ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیشار ١٠٠ ڕۆژە بەردەوامە

ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیشار ١٠٠ ڕۆژە لەبەردەم وەزارەتی داد بەردەوامە. پەرلەمانتار مەدحەت سەنجار سەردانی چالاکییەکەی کرد و گوتی: "دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەم هاوارە و پێکەوە ئەم ڕەوشە ڕادەوەستێنین".

ئەمینە شەنیشار

ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیاشار کە هاوژین و دوو کوڕی لە ١٤ ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا لەلایەن پاسەوان و خزمانی پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل یەڵدزەوە کوژران، ١٠٠ ڕۆژە بەردەوامە. دایکانی ئاشتی لە ئیستەنبوڵەوە، پەرلەمانتاری دەم پارتی مەدحەت سەنجار و یەڵماز هون، ڕێکخستنی دەم پارتی ئەنقەرە و کۆمەڵەی دیموکراسیی سۆسیالیست سەردانی ئەمینە شەنیاشاریان کرد.

دایکی ئاشتی فینجە ئاکمان تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژییەکە و بەرخۆدانی ئەمینە شەنیشار و بێدەنگی دەسەڵات، ڕایگەیاند ئەم دایکە داوای ئازاد کوڕەکەی و ماف و دادپەروەری دەکات، پشتگیری دایکانی ئاشتی دووپات کردەوە و گوتی: "ئێمە ٣ ساڵە ئێشکگری دادپەروەری دەگرین. زانیاریمان دەربارەی ڕۆڵەکانمان نیە، ڕۆڵەکانی خۆمان دەوێت. ئێمە کوردی جاران نین، تا دوا دڵۆپی خوێنمان شوێنکەوتەی ڕۆڵەکانمانین".

پەرلەمانتار مەدحەت سەنجار ڕایگەیاند ئەمینە شەنیشار ٦ ساڵە بەدوای دادپەروەرییەوەیە دژی ناهەقی و ستەم، گوتی: "ئەمە ١٠٠ ڕۆژە لەبەردەم وەزارەتی داد ئێشکگری دەگرێت. نەوەک هەر بۆ خۆی، بۆ هەمووان دادپەروەری دەخوازێت. دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەم هاوارە و پێکەوە ئەم ڕەوشە دەوەستێنین. بێگومان ئەم دەنگە دەگاتە ئامانج، بێگومان دادپەوەری دێتەدی".

هاوکات سەڤینچ چاکیر کە کوڕەکەی لە هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەمموزی ٢٠١٦ گیرا، لەژێر کاریگەریی ئەمینە شەنیاشار لەبەردەم وەزارەتی داد دەستی بە چالاکی کردبوو، سەڤینچ لە ڕۆژی ٢٣ هەمیندا درێژەی بە چالاکییەکەیدا.