بە دیمەن

ژنان بانگەوازیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد: بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکان ڕێکار بگرنەبەر!

ژنانی کورد دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و گوتیان: "دژی تاوانەکانی شەڕ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دەستبەجێ ڕێکار بگرنەبەر".

چالاکیی دانیشتن کە هەموو چوار شەممەیەک لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا ئەنجام دەدرێت، ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەندامانی یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە_سە) بەڕێوەبرا.

چالاکییەکە بە خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستی پێ کرد، لە چالاکییەکەدا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکران.

وتەبێژی یەژەکە_سە سەلما سورەر ڕایگەیاند لەکاتێکدا ژنان و منداڵانی کورد لەژێر هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکدان، جیهان بێدەنگە، گوتی: "لێرەوە بانگەواز دەکەین، ژنانی کورد کە شەڕ دەکەن و جەستەیان کردووەتە قەڵغان، بە تەنها نین. بۆچی کاتێک باسەکە دێتە سەر گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئێوە بێدەنگن؟".

لە درێژەی قسەکانی سەلما گوتی: "فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ تاکە ڕێگەی ڕزگاری گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە لەژێر ئاگردان. ئێمە لێرەوە دەبینە قەڵغانی ئەو ژنانەی کە لە ڕۆژئاوا بەم باوەڕەوە شەڕ دەکەن".

ئەنتینا مارتن دەقی ڕاگەیاندراوەکەی بە زمانی فەرەنسی خوێندەوە، بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لەپێناو سوریایەکی دیموکراتیک، دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بنێن.

سکرتێری پارتی سۆسیالیستەکانی سویسرا حەلیمە دەلیمی پشتیوانی خۆی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دووپات کردەوە.

لەسەر ناوی تۆڕی سەرهەڵدانی ئەنتەرناسیۆنالیستەکان، ئان کلاود ڕایگەیاند لە هەموو هەلومەرجێکدا شۆڕشی ڕۆژئاوا دەپارێزن.

دواتر هاوسەرۆکی کۆنسەی کوردی دیموکراتیک، دیلان چەتین کایا سڵاوی لە بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا کرد، گوتی: "دەیانەوێت دیسانەوە گەلی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بکەنەوە. لەم هێرشانەدا شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا دەکرێتە ئامانج. ئەرکی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە دەستبەجێ دژی هێرشەکان ڕێگەی گفتوگۆ و چارەسەر بدۆزێتەوە. وەک ژنانی کورد هەرگیز دەستبەرداری شۆڕشی ڕۆژئاوا نابین".

چالاکییەکەی ژنان بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.