ئۆندەر: ئێمە لەسەر حەقین بۆیە بەهێزین

پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئەنقەرە سڕی سورەیا ئۆندەر لە میتینگی هەدەپە لە مانیسا وتارێکی پێشکەش بە گەل کرد و وتی "ئێمە لەسەر حەقین بۆیە بەهێزین".

ڕێکخستنی هەدەپە لە مانیسا و پاڵێوراوانی هەدەپە بۆ پەرلەمان سری ساکیک، حەسرەت ئاسڵان و بیرگیول ساگگۆز لە ناوچەی ساروخان بەردەوامن لە کاروخەبات بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئەنقەرە سڕی سورەیا ئۆندەر بەشدارى ئەو کاروخەباتە بوو. لە میتینگی هەدەپە لە مانیسا پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پەرلەمان سری ساکیک وتاری پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، تێکۆشانی ئەوان بۆ دادپەروەرییە و وتی "ئێمە دادپەروەریی دێنینە تورکیا".

پەرلەمانتاری ئەنقەرەی هەدەپە سڕی سورەیا ئۆندەریش وتارێکی پیشکەش کرد و رایگەیاند، مانیسا شاری دەستکەوتنى شانسە و وتی "بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەر وڵاتێک دەکرێت، بەڵام ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە مانیسا باشتر و زیاتر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوان دەکرێت. لەبەرئەوە ئێمە کاتێکی کەممان هەیە، بۆیە دەبێت سەفەربەر بین. دەبێت دەنگمان بگەیەنینە گوێی ئەوانەی کە کەڕن و نابیستن. دەبێت بە دەنگمان کارێکی وەها بکەین کە چاوە کوێرەکانیش بمانبینن و دڵە داخراوەکانیشمان بە ڕوودا بکرێنەوە. ئێمە لەسەر حەقین و مافدارین، بۆیە بەهێزین. ئەم گەلە، هاوڕێکانمان و دۆستانمان بۆ ئاشتی و ئازادی قوربانیی زۆریان داوە. دەبێت ئێمە لەم دوو هەفتەیەی دوایدا دەست بە دەست، دڵ بە دڵ و بە بێ وچان کار بکەین. لە مانیسا جۆش و خرۆشێکی وەها هەیە، کە دەکرێت ببێتە نموونە بۆ ئەگە و تەواوی وڵات. ئێمە سەرکەوتنەکەمان بۆ ئاشتی و دیموکراتی دەکەینە دیاریی هاوڕێکانمان و ڕۆلەکانمان".

ئایدن

لە ئایدن-یش لە ناوچەکانی بوهارکەنت، گەرمەنجیک و ئەفەلەر و لە چوارچێوەی کاروخەبات بۆ هەڵبژاردنەکاندا، هەدەپە سەردانی ماڵی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کرد. پاڵێوراوانی هەدەپە بۆ پەرلەمان هەریەک لە فەرهاد تونج، دۆغان ئاچیگ، سەمرا باشاران و بەهائەدین یاگارجیک، لە گەڕەکی ئومورلو لە ناوچەی ئەفەلەر لەدەوری خوانی بەربانگ لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە کۆبوونەوە.

تونج وتارێکی پیشکەش کرد و وتی "کلیلی تێپەڕاندنی قۆناغی قەیران لە دەستی ئێوە و ئێمە و هەدەپەدایە. ئێمە بە سیستمی ستەم و تاڵانی دەڵێین: ئیدی بەسە".

لە ناوچەی گەرمەنجیک، پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پەرلەمان ئایفەر دەمیرەل سەردانی ماڵانی کرد. دەمیرەل جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بەربەستی سەدا ١٠ تێدەپەڕێنن و بانگەوازیشی لە گەل کرد کە خاوەنداریی لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن.

ر.م