ئاسووری – سوریانییەکان بڕیارەکەى ئەمریکایان ئیدانە کرد

پارتى ئازادیى میزۆپۆتامیا (مۆپ - MOP) رایگەیاند "بە ناوی گەلانى ئاسووری، سوریانی و کلدانی-یەوە بڕیارەکەى دەوڵەتى ئەمریکا لە دژی پێشەنگەکانى پەکەکە بە توندی ئیدانە دەکەین".

پارتى ئازادیى میزۆپۆتامیا (مۆپ - MOP) راگەیاندراوێکى لەبارەى بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە و کەجەکە جەمیل بایک، دوران کاڵکان و موراد قەرەیلان بڵاوکردەوە و بڕیارەکەى ئەمریکای ئیدانە کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەى مۆپ دا هاتووە "بە توندی بڕیارەکە ئیدانە دەکەین و بە ڕێزرەوە سڵاو لەو شۆڕشگێڕە پێشەنگانە دەکەین، کە بۆ گەلان بوونەتە جێگای ئومێد و هیوا".

لە راگەیاندراوەکەى مۆپ دا ئەوەش هاتوە "لە سەدەی ١٦هەمەوە تاوەکو ئێستا یەکەمجارە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست و جوگرافیاى میزۆپۆتامیادا پەکەکە بۆ هەموو گەلان، باوەڕەکان، کولتورەکان، ئایین و ئایینزاکان، زمان و ژنان کە بەشێوەیەکى یەکسان بژین لە هەموو ئاستێکدا تێکۆشان دەکات، بۆیە ئەو بڕیارە لە دژی شۆڕشگێڕە بە نرخەکانى پەکەکە بە مانای دژایەتیکردنى ئیرادە و کەرامەتی گەلانى بندەستی سەر ئەم خاک و جوگرافیایە".

مۆپ راشیگەیاندووە "ئەو بڕیار و هێرشە لە هەمان کاتدا بە مانای هیرشکردنە سەر ئیرادەى نەتەوەیى ئاسووری، سوریانی، کلدانی، ئەرمەنی، رومی، مەسیحییەت و نەتەوەکانى تری رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست و جوگرافیاى میزۆپۆتامیایە".

مۆپ ئەوەشى خستووەتەڕوو "ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت بڕیار بدات، با لە دژی ئەندامان و چەتەکانى دەوڵەتى تیرۆری تورک، دواکەوتویى، نەژادپەرەستی و فاشیزم، کە لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبوونەتەوە، بڕیار دەربکات".

مۆپ لە کۆتایى راگەیاندراوەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە "ئێمە وەک پارتی ئازادیى میزۆپۆتامیا، پێشەنگەکانى پەکەکە جەمیل بایک، دوران کاڵکان و موراد قەرەیلان بە ئیرادەی خۆمان دەزانین. ئێمە لە هەموو هەلومەرجێکدا خاوەندارییان لێدەکەین. داواش لە هەموو کەسێک دەکەین لە دژی ئەو بڕیارە داکۆکی لە پێشەنگەکانى کورد بکات".

ر.م