ئۆجالان: ئەگەر چارەسەرى نەبێت شەڕی ناوخۆیى روو دەدات

ئامانج لەم نووسینەوە تەنها بیرهێنانەوەى پێشبینییەکانى ئۆجالان نییە بۆ رووداوەکان، بەڵکو پێویستە راستیى ئەو شەڕە، کە لە ٢٤ى تەمووزی ٢٠١٥ قوڵبوویەوە، بەپێى بینین و بۆچوونەکانى ئەو لێکدانەوەى بۆ بکەین.

"ئاکەپە ئەرگەنەکۆنى خۆى دروست دەکات. دەبێت لەوە تێبگەین. ئاکەپە لۆبیى قوڵی خۆى دادەمەزرێنێت. ئەوە لۆبیى شەڕە. ئەو لۆبییە بۆ شەڕى تایبەت لە ناوخۆ و لە دەرەوە، لە ناو سیستمى بیرۆکراسی، دادگا و سوپا و هەموو شوێنێکى تردا بوونیان هەیە و پشتیوانییان لێدەکرێت. ئەگەر لۆبیى شەڕى تایبەت بێتە پێشەوە، ئاکەپە ناتوانێت خۆى لەبەرانبەریاندا راگرت. لە ئێستاوە سەرنجتان دەخەمە سەر ئەو مەترسییە".

**

"من لێرە لێکۆڵینەوەم بۆ هەموو ئەزموونەکانی جیهان و شێوازەکانى ئافراندنى ئاشتى کرد و لە ئەنجامى کارەکەمدا من بۆچوونى خۆمم لەسەر بابەتەکە بە ناوی ' چۆن دەتوانرێت ئاشتى لە وڵاتى ئێمەدا بەئافرێنرێت؟' نووسی و تیایدا چۆنیەتییەکەیم دەستنیشانکرد و لەو بوارەدا من هەوڵم دا، بەڵام هەوڵەکانى من نەبینران. بە داخەوە بە نەبوو حسابیان بۆ کرا. دەوترێت ٤٠ ، ٥٠ هەزار مرۆڤ کوژراون، لە هەر دوو لاوە ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار مرۆڤ کوژراون. باشە چ ئەنجامێک لەوانە بە دەستهات؟ ناتوانرێت ئەوە بە وتنى 'تیرۆر' بخرێتەروو. ئێوە ناتوانن مرۆڤەکان بەو وتنانە بخڵەتێنن. لە شوێنێک کە ٥٠ هەزار مرۆڤ کوژرابن 'تیرۆر' نییە، بەڵکو شەڕ هەیە. ئەگەر لە وڵاتانى تر ئەوەندە مرۆڤ بکوژرانایە، ئەوا لایەنەکان لە سەر مێز دادەنیشتن و گفوگۆیان دەکرد و باسیان لەسەر رێگاکانى چارەسەری دەکرد. من نەم وت کە هەر دەبێت لەگەڵ من قسە بکەن. من ناونیشان و شێوازى جیام خستەڕوو و دەستنیشانم کردن، بەڵام ئەوەش بە نەبوو حسابى بۆ کرا".

**

"باس لە شەڕێکى ئاست مامناوەند دەکرێت. ئەوەش مەترسییەکى لەمجۆرەى هەیە: ئەگەر شەڕێکى لەو جۆرە رووبدات، ئەوە تەنها بە چیاکانەوە سنووردار نابێت و کاریگەریی گەورەش لە شارەکان دەکات. ئەگەری ئەوە هەیە خۆپیشاندان لە شارەکاندا بگۆڕدرێن بۆ ڕاپەڕین. ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر شارێکدا کۆمەڵکوژیى گەورە رووبدات. پێویستە گەلەکەمان هۆشیار بێت و بۆی ئامادە بێت. ئەگەری ئەوە هەیە توندوتیژییەکى گەورە کە خۆی دەکاتە خاوەنى شەڕەکە ڕووبدات. بەهۆی ئەو توندوتیژییەوە ژمارەیەکى زۆر گەنج، ژن، منداڵ و مرۆڤی گەلەکەمان دەکوژرێن. ئەگەری ئەوە هەیە دەوڵەت توندوتیژانە و دڵڕەقانە هێرش بکاتە سەر کوردان. گرنگ ئەوە هەر کەس تەدبیر و رێوشوێنى پێویستى خۆى بگرێتە بەر. با بۆ من هیچ نەکەن، چی دەکەن با بۆ خۆیانى بکەن. هەڕەشە و مەترسیى سڕینەوە و پاکتاوکردن بەرامبەر بە گەلەکەمان لە گۆڕێدایە، بۆ چى دەکەن دەبێت بۆ خۆتانى بکەن. نابێت بارودۆخى من لێرە بکەنە پاساو. چى دەکەن با بۆ کەرامەت و چارەنووس و مافەکانى خۆتانى بکەن".

