ئامینە کاکەباوە: بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە سەودایەکى قێزەونە

ئامینە کاکەباوە پەرلەمانتاری حیزبی چەپی سوید رایگەیاند، بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی بەڕێوەبەرانی پەکەکە ئەنجامى سیاسەتێکى قیزەونە لە نێوان ئەمریکا و تورکیادا. راشیگەیاند، بۆ ئەوەى هێرش لە دژی کورد کۆتایى پێ بێت پێویستە لە ئەوروپا کۆنفرانسی ئاشتى رێکبخرێت.

ئامینە کاکەباوە پەرلەمانتاری سوید لە پارتی چەپ بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند "من دۆخی کوردان لە ٤ پارچەى کوردستان بە تایبەتى لە باکوور و رۆژئاواى کوردستان و هەروەها بابەتى زیندانیکردنى هاوسەرۆکانى پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و پەرلەمانتارانى تر و بەڕێوەبەرانى شارەوانی، کە زیندانیکراون دەبەمە رۆژەڤى دانیشتنى پەرلەمانى سوید".

کاکەباوە ئاماژەى بە تۆمەتبارکردن بە ناوی "رێکخستنى تیرۆر" کە بۆ پەکەکە بەکاردەهێنرێت و لەبارەیەوە وتى "ئەو تۆمەتبارکردنە هیچ سوودێکى نابێت. دەوڵەتی تورک پێشتر لەگەڵ پەکەکە دانیشت و دیالۆگی لەبارەى ئاشتییەوە ئەنجامدا. چەند ساڵ لەوە پێش ئەردۆغان ئەوەى قبوڵکرد، کە پەکەکە رێکخستنێکە و دەبێت دانوستانى ئاشتیى لەگەڵ ئەنجام بدرێت، بەڵام لە دواى ئەوەى لە هەڵبژاردنى ٢٠١٥دا هەدەپە ١٣%ی دەنگەکانى بەدەستهێنا، حکومەت سەرلەنوێ شەڕی دەستپێکردەوە".

دەبێت ئۆجالان بە خێرایى ئازاد بکرێت

کاکەباوە سەرنجی خستەسەر گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و وتى "نابێت رەفتارێکى لەو جۆرە لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێت. ئۆجالان رێبەری بزووتنەوەیەکە. بە بۆچوونی من دەبێت نەک تەنها گۆشەگیری، بەڵکو دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت. ئەوەى تیرۆری دەوڵەت ئەنجام دەدات ئەردۆغانە، بەڵام ئەو ئازادە".

کاکەباوە لەبارەى بێدەنگیى وڵاتانى ئەوروپا بەرامبەر بە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان وتیشی "لەبەر ئەوەى پەکەکە بە رێکخستنى تیرۆر دەزانن، بێدەنگن. لەبەر ئەوە لە بەرامبەر پێشێلکردنى یاسا و مافەکاندا بێدەنگن. لە راستیدا دەوڵەتانى رۆژئاوا خیانەتیان لە کوردان کرد. سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى حیزبێکى یاسایى بوو. هەدەپە لە پەرلەمان نوێنەرایەتیى هەیە. ئەوە بزووتنەوەیەکى گەلە، بەڵام بۆ ئازادکردنى دەمیرتاش هیچ ناکەن".

ئامینە کاکەباوە ئەوەشى وت، دەبێت حکومەتى سوید و هەموو وڵاتانى ئەوروپا بە شێوەیەکى فەرمی داوا لە تورکیا بکەن، کە دەمیرتاش و هەدەپەییە زیندانیکراوەکان ئازاد بکات.

