۆکی لقی وانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی، پێش داواکارییەکە وتارێکی کورتی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی بەدەست نەگەیشتووە و وتی: "بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ موەکیلەکەمان، بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان لە کانوونی دووەم دا هەزار و ٣٠٠ پارێزەر لە ٣٥ نوسینگەوە داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتی داد کردووە. هەرچەندە ٦ مانگ بەسەر داواکارییەکاندا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە. بۆ ئەوەی گۆشەگیری لەسەر بەرێز ئۆجالان هەڵبگیرێت و لەگەڵ موەکیلەکەمان کۆببینەوە، داواکاری پێشکەش بە سەندیکای پارێزەرانی وان دەکەین. ئیشیک سەرنجی بۆ چالاکی زیندانیان لە چوارچێوەی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" لە زیندانەکاندا ڕاکێشا و وتی: "گۆشەگیری لە ئیمرالی دەستی پێکرد و بە هەموو زیندانەکاندا بڵاو بووەوە. ئاگادار نیین لە زیندانەکاندا چی دەقەومێت."