ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بۆ ماوەی ٢٣١ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە

ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد کە لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندرابوو، ماوەی ٢٣١ ڕۆژە دەستبەسەرە.

سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووسی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بۆ سەردانی بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەڵەب سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣کاتێک ویستبووی لە دەروازەی پێش خەبوور (سێماڵکا) بگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەڕفێندرێت و دوای حەوت مانگ، پارێزەران توانیان لەگەڵی کۆببنەوە. ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ماوەی ٢٣١ ڕۆژە لە زیندانی پەدەکە دا دەستبەسەر کراوە.

جێی ئاماژەیە دوای هەفتەیەک لە ڕفاندن و دیارنەمانی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕفاندنی ناوبراوی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند دەستبەسەر کردنەکەی پەیوەندی بە 'کاری ڕۆژنامەوانییەوە نەبووە' و بە ئاشکرا هەڕەشەی سزادانی ڕۆژنامەنووس سلێمانیان کردووە.

دواجار لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، لەژێر فشارە مەدەنییەکان، ڕۆژنامەنوسان و سەندیکاو ڕێکخسنەکان، لە٢٢ی ئایاردا ڕێگە بە پارێزەرەکانی درا لە زیندانی ئاسایشی دهۆک چاویان پێی بکەوێت.

لەماوەی ڕابردوودا، دادگای یەکەمی تاوانەکانی دهۆک ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی، وەک یەکەم ڕۆژی دانیشتنی دادگای کردنی سلێمان ئەحمەد دیاری کردووە.

سلێمان ئەحمەد نزیکەی ٥ ساڵە وەک هەوڵساز و ڕۆژنامەنووس لە بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز کاردەکات.