ئۆزسۆی: تورکیا ڕێگە و ئاراستەی خۆی گۆڕیوە

هۆشیار ئۆزسۆی، یاریدەدەری هاوسەرۆکانی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە- HDP)، سەرنجی ڕاکێشایە سەر قەیرانی نێوان تورکیا و ئەمریاکا بەهۆی S400 و وتی، تورکیا ڕێگە و ئاراستەی خۆی گۆڕیوە، ئەوە بابەتێکی جدییە.

یاریدەدەری هاوسەرۆکانی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە- HDP) هۆشیار ئۆزسۆی، سیاسەتی تورکیای لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا هەڵسەنگاند و وتی: "مەسەلەی F35 و S400 لە چوارچێوەی کۆنسێپتی شەڕی تورکیا کەوتنە ڕۆژەڤەوە".

ئۆزسۆی باسی لەوەش کرد کە وەرگرتنی S400 میکانیزمی پاراستنی ئاسایی نییە و وتی: "تورکیا دوای ئەوەی ئەو شتەی وەرگرت، دەکەوێتە ژێر چەتری ئاسایش ڕووسیا. تورکیا هاوکات وڵاتێکی ناتۆیە. لە پراکتیکدا ڕێگە و ئاراستەی تورکیا دەگۆڕێت. ئەمریکا کاردانەوەی لەدژی ئەو کردەوەیە دەبێت. بێگومان ترەمپ هەوڵ دەدات کاردانەوەکانی کەمێ: نەرم بێت، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە تەمەنەکەی کەمێکی دیکە لە ساڵێک زیاترە".

ئۆزسۆی ڕاشیگەیاند، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا چەندی جار ڕایانگەیاند کە کاردانەوەیان دەبێت و وتی: "بێگومان ناوەڕۆک شێوازەکانی کاردانەوە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، لە کۆتاییدا نایانەوێت تورکیا بە تەواوی بکەنە دژی خۆیان و نایانەوێت بە تەواوی لەدەستی بدەن. لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا ئاڵۆزیی هەیە. پێیوستی زیاتری بە تورکیا هەیە کە وڵاتێکی ناتۆیە. بەڵام ئەوەش بەو واتایە نییە کە کاردانەوەکانی نەسەپێنێت".

ئۆزسۆی لە هەمان چوارچێوەدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەڕەشەکانی تورکیا لەدژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتی: "تورکیا ژمارەیەکی زۆر چەک و سەربازی لە سنوور کۆ کردوەتەوە. قەسەدەش لەدژی هێرشێکی لەپڕ دەیەوێت بکەوێتە سەنگەرەکان. تورکیا ئەگەر هەل ببینێت هێرشی ئەو ناوچەیە دەکات. لە بابەتی S400دا دۆخێکی لەو شێوەیەش هەیە. تورکیا وێڕای هەڕەشە و گوشارەکانی، ناتوانێت ئەمریکا لە بابەتی سوریا ڕازی بکات بە پاشەکشەکردن بۆ ئەو ناوچەیەی کە دەیەوێت. بەڵام لەگەڵ سوریا ڕێککەوت و عەفرینی داگیر کرد. لەوانەیە لەگەڵ ئەسەد بە شێوەیەکی ئاشکرا دیدار بکات و لەدژی کورد زەمینەی ڕێککەوتنێک ئامادە بکات. مەسەلەی ڕۆژئاوا بە ئاسایی نابینن، وەکو مەسەلەیەکی هەڕەشەش بۆ سەر مانەوەی کۆماری تورکیا دەیبینن. پێشتریش وتبوویان کە 'ناهێڵن کوردستانێکی دووەم دروست ببێت'. دەردە سەرەکییەکەیان ئەوەیە. بەهۆی ئەوەی کە ناتوانێت ئەمریکا بهێنێتە ئاستێک کە خۆی دەیەوێت، خۆی لە ڕووسیا نزیک کردەوە و بەو شێوەیە هەوڵ دەدات ئامانجەکەی بپێکێت. بەڵام بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات نەک تەنیا ڕووسیا، دەبێت ئەمریکاش ڕازی بکات. خۆی ڕووسیا هەرێمێکی ئاسایشی ٣٠ کیلۆمەتریی قبوڵ کردووە. ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی فوراتیش جێبەجێ ببێت دەنگی لێوە نایەت. ئەمریکاش دەیەوێت کورد و تورک لە هاوسەنگییەکدا بهێڵێتەوە. هەوڵ دەدات نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیا کەم بکاتەوە".

هۆشیار ئۆزسۆی سەرنجی ڕاکێشایە سەر هێرشی گاڵتەئامێزی هاویشتنی مووشەک بۆ سەرێکانی و وتی: "ئەوە خۆی ڕووداوێکی گاڵتەئامێزە، هێندەی من لە ڕاگەیاندنەکانەوە بەدواداچوونم بۆ کرد، قەسەدە ئەو کەسەی دەستگیر کردووە. کاری لەو جۆرە هی تیمەکانی سەر بە میتە. ئێمە دەزانین جارێک قسەیەکی هاکان فیدان لە چاپەمەنییەکان بڵاو کرابوەوە وتبووی 'سێ چوار مووشەک لەو لایەکی دیکەوە داوێین'. کێشەی ئەوان ئەوەیە کە ستاتۆیەکی سەربەخۆی کورد دروست نەبێت".

ک-ش