پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە شێوەیەکی بەرفراوان لە چەولیگ خەبات دەکات. پاڵیوراوانی هەدەپە لە چەولیگ ئەرداڵ ئایدەمیر، نیهاد ئاکسۆی، شەفیقە دۆغان و ڕێکخستنی هەدەپە لە شاری چەولیگ و ناوچەکانی سۆلخان، کانی ڕەش و دارا هێنێ بە بێ وچان خەبات دەکەن. بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە لە یەشیل ڤادی لە ناوەندی چەولیگ خوانی بەربانگ ئامادە کرا. جێگری هاوسەرۆکانی دەبەپە هاجەر ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە لە چەولیگ و پاڵێوراوی ئامەد هوشیار ئۆزسۆی و بە دەیان کەسی تر بەشدارییان تێدا کرد.
لەو ئێوارە خوانەدا هوشیار ئۆزسۆی وتەیەکی پیشکەش کرد و تێیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ترسی سەرۆکی گشتیی ئاکەپە ئەردۆغان لە دەمیرتاش و وتی "بە لەناوبردنی یاسا دەمیرتاشی بە دیل گرتووە، بەڵام هێشتا لێشی دەترسێت. هەوڵ دەدات دەمیرتاش بە خراپ نیشان بدات. چاوەڕێیە دەمیرتاش لەنێو چوار دیواردا بێزار ببێت. ئەردۆغان کۆتایی پێهاتووە و هۆشی لای خۆی نییە".
ئۆزسۆی دەستنیشانی کرد، ئەو کارەی لە ٧ ی حوزەیران دەستیانپێکردووە لە ٢٤ی حوزەیراندا کۆتایی پێ دەهێنن. دەربارەی بڕینەوەی ٩ ساڵ سزای زیندانیی بۆ ئیدریس بالوکانیش، ئۆزسۆی ڕایگەیاند "ئیدریس بەگ لە زیندان دەهێنرێتە دەرەوە و درێژە بە کاری سیاسیی خۆی دەدات. بەڵام ئەردۆغان هیچ شوێنێکی لە داهاتووی تورکیادا نابێت".
دەربارەی ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ پاراستنی سندوقەکانی دەنگدان، ئۆزسۆی هۆشداری دا و بانگیشی لە گەلی چەولیگ کرد، لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕدا بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبستن لەو بارەیەوە.
ئیزمیر
لە ئیزمیریش هەدەپەییەکان و کرێکاران دانیشتن و کۆبوونەوەیان سازدا. پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پەرلەمان یالچین یانک دەستنیشانی کرد، هەدەپە حیزبی کرێکارانە و تێکۆشانی چینی کرێکاران بێ هەدەپە تێکۆشانێکی کەم و کورتە.
بەڕێوەبەران و پاڵێوراوانی هەدەپە، دەربارەی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ لەگەڵ کرێکاران لە سنووری باسمان لە ناوچەی کۆناک لە ئیزمیر کۆبوونەوە. پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئیزمیر ئەرتوغرول کوروکچوو، پاڵێوراوانی هەدەپە بۆ پەرلەمان موراد چەپنی، یالچن یانک، مەحسون کۆرکماز، گۆنول ئایگون و جەیهان ئاکای گوێیان لە کیشەی کرێکاران گرت.
ئەرتوغرول کوروکچوو دەستنیشانی کرد، تاکە ڕێکخراوێکی سیاسیی کە کرێکاران بتوانن لەڕێگەیەوە لە پەرلەماندا سیاسەت بکەن، هەدەپەیە و وتیشی "لەبەرئەوە دەبێت کرێکارانی چەپ، ڕاست و تەنانەت دینیش دەبێت لەناو ڕیزەکانی هەدەپەدا جێی خۆیان بکەنەوە".
پاشان پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پەرلەمان یالچن یانک دوا و ئاماژەی بەوە کرد، هەدەپە حیزبی هەرە جەماوەریی کرێکاران و هەموو گەلانە. یانک دەستنیشانیشی کرد، بە بێ هەدەپە تێکۆشانی چینی کرێکاران، ئازادی گەلان و دیموکراسی کەموکورت دەبێت. وتیشی "پەرلەمانتارانی هەدەپە ئەو مرۆڤانەن، کە هەمیشە لەناو گەلدان. لەبەرئەوە هەدەپە یەکێکە لە ڕێکخراوە سیاسییە هەرە گرنگەکانی تورکیا".
دواتر موراد چەپنی دوا و دەستنیشانی کرد، ئەوان بە بڕیارن کە بۆ هەموو کرێکاران تێبکۆشن.
هەدەپەییەکان ڕۆژانە سەردانی دوکانداران دەکەن و برۆشوور و بڵاوکراوە دابەش دەکەن بەسەریاندا و سەردانی رێکخراوەکانیش دەکەن.
ر.م