**

"من دووبارەى دەکەمەوە؛ ئەگەر بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد رێباز و شێوازى دیموکراتیک نەگیرێتە بەر و جێبەجێ نەکرێن، ئەوا لۆبیى شەڕی تایبەت دەستبەکار دەبێت و پەیوەندى لەگەڵ هێزەکانى دەرەوە دروست دەکات و قۆناغى پیلانگێڕییەکانى دەست پێدەکات، بەڵام شۆڕشى کوردستان قوڵتر دەبێتەوە و شەڕی ناوخۆیى روودەدات و هەموو کەسیش لەوەدا زیانى پێدەگات و دەدۆڕێت. ئەوە بەلاى منەوە باش نییە. بەلاى منەوە باشتر ئەوەیە کە شۆڕشى کوردستان قوڵتر بکرێتەوە، یانى بەلاى ئێمەوە باش نییە شەڕی ناوخۆیى رووبدات. من چارەسەرکردنى کێشەکەم لەسەر بواری دیموکراتیک و بە شێواز و رێگاى ئاشتی و دیموکراتیک بە بنەما گرت، ئەوە بەلاى منەوە باش بوو".

***

ئەو نرخاندنە مێژوویانە لەسەر نووسران، نرخاندن و لێکدانەوەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کوردن.

ئەو لێکدانەوانە ٩ ساڵ پێش ئێستا خراونەتەڕوو. بێگومان کاتێک وتى 'ئاکەپە سبەى لۆبیى شەڕ دروست دەکات' کەس لەوە تێنگەیشت، کە مەبەستى چییە. ئێمە ئەنجامەکەى ئەوە لە خاپورکردنەکاندا دەبینین.

ئامانجى ئێمە لەم نوسینە بۆ ئەوە نییە کە تەنها پیشبینییەکانى ئۆجالان بخەینەوە بیرى ئێوە، بەڵکو پێویستە راستیى ئەو شەڕە، کە لە ٢٤ى تەمووزی ٢٠١٥ قوڵبوویەوە، بەپێى بینین و بۆچوونەکانى ئەو لێکدانەوەى بۆ بکەین. بە لێکدانەوەکانى ئەوەى نیشانى ئێمە دا، کە ئەم سەردەمەى ئیستا چۆن دەبێت. ئێمەى ئاگادارکردبووە و مەترسییەکەى بۆ خستبووینەروو، بەڵام ئێمە ئاگادارکردنەوەکەیمان نەبیست.

ئۆجالان یەکێک لەو کەسانەیە کە لە ئاستى گەردوونیدا زۆر باش لە ئاشتى دەزانێت و لە بەهاکەى تێگەیشتووە. بۆ ئەوەش تەمەنى خۆی بۆ تەرخانکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستاش گۆشەگیرییەکى بەدەر لە پێوەرە مرۆڤایەتییەکانی بەسەردا سەپێنراوە. لەلاى ئۆجالان ئاشتى لە شەڕ گەورەترە و چالاکییەکى ئەخلاقی و سیاسییە. بۆیە لە ساڵی ١٩٩٩دا وتى 'ئەوانەى بە باشى و بە بەهێزى شەڕ دەکەن دەتوانن بە باشی و بە بەهێزى ئاشتى بئافرێنن. ئەوانەى لە هەوڵ بۆ ئاشتیدا باش نەیەنە پێشەوە ناشتوانن لە شەڕ تێبگەن. پێویستە هەر دوو لایەن لەوە تێبگەن، کە ئەرکى پیرۆز ئەوەیە هەر دڵۆپێک خوێن بگۆڕن بۆ ئاشتى. هیچ شتێک بە ئەندازەى ئەو ئاشتییە هێژاتر نییە، کە بۆ هاتنەدیى ئازادى بێت".

ئۆجالان یەکێک لەو کەسانەیە بە باشى لە فەلسەفەى یاساکان تێگەیشتووە. ساڵی ٢٠٠٤ وتى 'من نامەوێت جارێکیتر بگەڕێمەوە بۆ چەک. دەڵێم با کەس بە ناوى منەوە نەمرێت. هۆشدارى دەدەم، دەبێت سبەی گەردەلول رووبدات' دواى ئەو وتەیە، لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گەردەلول دەستیپێکرد و تاوەکو دەچێت قورستر و دژوارتر دەبێت.

ئۆجالان ئاشتى بە کاریگەرترین رێگا دەزانێت، بۆیە لێکدانەوەى بۆ بچووکترین دەرفەتەکانیش دەکرد و بە بەردەوامى شێوازى نوێى ئافراند و لەبارەیەوە نووسیى و رێگاکەى دەستنیشانکرد. بە بەردەوامیشى هۆشداریى دەدایە حکومەت.

