ڕۆژنامەنووس سەردار کاراکۆچ بە مەرج ئازاد کرا

ڕۆژنامەنووس سەردار کاراکۆچ کە لەسەر داوای ڕادەستکردنەوەی ئاڵمانیا دەستگیرکرابوو، ئەمڕۆ بە مەرج لە دادگا ئازادکرا.

کاراکۆچ کە لە هۆڵەندا دەستگیرکرابوو، ئەمڕۆ لە لایەن دادگاوە بە مەرج بە بڕی ٥ هەزار یۆرۆ کەفالەت ئازاد کرا. دادگا لە چوارچێوەی مەرجەکەدا  بڕیاری داوە کاراکۆچ لە هەفتەیەکدا ڕۆژێک واژۆ بدات. هەروەها پاسپۆرتی کاراکۆچ دەستی بەسەردا گیراوە و چوونەدەرەوەی لە وڵات قەدەغەیە.

هەروەها دادوەر بڕیاریداوە کاراکۆچ لە ٢٤ی تەمموزدا بەشداری دانیشتنی دادگا بکات.

کاراکۆچ ڕۆژی ٢٣ی ئایار لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن پۆلیسی هۆڵەندا دەستبەسەر و لەسەر داوای ڕادەستکردنەوەی ئاڵمانیا دەستگیرکرا. جێی ئاماژەیە کاراکۆچ لە ساڵانی ١٩٩٠ بەدواوە لە کاری چاپەمەنی ئازاد دا کار دەکات.