ئەحمەد تورک: موخاتەبی پرسی کورد، گەلی کورد و ئەکتەرەکانین

ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین لە کۆنفڕانسی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی هەدەپەدا قسەی کرد و وتی، "موخاتەبی پرسی کورد، گەلی کورد و ئەکتەرەکانی تێکۆشانی گەلەکەمانن. بەم شێوەیە دەڵێین نوختە سەری دێڕ.

ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین کە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەیوم لە جێگەی دانرا بەشداری لە کۆنفڕانسی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی هەدەپەدا کرد.

ئەحمەد تورک رایگەیاند، ئەوان لە ئەنجامی تێکۆشانێکی دوور و درێژدا لێرەن و وتی، " دەزانم لە ساڵەکانی نەوەتەوە سیاسەتی قڕکردن، تواندنەوە و فشار هەموو رۆژێک بەردەوامە. ئەمڕۆ بە دەیان هەزار هاوڕێمان لە زیندانەکاندان. سڵاوی خۆمان ئاڕاستەی ئەوان دەکەین. لەگەڵ هەموو سیاسەتێکی تواندنەوە، باجی گەورە دراوە، پارتەکەمان بووەتە هیوای گەلەکەمان. ئێمە بڕوامان وایە، لە سیاسەتی دیموکراتیکدا دەبینە ئەندازیاری دواڕۆژ. بێگۆمان بە سیاسەتی قەیومەکان هەوڵ دەدەن ئێمە و گەلەکەمان لە یەکتری دووربخەنەوە.

ئەحمەد تورک لەبارەی قەیومەکان لە شارەوانیەکان وتی، "کاری قەیوم دیارە. لەمبارەیەوە پارتەکەمان لێکۆلینەوەی جددی ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ هەموو کارمەندانی قەیوم، بەهۆی گەندەڵی و بەرتیلخواردن دادگایی دەکرێن. ئامانجیان بەڕێوەبردنی شارەوانی نییە، دیلگرتنی ئیرادەی گەلە. دیموکراسی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی پایەیەکی گرنگە. ئەگەر ئێمە خەباتی بەڕێوەبەری هەرێمی باشتر بەڕێوە ببەین، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ گەل بەهێزتر دەبێت."

ئەحمەد تورک لەبارەی گفتوگۆکانی چارەسەری کێشەی کورد و موخاتەبەکەی وتی، "تورکیا دەچێتە سەردەمێکی نوێ. باسی چارەسەری کێشەی کورد دەکرێت. بۆ ئەوەی پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر ببێت، ئێمە هەموو کاتێک پشتگیریمان کردووە. لەم رێیەدا باجی زۆرمان داوە. ئەمڕۆ هەموو کەسێک دەبینێت، بێ هەدەپە لە تورکیا کەس نابێت دەسەڵاتدار. بۆ ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر ببێت، پێویستە بەر لە هەموو شتێک هەبوونی کورد، ناسنامەکەی و زمان و ستاتۆکەی قبوڵ بکرێت. باسی موخاتەب دەکرێت. ئایا موخاتەب کێیە؟ موخاتەب گەلەکەمان و ئەکتەرەکانی تێکۆشانی گەلەکەمانە. نوختە سەری دێڕ."

ف.ق