ئاگادارییەکى گرنگ بۆ دەنگدەران

ماوەى ٢ رۆژە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا دەنگدان دەستیپێکردووە. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایى هەفتەدا چوونە سەر سندوقەکانى دەنگدان زۆرتر بێت. یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکى کەجەدەکە ئەوروپا کە بەڕێوەبەرى کەمپەینى هەڵبژاردنى ئەوروپایە، چەند ئاگادارییەکى گرنگى بڵاوکردەوە.

 کۆچ رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانى داهاتوودا چوونى دەنگدەران بۆ سەر سندوقەکانى دەنگدان روو لە زیادبوون بکات و لەو بارەیەوە وتى "دەبێت دەنگدەرەکانمان بڕۆنە سەر سندوقەکان و دەبێت هەموو دەستەکانى هەڵبژاردنمان بە ئەرکى خۆیان، کە هەڵمەتى هەمەلایەنە، هەستن".

دوو پسووڵەى دەنگدان هەیە

کۆچ رایگەیاند، بەپێى ئەو زانیارییانەى لە چەند رۆژى رابردوودا بە دەستمان گەیشتوون، دەنگدەران هەندێک هەڵەیان کردووە و لەو بارەیەوە چەند ئاگادارییەکى بڵاوکردەوە.

کۆچ راشیگەیاند، لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیراندا هەم دەنگ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان دەدرێت و هەم دەنگ بۆ پاڵێوراوى ئێمە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار دەدرێت. لەبەر ئەوەش دوو پسووڵەى دەنگدان هەیە. کۆچ لەوبارەیەوە وتى "هەندیک لە دەنگدەرەکانمان تەنها دەنگ بە پاڵێوراومان سەڵاحەدین  دەمیرتاش بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار دەدەن. پسوڵەکەى ترى دەنگدان کە دەنگدانە بە پاڵێوراوانى پەرلەمان و دەبێتە دەنگ بۆ حیزب، مۆریان نەکردووە".

کۆچ ئەوەشى وت "دەبێت ٢ دەنگ بدرێت. دەنگێکیان بۆ هەڵبژاردنى پاڵێوراوامانمان بۆ پەرلەمان لەسەر لیستى دەنگدان، کە لۆگۆى هەدەپەى بەسەرەوەیە بدەن. دەنگدەر دەبێت ئەو پسووڵەیە مۆر بکات و ناوی ئەو پاڵێوراوە دیارى بکات کە دەنگدەرەکە دەیەوێت دەنگى پێدەدات. دەنگێکى تریش بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوى سەرۆکایەتیى کۆمارە و دەبێت بەشێ بەڵێ و خانەى ژێر ناوەکەى سەڵاحەدین دەمیرتاش مۆر بکەن.

کۆچ ئاماژەى بەوەشکرد، هەر جۆرە نووسراوێک لەسەر پسووڵەى دەنگدان جگە لە مۆرکردنى ئەو خانەیە، کە بۆ دەنگدان بە ناوى پاڵێوراوەکان دیاریکراوە، دەبێتە هۆى ئەوە دەنگەکە بسوتێت و دەنگەکە ئەژمار نەکرێت. دەشبێت دوو پسووڵەى دەنگدان بخەنە زەرفى دەنگدانەوە و دواتر دەبێت ئەو زەرفە کە دوو پسووڵەى دەنگدانەکەى تێکراوە، بخرێتە سندوقى دەنگدانەکەوە.

'هەر کەسێک دەنگ نەدات دەنگەکەى بۆ فاشیزم ئەژمار دەکرێت'

کۆچ سەرنجى خستە سەر گرنگیى بەشداریکردن و دەنگدان و وتى "هەر کەسێک دەنگ نەدات دەنگەکەى بۆ فاشیستەکان ئەژمار دەکرێت. فاشیستەکان لەسەر سندوقەکانى دەنگدان وەک بەرەیەک لەدژى ئێمە بوونەتە یەک. دەبێت هەموو کوردستانیان، دیموکراسیخوازان و سۆسیالیستەکان لە دژى فاشیزم و دیکتاتۆری دەنگەکەى خۆیان بەکاربهێنن، بۆ ئەوەى دەنگەکەیان لەلایەن فاشیستەکانەوە نەبرێت و دەنگەکەیان بۆ فاشیستەکان ئەژمار نەکرێت، چونکە ئەگەر دەنگ نەدەن  دەنگەکەیان دەچێت بۆ فاشیستەکان".

دوا مەکەون و دەنگەکانتان بەکار بهێنن

کۆچ باسى ئەوەشیکرد "دەنگدەران نابێت دوا بکەون و دەبێت بە خێرایى بڕۆن و دەنگەکەیان بەکار بهێنن. بۆ ئەوەش لە ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکدا پاس بۆ هەموو دەنگدەران دابینکراوە. ئەو دەنگدەرانەى دەیانەوێت دەنگ بدەن، دەتوانن بڕۆنە ناوەندى کۆمەڵگەى ئێمە لە هەموو شار و ناوچەکان و لەلایەن ئەو پاسانەوە، کە هەڤاڵانمان دابنیانکردوون دەبرێن بۆ بنکەکانى دەنگدان بۆ ئەوەى دەنگ بدەن. شوێنى دەنگدەرەکان هەر چەند دوور بێت و لە هەر شوێنێک بێت، گرنگ نییە، چونکە هەڤاڵانى ئێمە دەچن بە دوایاندا و هاوکارییان دەکەن و بە پاس دەیانبەن بۆ بنکەکانى دەنگدان بۆ ئەوەى دەنگەکانیان بەکاربهێنن. هەروەها هەڤاڵانمان لەسەر هەموو سندوقەکان و لە هەموو بنکەکانى دەنگداندان و چاودێرن و لەوێ ئەکدار و بەرپرسیارن، بۆیە هەر کاتێک کێشەیەک روویدا دەنگدەر دەتوانێت لەگەڵ هەڤاڵانى ئێمە قسە بکات بۆ ئەوەى کێشەکەى بۆ چارەسەر بکەن".

سەرچاوە: یەنى ئۆزگیور پۆلۆتیکا

ر.م