پێویستە سوید پشتیوانى لە سیستمى دیموکراتیکى رۆژئاوای کوردستان بکات

ئامینە کاکەباوە پەرلەمانتاری پارتى چەپی سوید لە بەردەوامیى قسەکانیدا باسی لە هەڕەشە و هێرشەکانى ئەردۆغان بۆ سەر رۆژئاوا کرد، کە زۆر روویان لە زیادبوون کردووە. حکومەتى سوید، کە خۆی بە حکومەتێکى فیمینیست دەناسێنێت دەبێت بەرگری لە سیستمى دیموکراتیکى رۆژئاوا بکات، کە ژن تیادا بەڕێوەبەرن و خاکی خۆیان لە دوژمنان دەپارێزن.

کاکەباوە ئەوەشی وت "یەکێتى ئەوروپا بۆ ئەوەى پێش لە هاتنى پەنابەران بگرێت ٣ ملیار یورۆ هاوکاریى دایە تورکیا. دەبێت ئەو هاوکارییە بۆ تورکیا رابگیرێت. لە بریى ئەوە پێویستە هاوکاریى دارایى پێشکەشی رۆژئاوا بکرێت. من لە پەرلەمانى سوید ئەوە وەک پێشنیازێک دەخەمەڕوو".

دەبێت پێگەى رۆژئاوا قبوڵ بکرێت

کاکەباوە ئاماژەى بەوەکرد، دەتوانێت پێشنیازی ئەوە بکات، کە سوید لە ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داواى بەفەرمی ناسینى رۆژئاوا بکات و لەوبارەیەوە ئەوەشی وت "ئەگەر رۆژئاوا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قبوڵ بکرێت و پێگەى پەسەند بکرێت، ئەوا ئەردۆغان و دیکتاتۆرەکانى تر ئیتر ناتوانن هێرش بکەنە سەر رۆژئاوا. کاتێک دەوڵەتى تورک هێرشی کردە سەر عەفرین، چاوەڕێ لە ئەمریکا و وڵاتانى تری رۆژئاوا دەکرا کە دژی ئەو هێرش بوەستنەوە، بەڵام هەموویان پشتیوانیان لە توورکیا کرد، کە ئەندامى ناتۆیە، بۆیە دەبێت پێگەى رۆژئاوا قبوڵ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئەو پێگەیە قبوڵ نەکرێت ئەوا هەڕەشە و هێرشەکانى ئەردۆغان لە دژی رۆژئاوا بەردەوامییان دەبێت".

"بڕیارەکەى ئەمریکا ئەنجامى سەودا و مامەڵەیەکى قێزەونە"

کاکەباوە لەبارەى بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە وتی "ئەوە ئەنجامی سەودا و مامەڵەى نێوان ئەمریکا و تورکیایە. رەنگە زۆر کەس چاوەڕێى هەڵوێستێکى لەوجۆرەی ئەمریکا نەبوو بێت، بەڵام بۆ من جێگاى سەرسوڕمان نەبوو، چونکە هەموو کات باسی ئەوەمکردووە، کە دەبێت کورد بڕوا بە ئیمپریالیست نەکات. ئێمەى گەلی کورد هەندێک سادەین. ئەمریکا و رووسیا نەک بۆ پاراستنى کوردان، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیى خۆیان لە ناوچەکەدان. بڕیارەکەى ئەمریکاش بە روونی دەرخەری ئەوەیە".

گرنگە لە ئەوروپا کۆنفرانسى ئاشتی رێکبخرێت

کاکەباوە باسی ئەوەشیکرد، بۆ ئەوەى رۆژئاوا ببێتە خاوەن پێگە و کۆتایى بە هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر کورد بهێنرێت، پارتی چەپ دەتوانێت بە بەشداریى پەرلەمانتارانى ئەوروپا کۆنفرانسى ئاشتى رێکبخات.

ئەوەشی وت "دەتوانین لەو رێگەیەوە گوشار بخەیەنە سەر سوید تاوەکو بابەتەکە بکاتە رۆژەڤی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتیى ئەوروپا. ئەگەر ژمارەیەکى زۆر پەرلەمانتار و حیزب و لایەنى سیاسی ئەو بابەتە بخەنە رۆژەڤ، ئەوە بێگومان کاریگەریى زۆرتری دەبێت".

ر.م