ئاگادارن گرتووخانەی پانتۆس بووەتە کەمپی نازییەکان؟

بورهان شک لە گرتووخانەی جۆری ئێڵی پانتۆس زیندانیی سیاسییە و لەدژی کردەوە "نامرۆیی و نایاسایی"ەکان بانگەوازێکى بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگاداربوون بڵاوکردەوە.

بورهان شک وتی: "کەستان دەنگی ئەو کەسانە دەبیستن لە گرتووخانەی جۆری ئێڵ دان؟". سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو دۆخەی ئەوانی تێدایە.

بورهان شک زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەوە نامەیەکی نارد و وتی، هەلومەرجی ژیان لە گرتووخانە وەکو کەمپی نازییەکانە.

شک وتی: "لە گرتووخانەی جۆری ئێڵی پانتۆس مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە" و بانگەوازێکى بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کردەوە نامرۆییانە بێت.

لە کەمپی نازییەکانی دەچێت

شک لە نامەکەیدا دەڵێت، بەهۆی گۆشەگیریی و دوورپەرێزکردنەوە لە دەرەوە دابڕێنراون. لە گرتووخانەی پانتۆس کردەى نایاسایی و نامرۆیی بەسەرماندا پەیڕەو دەکرێت.

شک لە نامەکەیدا ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری ١ی گرتووخانەکە ئەحمەد ئەرگیون ساڵێک لەمەوبەر هات بۆ زیندانەکە ئەشکەنجە و هەشەڕەکان دەستیانپێکرد، هەلومەرجی مرۆیی و کۆمەڵایەتی بە تەواوی هەڵگیران. دوژمنکارانە هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکات، گوشارەکانی هێندە زیاد دەکات کە بیر لە خۆکوشتن بکەینەوە، وتی: "بەهۆی ئەحمەد ئەرگیونەوە هەلومەرجی ژیان لەگۆڕێ هەڵگیراون و گرتووخانەی جۆری ئێڵی پانتۆس وەکو کەمپی نازییەکانی لێهاتووە. هیچ ئاسایشێکی ژیانمان نییە".

ناهێڵن ڕۆژنامە بێن

شک وتیشی، ئەوە ساڵێکە ناهێڵن ڕۆژنامەش بێت. ڕادیۆکانیان لێ سەندووین. بە بیانووی ئەوەی لە ژوورەکان ڕادیۆیان بینیوە سزای دیسپلین دەدرێن، زیندانییە نەخۆشەکان ناتوانن چارەسەر وەرگرن و بەرەو مردنیان دەبەن. ئەم ساڵەی دوایی ئەو کەسانەی کە چارەسەر نەکران، مردن، ئەوانەی مان دەگرن هەندێکجار دەیانبەنە بنکەی تەندروستیی زیندان. ئەوانیش دەڵێن، ڕەوانەی شوێنێکی دیکە کراون، بەڵام هیچ چارەسەریەکیان بۆ ناکرێت.

شوێن و هۆڵە هاوبەشەکان لابراون

شک وتیشی، شوێنە هاوبەشەکانیش لابراون و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەش سنووردار کراون. دەست بەسەر کەرەستە تایبەتەکانیاندا دەگرن و لەناوی دەبەن.

گوشار دەخرێتە سەر کەسووکاریش

شک وتی، هەموو ڕۆژێک هەڵدەکوتنە سەر بەندەکانیان و دەست بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیاندا دەگرن. بە گوشار و سووکایتیپێکردن وادەکەن مرۆڤ بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە و پاسەوانەکان دەڵێن "ئێمە دەزانین ئێوە خۆتان دەکوژن، خۆتان دەسوتێنن، خۆتان هەڵدەواسن و زیانی تریش بە خۆتان دەگەیەنن".

شک وتیشی، گوشار و زوڵمەکە تەنها لەسەر ئەوان نییە، کاتێک کەسووکاریان دێنە سەردانیان هەمان گوشار و سووکایەتیپێکردن لە بەرانبەر ئەوانیش دەکرێت. بەناوی پشکنینەوە لە دەرپێوە بگرە هەتا گۆرەوی لەبەریان دادەکەنن. کاتێکیش بنەماڵەکان ئەو شتە قبوڵ ناکەن هەڕەشەیان لێ دەکەن و پێیان دەڵێن ناهێڵین، بچنە ناوەوە و بە گرتنیان دەدەن.

ئاوی گەرمیش نادەن

شک لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر هەلومەرجی ژیانیان وتی، ئاوی گەرمیشمان پێ نادەن، کاتێک دەمانەوێت وێنە بگرین، ناهێڵن لە ٢-٣ کەس زیاتر پێکەوە وێنە بگرین. هیچ پیداویستییەکمان دابین ناکرێت، کاتێک دەمانەوێت شت لە فرۆشگاکەش بکڕین داواکارییەکانمان جێبەجێ ناکرێت.

دەستەیەک پاسەوان هەن چێژ لە ئەشکەنجە دەبینن

ئەو زیندانە سیاسییەی گرتووخانەی پانتۆسی جۆری ئێڵ وتی، گروپێکی زیندانوان دروست کراون، زۆر توندوتیژ، هێرشکەرن، بە ئەشکەنجەدان خۆشحاڵ دەبن، دیار نییە کەی هێرش دەکەنە سەر کوێ، کاتێک ئەو دۆخە بە بەڕێوەبەرەکان دەوترێت، دەڵێن: "ئێمەش ناتوانین کۆنترۆڵ بکەین" و بەو شێوەیە هەڕەشەیان لێ دەکرێت. شک وتی، زۆر جار بینیویانە لە ڕێڕەوەکاندا گرتووەکان بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشنە شوێنێک، سووکایەتیان پێدەکرێت، لێیان دەدەن، دەیانخەنە بەندی تاکەکەسی، کاتێکیش سکاڵا دەکەن هیچ وەڵامێکیان نادەنەوە.

شک لە کۆتاییدا وتی، بە شێوەیەکی میزاجی و بەدڵی خۆان لێپرسینەوەی دیسپلینیان بەرامبەر دەکرێت و سزا دەدرێن.

'با کۆتایی بە دۆخی نایاسایی بێت'

شک وتی: "هەنگاوی میزاجی دەسەپێنرێن. بەناوی سیاسەتەکانی چاکسازی، بە گۆشەگیریی و پەراوێزخستن ژیان سنووردار دەکرێت. یاسا و مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێن".

شک بانگەوازی بۆ ڕاگەیاندن و میدیاکان، نووسەران، ڕۆشنبیران، تەلەفزیۆنەکان، حیزبەکان و دامەزراوە ویژدانییە کۆمەڵایەتییەکان، دامەزراوە یاساییەکان کرد تاوەکو سەرنج بدەنە ئەو دۆخە و گوێیان لێ بگرن و بایەخی پێ بدەن و لە بەرامبەر بارودۆخیاندا هەستیار  هۆشیار بن.

ژ.ت