ئۆرهان: گۆشەگیری هێرشی گشتییە بۆ سەر کورد

موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری وانی هەدەپە رایگەیاند، گۆشەگیریى سەر ئۆجالان هێرشێکى گشتییە بۆ سەر ژیانى کوردان.

ئایلا تارهان هاوسەرۆکى دەبەپەى وان و موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری وانی هەدەپە لە دژى سیاسەتى گۆشەگیریی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد داوای تێکۆشانیان لە ژنان کرد.

ئۆرهان بە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) رایگەیاند، گۆشەگیری نە یاساییە، نە رەوایە و تاوانێکە لە دژى مرۆڤایەتی. دەشیانەوێت لە کەسایەتیى ئۆجالاندا ئەو گۆشەگیرییە بەسەر هەموو کوردان و هەموو زیندانیاندا بسەپێنن. ئەو گۆشەگیرییە هێرشێکى گشتییە بۆ سەر ژیانى کوردان.

ئۆرهان راشیگەیاند، دەبێت ئەشکەنجەى پلان بۆ دارێژراو و بەردەوام بە شێوەى روون و ئاشکرا رەتبکرێتەوە. دەبێت بەپێى یاسا گەردونییەکان و بەپێى بەها مرۆییەکان کۆتایى بە گۆشەگیری بهێنرێت. نەمانى گۆشەگیری بوار بۆ دیموکراسی و ئاشتی دەڕەخسێنێت.

گۆشەگیرى بەشێکە لە سیاسەتى سڕینەوەى کورد

ئایلا تارهان هاوسەرۆکى دەبەپەی وان لەو بارەیەوە وتی، دەبێت کارى زیاتر بکەن بۆ ئەوەى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد نەمێنێت.

ئایلا تارهان وتیشی "گۆشەگیری تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە و لە کەسایەتی بەڕێز ئۆجالان دا سیاسەتى سڕینەوە و لەناوبردنى کورد جێبەجێ دەکەن. ئێمە دەزانین ئەو سیاسەتە بەشێک لە سیاسەتى نکۆڵی و سڕینەوەى کورد. بۆیە داوا لە هەموو ژنان دەکەین بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری ڕاپەڕن".

ر.م