ئایا ئەڵمانیا ئامادەیە سەرکردەیەکى قاعیدە لە یەپەگە وەربگرێتەوە؟

محەمەد حەیدەر زەیمار هاووڵاتییەکى ئەڵمانییە و یەکێکە لە پلانداڕێژەرانى هێرشە تیرۆریستییەکەى ١١ی سپتەمبەری ٢٠٠١. ئەو سەرکردەیەى قاعیدە ماوەیەکە لەلایەن شەڕڤانانەوە دەستگیرکراوە و ئێستا داوایکردووە بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەڵمانیا.

محەمەد حەیدەر زەیمار هاووڵاتییەکى ئەڵمانیى بە رەچەڵەک سوریاییە. لە دواى هێرشە تیرۆریستییەکەى ١١ی سپتەمبەری ٢٠٠١ لە دژی ئەمریکا بۆ ماوەیەکى درێژ لە میدیاکانى ئەڵمانیا و جیهاندا لە رۆژەڤدا بوو. زەیمار یەکێک لە پلانداڕێژەرانى هێرشەکەی ١١ی سپتەمبەر و یەکێک لە هاوڕێ زۆر نزیکەکانى محەمەد ئەبوو عەتا پلانداڕێژەری سەرەکیی هێرشەکەى ١١ی سپتەمبەرە.

زەیمار لە باکووری سوریا لە هەڵمەتى شەڕڤانانى یەپەگە لە دژی داعش دەستگیرکرا. زەیمار رایگەیاندووە، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا.

زەیمار یەکێک لەو ٣٥ هاووڵاتییە ئەڵمانییەى ناو داعشە، کە لە دەستى یەپەگەدان. زەیمار لە زیندانەکەیەوە لەگەڵ گۆڤاری دێر شپیگڵی ئەڵمانی دا چاوپێکەوتنێکى ئەنجامداوە و لە دوایین ژمارەى ئەو گۆڤارەدا چاوپێکەوتنەکەى بڵاوکراوەتەوە.

زەیمار لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئیدعای کردووە، کەسێکى خراپ نییە و داوای لە بەرپرسانى ئەڵمانیا کردووە گرنگی بە بارودۆخی بدەن.

بەپێى بەدواداچوونی گۆڤاری دێر شپیگڵ داواکارى گشتیى فیدراڵی ئەڵمانیا لە لێکۆڵینەوەکانیدا لەسەر چەتەکانى داعش بڕیارى دەستگیرکردنى زەیماری دەرکردووە.

ئێستا چاوەڕێ دەکرێت کە بزانرێت ئاخۆ بەڕێوەبەرانی بەرلین بۆ ئەوەى زەیمار ببنەوە بۆ ئەڵمانیا و دادگایى بکەن، دەستبەکار دەبن یان نا.

محەمەد حەیدەر زەیمار کێیە؟

محەمەد زەیمار وەک محەمەد عەتا ئەندامى ژووری قاعید بوو لە هامبورگی ئەڵمانیا. لە ساڵانى ١٩٩٠ دا چووەتە ناو قاعیدە. چەندین جار سەردانى کامپەکانى راهێنانى قاعیدەى لە ئەفغانستان دا کردووە. لەو کەمپانەدا راهێنانى پێکراوە و وەک "موجاهید"ێک لە ساڵی ١٩٩٥دا بەشداریى شەڕی ناوخۆى بۆسنیای کردووە.

زەیمار پێش هێرشەکەى ١١ی سپتەمبەری ٢٠٠١ بە ناسنامەى ئەندازیاریی مەکینەوە ماوەیەک لە ئوردن، تورکیا و سوریادا ماوەتەوە. دەوترێت زەیمار یەکێک لە هاوڕێ زۆر نزیکەکانى ئوسامە بن لادنە.

زەیمار یەکێک لە گرنگترین ناوەکانى قاعیدەیە لە ئەڵمانیا و هەر دوای هێرشەکەى ١١ی سپتەمبەر ئەڵمانیای بەجێهیشت. هەواڵگریى ئەڵمانیا شوێنپێى لە شاری فاس لە مەغریب دۆزییەوە و بە هاوکاریى دەزگاى هەواڵگریى ئەمریکا (CIA) دەستگیری کرد.

بەڵام لەبەر ئەوەى زەیمار هاوکات هاووڵاتیى سوریاش بوو لە ساڵی ٢٠٠٢دا لەلایەن ئەڵمانیاوە رادەستى رژێمى سوریا کرایەوە. تاوەکو ساڵی ٢٠١٣ لە زیندانی رژێمى سوریادا بوو.

ئەو ئەندامەى پێشووی قاعیدە و ئەندامى ئێستاى داعش دواى ئازادبوونی یەکڕاست پەیوەندیى بە داعشەوە کرد. دیمەنەکانى بە ئاڵاى داعشەوە لە ماڵپەڕەکانى داعش دا بڵاوکرایەوە. چەتەکانى داعش بۆ زەیماریان نووسیبوو "سەرچاوەى شکۆ و ئیرادەمانە".

ر.م

...............

دەوڵەتی ئەلمانیا ٣٥ئەندامە داعشەکەی خۆی لەبیرکردووە

https://anfsorani.com/%DA%95%DB%86%DA%98%D8%A7%D9%86%DB%95/%D8%AF%DB%95%D9%88%DA%B5%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D8%A6%DB%95%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7-%D9%A3%D9%A5%D8%A6%DB%95%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%85%DB%95-%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D8%B4%DB%95%DA%A9%DB%95%DB%8C-%D8%AE%DB%86%DB%8C-%D9%84%DB%95%D8%A8%DB%8C%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%88%D9%88%DB%95-6655