ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتن بەردەوامە - نوێکرایەوە

لە چالاکییەکانی ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە پەیامدرا: "بە بەرخۆدان سەردەکەوین".

لە چەند شارێک ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ بەردەوامە.

ئامەد

ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ لە ئامەد و ناوچەکانی دەوروبەری بەردەوامە، ئەندامانی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی لە گۆڕەپانی شێخ سەعید کۆبوونەوە و بە چەپڵە و درووشم ڕێپێوانیان کرد. ڕێپێوانەکە تا شارەوانی مەزنی ئامەد بەردەوام بوو. جەماوەر لە شوێنی ئێشکگرییەکە بە درووشمی "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" پێشوازیان لە ڕێپێوانکەران کرد.

پەیاس

لە پەیاس ڕێپێوان ئەنجامدرا، درووشمی "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "جولەمێرگ هی ئێمەیە، شارەوانی هی ئێمەیە" بەرزکرایەوە، ڕێپێوانەکە تا بەردەم شارەوانی پەیاس بەردەوام بوو. جەماوەر بە درێژایی ڕێپێوانەکە سەردانی پیشەوەرانیان کرد و پەیامی درێژەدان بە تێکۆشانیان دووپاتکردەوە.

لەبەردەم شارەوانی، هاوسەرۆکی شارەوانی پەیاس و هاوسەرۆکی دەم پارتی پەیاس قسەیان کرد، دووپاتیان کردەوە تا کۆتایی خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆمان دەکەین.

شاری نوێ

بەهەمانشێوە لە ناوچەی شاری نوێ ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون. هاوسەرۆکی شارەوانی ڕێزان محەمەد ئەرگون چووە بازاڕ و بانگەوازی لە گەل کرد بۆ بەشداربوون لە ئێشکگری. پاشان هاوسەرۆک و گەل چوونە بەردەم شارەوانی و چالاکیان دەست پێ کرد.

ڕێزان

چالاکییەکەی بەردەم شارەوانی ڕێزان بەردەوامە، لە چالاکییەکەدا گۆرانی بەرخۆدان لێ درا و درووشمی "فشار ئێمە ناوەستێنێت" و "جولەمێرگ هی ئێمەیە، شارەوانی هی ئێمەیە" بەرزکرایەوە.

بسمیل

لە بسمیل بە بەشداری پارت و ڕێکخراوەکان ڕێپێوان ئەنجامدرا، لە دژی داگیرکردنی شارەوانی پەیامی تێکۆشان دووپاتکرایەوە.

سەرەڕای ئاستەنگی پۆلیس جەماوەر درووشمی "جولەمێرگ هی ئێمەیە، شارەوانی هی ئێمەیە"یان بەرزکردەوە و ڕێپێوانەکە لەبەردەم بینای شارەوانی کۆتایی هات.

شەرناخ

چالاکییەکان لەبەردەم شارەوانی جزیر و هەزەخ و سلۆپی شەرناخ ٤ ڕۆژە بەردەوامە، پەرلەمانتاران نەورۆز ئویساڵ و محەمەد زەکی ئەرمەز و هاوسەرۆکی شارەوانی، پشتگیری چالاکیەکەی سلۆپی بوون. لە چالاکییەکەدا درووشم دژی دەستبەسەراگرتن بەرزکرایەوە.

ئەدەنە

چالاکی ئێشکگری لە ئەدەنە ٢ ڕۆژە بەردەوامە. جەماوەر لە پارکی هەیکەلی کۆبوونەوە، لافیتە و درووشمیان بەرزکردەوە، پۆلیس بە پاساوی "ئاسایشی گشتی" جەماوەریان گەمارۆدا. جەماوەر چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا و سەرەڕای گەرما درێژەیان بە چالاکییەکەیان دا. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەدەنە، سەیفەدین ئایدەمیر ڕایگەیاند دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە لە گۆڕەپانەکان دەبن.

سێرت

چالاکیی ئێشکگری لە سێرت ٤ ڕۆژە بە بەشدارییەکی بەرچاو بەردەوامە. هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت سۆفیا ئالاگاش و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و زۆر کەس بەشداری چالاکییەکە بوون، بە هەلهەلە و چەپڵە و دروشم داگیرکردنی شارەوانی جولەمێرگ شەرمەزارکرا، بەدەم گۆرانی کوردییەوە هەڵپەڕکێ کرا.

چالاکی ئێشکگری شارەوانییەکانی مسریج و حەوێلێ بە چەپڵە و هەلهەلە و درووشم بەردەوام بوو.

ئێلح

چالاکی ئێشکگری لەبەردەم شارەوانی ئێلح ٤ ڕۆژە بەردەوامە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە سۆنگول کۆرکماز گوتی: "هەرگیز ڕێگە بە سیستەمی تاڵانکردن نادەین".