بە تایبەتى زۆر جار بانگى لە ئەردۆغان کرد. بۆ نمونە لە چاوپێکەوتنى ساڵی ٢٠٠٤دا وتى "بڵێن، تەیب بەگ ئێوە بارودۆخى فەلەستین و ئیسرائیل دەبینن. ئەگەر ماوەى ٦ ساڵە شەڕ رووى نەداوە ئەوە بەهۆى نزیکایەتیى بەرپرسیارانەى ئێمەوە بووە. بۆ رێزمانە بۆ وڵاتەکەمان. من لە ترسا ئەوەم نەکرد. من بۆ لێبوردن و مێبوردن ئەوەم نەکرد. ئێمە رێز لە وڵاتى خۆمان دەگرین. بۆ ئەوەیە کە رۆژانى خۆش و باش بۆ ئەم وڵاتە بهێنینە دی. من تا دوا هەناسە پارێزگاری لە دیموکراسییەکى یەکگرتووانە، بۆ مافەکانى مرۆڤ و مافى رۆشنبیریى کوردان دەکەم. پێیان بڵێن، با مانگێک لێکدانەوەى ئەنجام بدەن. ئێمە ئەو هەموو فیداکارییەمان کرد. ئەگەر دیالۆگ هەبێت، رێپێوانى دیموکراتیک مانادارتر دەبێت. ئەو مەترسییە دەکرێت نەمێنێت. نابێت شەڕ روو بدات".

ئێمە ئێستا بۆ بیرخستنەوە باس لە شیکردنەوەى ساڵی ٢٠١٠ دەکەین:

"دەبێت سەرۆک کۆمار ئەو شتانە باش ببینێت. ئەگەر لە دڵەوە چارەسەرییان دەوێت، ئەگەر جدین، پێویستە ئەو کاتە باش لێکدانەوە بۆ بابەتەکان بکەن. نا، ئێوە دەڵێن 'ئێمە پاکتاوکردن و سڕینەوە دەسەپێنین' دەبێت ئەوە بزانن کە پەکەکە باش دەزانێت کە چۆن خۆى بپارێزێت و دەتوانێت ئەو شەڕ بۆ درێژ ماوە بەردەوامى پێ بدات. بۆ ئەوەى پێش لەوە بگیرێت دەبێت ئێوە دەست بە دیالۆگ بکەن. تەنها جدی بن. ئەگەر دەتانەوێت من بە رۆڵی خۆم هەستم، دەبێت ئەم هەلومەرجانە بگۆڕن. لە هەلومەرجی دیلێتیدا ناتوانم هیچ بکەم".

لە درێژەى شیکارییەکەیدا دەڵێت "سەربارى ئەو هەلومەرجە قورسەش ئێمە هەوڵماندا ئاشتى بەرقەرار بکەین. هەوڵمان بۆ ئەوە دا، بەڵام نەبوو، نەیخواست ئەوە سەربکەوێت، بۆ ئەوەش ئێمەش نەمانتوانی، چونکە لە سەرەتاى ساڵی ٢٠١٠ەوە ئێمە دەمانەوێت شیکردنەوە بۆ ئەو بابەتە بکەین. لە راستیدا ئەو هەوڵ و کارانەى کە دەبوایە بۆ هاتنەدیى ئاشتى بکرانایە، شتێکى روون و ئاشکرا بوون. زۆر سادە و ئاسان بوون. دیسانەوە دەڵێم؛ دەتوانن بە ٢ وشە کۆتایى بە فرمێسکى چاوەکان بهێنن، ئەویش وشەکانى 'چاوپێکەوتنى ئاشتییە' کەسوکارى بێسەروشوێنکراوەکان دەتوانن ئەو ٢ وشەیە بهێنن سەر زمان و چارەسەرکردنى کێشەکەدا بەسەر حکومەتدا بسەپێنن. راوەستاندنى فرمێسکى چاوەکان بەو رادەیە ئاسانە. بە بۆنەى سەری ساڵی ٢٠١٢ەوە جارێکیتر بانگ لە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆک ئەرکانى گشتیى، ئاسایش و هەواڵگری دەکەم، کە با بۆ ئاشتى با هەموو کەس بە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانى هەستێت. ئەوە مەرجی بە دەوڵەتبوونە، ئەوە مەرجی جدی بوونى دەوڵەتە. چارەسەرکردنى ئەو کێشە زۆر قورس نییە. لەو بوارەدا ئێمە بۆچوونى خۆمان بە روونى و ئاشکرا خستووەتەڕوو. هەڵگرتنى ئەو هەنگاوانە قورس نییە، بەڵام بە داخەوە هەوڵەکانى ئێمە نەبینران".

وەک ئەوەى دەبینرێت ئۆجالان دەڵێت، وەڵامى هەوڵەکانى نەدراوەتەوە. ئەوەش  لە دەبیاتى ئەودا بە ماناى بڕیارە لەسەر قوڵکرنەوەى شەڕ. دەوڵەت بە توندوتیژى وەڵامى هەر هەنگاوێکى داوەتەوە، کە بۆ ئاشتى نراوە و هەنگاوەکانى ئاشتیى وەک "هەنگاونان بۆ دواوەوە، ترس و ناچاری" لێکدەدایەوە. لەبەر ئەوەش بەرەوپێشچوون رووی نەدا. پێش هەموو شتێکیش ناجدی بوون هەر لەو نزیکبوونەوەییەیانەوە دەرکەوت. ئەوەى هەوڵى دەدا باسی بکات، ئەوە بوو.