ئالان کوردی ٦٥ پەناخوازی رزگارکرد

کەشتیى هاوکاریى ئالان کوردیى سەر بە رێکخراوی چاوی دەریا لە دەریایی سپیى ناوەڕاست ٦٥ پەناخوازی رزگارکرد. کەشتییەکە رووی لە دوورگەى لامپیدوس لە ئیتالیاکرد، بەڵام دەوڵەتى ئیتالیا سنوورەکەى بە رووی کەشتییەکە و پەناخوازەکاندا داخست.

٦٥ پەناخواز لە لیبیاوە بەرەوە لێوارەکانى رۆژئاواى ئەوروپا کەوتبوونەڕێ و ١٢ کاتژمێر لە دەریاى سپیی ناوەڕاستدا گیریانخواردبوو. لە دواى ئەو ماوەیە کەشتیى هاوکاریى ئالان کوردیی سەر بە رێکخراوی چاوی دەریا (Sea-Eye) خۆی گەیاندە پەناخوازەکان و رزگاری کردن.

کەشتییەکە دواى ئەوەى ٦٥ پەناخوازەکەى رزگارکرد رووی لە دوورگەى لامپیدوس-ی ئیتالیا کرد، بەڵام دەوڵەتى ئیتالیا ڕێگەى لە کەشتییەکە و پەناخوازەکان گرت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کەشتییەکە تەنها ١٠ لیتر ئاوی خواردنەوەى تیادا ماوە.

گۆردین ئیسلەر بەڕێوەبەرى کەشتییەکە رایگەیاند "پەناخوازان هیچ زانیارییەکیان لەبارەى گەشتکردن بە ناو دەریادا نییە و تەنانەت جی پی ئێس-یشان پێ نییە. ئەگەر ئێمە پێیان نەگەیشتینایە، ئەوا ئەو پەناخوازانە لە دەریاکەدا دەخنکان".

رێکخراوی هاوکاریى چاوی دەریا ناوەندەکەى لە شاری ریگینسبۆرگی ئەڵمانیادایە و ناوی کەشتییەکەى لە کەشتیى "پرۆفیسۆر ئالبرێخت پینک - Professor Albrecht Penck" ەوە گۆڕیووە بۆ ناوی "ئالان کوردی".

ئالان کوردی منداڵێکى خەڵکى رۆژئاواى کوردستان بوو کە لەگەڵ بنەماڵەکەى وەک پەناخواز روویان لە ئەوروپا کردبوو، بەڵام بەهۆی نقومبوونی کەشتییەکەیانەوە ئالان کوردی خنکا و تەرمەکەى لە لێوارەکانى نزیک بۆدروم لە تورکیا دۆزرایەوە و ئەوەش کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە.

 

ر.م