ئابووری و لیرەی تورکیا متمانەى لە دەستداوە

بەهۆی دابەزینى بەردەوامى بەهای لیرە، لە دەرەوە لە ناوخۆى تورکیا متمانە بە ئابووری و لیرەى تورکیا نەماوە و رۆژ بە رۆژ زیاتر متمانە کەمەشى لە دەست دەدات.

هاوکات لەگەڵ قەیرانى نێوان ئەمریکا و تورکیا بەهۆی بە بارمتەگرتنى قەشە برونسۆن لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە، دابەزینى بەهای لیرەش لە رۆژەڤدایە و لەسەرەتاى ئەم هەفتەیەدا بەهای لیرە بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزی. بەهۆی ئەو قەیرانەوە بانکى ناوەندی بڕی ٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، بەڵام ئەوە دۆخەکە هێور نەکردووەتەوە و لیرە زیاتر دابەزی. ئابووریناسان ئەو قەیران بە "قەیرانى قوڵ" پێناسە دەکەن. موستەفا سۆنمەز دەڵێت، ئەو قەیرانە دەرەنجامى دۆخى گشتییە. هەروەها گارۆ پایلان پەرلەمانتارى ئامەدى هەدەپە دەڵێت، هەر وەک سەرەتاى دامەزراندنى کۆمار، ئەگەرى ئەوە هەیە سەرمایە دەست بگۆڕێت.

بانکى ناوەندى لە مێژە سەیرکەرە

موستەفا سۆنمەز ئابووریناس لەو بارەیەوە وتى "هەر چەند بانکى ناوەندى بڕی ٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاى خستە بازاڕەوە، بەڵام نەیتوانى هیچ بگۆڕێت، چونکە بانکى ناوەندى لە مێژە تەنها سەیرکەرە و دەستێوەردانى رێژەى سوو ناکات. دۆخێکى گشتى لە ئارادایە کە هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوەوە بڕوا بە خاوەن سەرمایەکان و هاووڵاتیان نابەخشێت. لەبەر ئەوەش ئەگەر بڕوا بە ئابوورییەک نەمێنێت، بڕواش بە پارە نامێنێت و لە لیرەى تورک دووردەکەونەوە".

سۆنمەز وتیشی "نەمانى متمانە بە ئابوری دەبێتە هۆی ئەوە هەموو کەس پەنا بباتە بەر دراوی بیانی. لە مێژیشە هاووڵاتییان لە لیرەى تورک دووردەکەونەوە و پەنایان بردووەتە بە دراوی بیانى و مامەڵەکردن بەو دراوە و ئێستاش ئەو دۆخە زۆر زیاتر زەق بووەتەوە. ئەوەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ناجێگیریى زیاتری ئابووری و بەرزبوونەوەى بەهای زیاتری دراوە بیانییەکان".

ئابووریناس سۆنمەز سەرنجى خستە سەر هۆکارە سیاسییەکانى ئەو قەیرانە و تى "هۆکارى سەرەکیى قەیرانەکە بۆ قەیرانى قەشە برونسۆنى ئەمریکى دەگەڕێتەوە (تورکیا قەشەیە برونسۆنی بە بارمتە گرتووە و دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکا مامەڵەى پێوە بکات)، لەبەر ئەوە ئەو دۆخە هێور نەبووەتەوە رێژەى مەترسیى لەسەر تورکیا تاوەکو دێت زیاتر دەبێت".

بەردەوامیى قەیرانەکە چارەسەر نییە

لەبارەى قوڵی و بەردەوامیى قەیرانەکەوە سۆنمەز وتى، هێشتا تورکیا پارەیەکى زۆرى تێدایە و لە تورکیا نەبراونەتە دەرەوە و ئەگەر بڕیار بدرێت ئەو پارانە لە تورکیا ببرێنە دەرەوە ئەوا سەرمایەیەکى زۆر لە دەستى تورکیا دەڕوات و قەیرانەکەش قوڵتر دەبێتەوە و هەروەها لە درەوەش هیچ پارەیەک نایەتە تورکیا و هیچ وڵاتێکیش ئامادە نییە لەو قەیرانەدا پارەى بنێرێت بۆ تورکیا.

ئەوە دەرەنجامە

ئابووریناس سۆنمەز لەبارەى پێناسەکردنى "قەیرانى قوڵ" لەلایەن هەندێک لە ئابووریناسەکانەوە بۆ ئەم قەیرانەى ئێستاى تورکیا وتى، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەى ئاستى قەیرانەکە پەیوەندیى بە باڵانس و هاوسەنگیى ئابووری و دۆخی گشتیى تورکیاوە هەیە و ئەوەشی کە ئێستا روو دەدات پەیوەندیى بە دۆخى گشتى و ئابووریى تورکیاوە هەیە.

بەڕێوەبەرانى ئابووری و سیاسی گرنتیى ئارامى نادەن

گارۆ پایلان پەرلەمانتارى ئامەدى هەدەپە لەوبارەیەوە وتى، ئابووریى تورکیا متمانەی نەماوە و بەڕێوەبەرانى سیاسی و ئابووریى تورکیا ئەو متمانەبوونە بە هاووڵاتییان نادەن. لە مێژە حساباتەکانیان لە کەمی دەدات و هەوڵ دەدەن بە قەرز کورتهێنانەکەیان پڕ بکەنەوە.

ئەردۆغان لە دوایدا تەسلیم دەبێت

پایلان  وتیشی "رژێمى کۆشک لە هەناوی رژێمێکى ملهوڕەوە دامەزراوە و بە گژی هەموو کەسێکدا دەچێتەوە. دەیەوێت سیاسەتى بارمتەگرتنى چۆن لە دژى ئەڵمانیا و فەرەنسا بەکارهێنا، بەو شێوەیەش سیاسەتى بە بارمتەگرتن لە دژى ئەمریکا بەکار بهێنێت، بەڵام من لەو بڕوایەدام ئەردۆغان بەشێوەیەک لە شێوەکان تەسلیم دەبێت و چۆک دادەدات، چونکە سەری داوێتى لە دیوارێکى رەقى هاوشێوەى دیوارە رەقەکەى خۆی".

ئەگەرى ئەوە هەیە سەرمایە دەست بگۆڕێت

ئەو پەرلەمانتارەى هەدەپە رایگەیاند "لە تورکیا هێشتا سەرمایە لە دەستى کەسانێکدایە کە ئاکەپە زۆر حەزی پێیان نییە. لەسەروبەندی دامەزراندنی کۆماردا زۆرینەى سەرمایە لە دەستى هاووڵاتییانى مەسیحیدا بوو، بەڵام کاتێک کۆمار دامەزرا بە سیاسەتى ئیتحاد و تەرەقی سەرمایە دەستى گۆڕی، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئێستاش دۆخێکى لەو شێوەیە روو بدات".

ر.م