ئاتای: ئێمە هاوپەیمانیمان لەگەڵ گەلاندا کردووە

بارش ئاتای پاڵێوراوی هەدەپە لە ڕیزبەندی یەکەمدا بۆ پەرلەمان لە هاتای وتی "هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی تێدەکۆشن، دەبێت لەگەڵ هەدەپەدا بن و پشتیوانیى لێ بکەن".

بارش ئاتای، سەرەڕای ئەوەی وەک ئەکتەرێک دەناسرێت، لەهەمان کاتیشدا بە ناسنامەی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی باشتر دەناسرێت. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیراندا پاڵێوراوی هەدەپەیە لە ریزبەندی یەکەمدا بۆ پەرلەمان لە پارێزگای هاتای.

ئاتای لەسەر هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران و کاروخەباتی خۆی بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە هاتای بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

'لە دژی تاریکی هاتمە ناو هەدەپە'

ئاتای جەختی لەوە کردەوە، تورکیا بە دەست دەسەڵاتەکەی ئێستایەوە کەوتووەتە ناو تاریکییەوە و لە دژی ئەوەش ئەو بە بەرپرسیارێتیی خۆی هەستاوە و چووەتە ناو هەدەپە و لە هەدەپە کار و تێکۆشان بەڕێوەدەبات. ئاتای دەستنیشانیشی کرد، ٢٤ی حوزەیران، هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگ بەڕێوەدەچێت و وتی "هاوپەیمانیی هەدەپە لەگەڵ ڕێکخستنەکانی چەپ، سۆسیالیست، بۆ بەجێهێنانی داواکانی گەل هاوپەیمانێتییەکی زۆر گرنگە".

'هەدەپە ناچارە بەربەستی سەدا ١٠ تێبپەڕێنێت'

ئاتای ئاماژەی بەوەش کرد، تاکە لایەنێک لە دژی فاشیزمی ئاکەپە بوەستێتەوە هەدەپەیە و وتیشی "تێپەڕاندنی بەربەستی سەدا ١٠ بۆ هەدەپە کارێکی ناچارییە. لە سایەی تێپەڕاندنى ئەو بەربەستەدا گورز لە فاشێزمی ئاکەپە دەدرێت. ئەمەش لەناو گەلی ئەنتاکیادا وەڵامێکی گەورە وەردەگرێتەوە. هەتا دوایین مەنزڵ لەناو ئەم پشتگیریەدا دەمێننەوە و باوەڕم وایە، کە بە ئەنجامێکی زۆر باش ئێمە دەنێرنە پەرلەمان".

'ئێمە کێشەکان دەکەینە ڕۆژەڤی پەرلەمان'

بارش ئاتای جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردرێت، سەرەتا پرسی کاریگەریی شەڕی سوریا لەسەر هاتای دەکاتە ڕۆژەڤی پەرلەمان. ئاماژەی بە کێشەی گەورە و قورسی ئابووریی گەلیش کرد.

ئاتای وتیشی "ئەو کاولکارییە، کە سیاسەت بەسەر سوریایدا هێنا بۆ گەلی هاتای کێشەی قورسی ئابووریی لێکەوتووەتەوە. بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بارودۆخە خراپە ئابوورییە چارەسەر بکەین، دەبێت ئێمە و گەل پێکەوە هاوکاری یەکتر بین".

بارش ئاتای کێیە؟

بارش ئاتای ساڵی ١٩٨١ لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. تا ساڵی ١٩٩٩ لە وڵاتی ئەڵمانیا ماوەتەوە و پاشان گەڕایەوە ئەنتاکیا و لەوێ نیشتەجێ بوو. ئەگەرچی ئاتای مافی خوێندنی بەشی بیۆلۆژی لە زانکۆی چوکورۆڤای بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە زۆر حەزی لە شانۆ بوو، خوێندنی خۆی بە نیوەناچڵی بەجێهێشت و بەرەو ئەستەمبوڵ بەڕێکەوت.

ئاتای لە بەشی شانۆ لە زانکۆی یەدی تەپە لە ئەستەمبوڵ خوێندنى تەواو کرد. ئاتای لە زنجیرە دراماکانی "حاجی"، "شۆهرەت" و "ئارکا سراداکیلەر" و لە فیلمەکانی "کاڤوک"، و "زنجیربۆزان" ڕۆڵی گیراوە و سەرنجێکى زۆرى بینەرانى بۆ لاى خۆى راکێشابوو.

ر.م