ئۆندەر: بەلانیکەمەوە لە مانیسا ٣ پاڵێورا سەردەکەون

هەدەپە کۆبوونەوەیەکى جەماوەریى بە بەشداریى دەیان هەزار کەس لە مانیسا بەڕێوەبرد. ئۆندەر باسى کۆبوونەوەکەى ئاکەپەى لە ئیستەنبول کرد، کە چیللەریش تیایدا بەشدار بوو و وتى، ئەمانیش وەک زۆر کەسى تر لە مێژوودا بێسەروشوێن دەبن و شوێنەوارێک لەخۆیان بەجێناهێڵن.

چەند رۆژ پێش هەڵبژاردنی ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ، رێکخستنى هەدەپە لە مانیسا کۆبوونەوەیەکى جەماوەریى گەورەى بەڕێوەبرد. کۆبوونەوەکە لە گۆڕەپانى لالە لە ناوچەى شەهزادلەر و بە ئامادەبوونى دەیان هەزار کەس بەڕێوەچوو. ئامادەبووان بە دەم گۆرانییەکانى ئیلکەر ئاککایا و هونەرمەندانى ترەوە، جۆش و خرۆشێکى زۆر گەورەیان بە کۆبوونەوەکە دابوو.

سەرەتا پاڵێوراوانى هەدەپە یەک بە یەک بۆ گەل قسەیان کرد. دواتر ئاکن بیردال یەکێک لە دامەزرێنەرانى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) داواى لە دەنگدەران کرد "دەنگێک بە هەدەپە و دەنگێک بە دەمیرتاش بدەن".

لە بەردەوامیى ئاهەنگەکەدا سڕی سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئەنقەرە لە بەردەم ئەو جەماوەرەدا رایگەیاند "ئێمە دەڵێین، ئەمجارە بە لانیکەمەوە ٣ پەرلەمانتار لە مانیسا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن. کاتێک ئەم گەلە بۆ دیموکراسی تیکۆشاوە و داواى ئاشتیى کردووە هیچى لە دەست نەداوە، چونکە بڕوای بەوە هەبووە. ئێمەش وەک هەدەپە هاوڕێیەکى ئەم نەریت و داواکارییەن و بەو بیرکردنەوەیە بۆ تێکۆشان، بەڕێز سری ساکیک بە ئێوەدەسپێرین. ئێمە دەزانین ئەومان بە شوێن و کەسانێکى باش سپاردووە. ئێوەش ئەمانەتی هەموو پاڵێوراوانى ئێمەن. ئێمە پێکەوە ئاشتی لەم وڵاتەدا دەهێنینە دی. ئەم قەیران و دوژمنایەتی و سیاسەتى نەیارانە کۆتایى پێدەهێنین".

ئۆندەر باسى کۆبوونەوەکەى ئاکەپەى کرد لە ئیستەنبول و وتى "ئاکەپە لە ئیستەنبول کۆبوونەوەیەکى بەڕێوەبرد. تانسو چیللەریش تیایدا بەشدار بوو. کاتێک لە پەرلەمان بووم، وەک ئەندامی لیژنەى لێکۆڵینەوە لەبارەى کودەتاکەوە، چووم بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەگەل چیللەر و پێم وت 'تۆ دەتوت لیستی ناوی ئەو خاوەنکار و سەرمایەدرانەم پێیە کە هاوکاریى پەکەکە دەکەن' لەم وڵاتەشدا ئەو مرۆڤانە یەک بە یەک لە بیرە تاریکەکاندا کوژران. تۆ لەمبارەیەوە چى دەڵێیت؟ مرۆڤ دەتوانێت لاسایى هەموو شتێک بکاتەوە، بەڵام فرمێسکى چاو لاسایى ناکرێتەوە. دەست و قاچى تێکەڵ بوون و پەشۆکا. وتى 'من دایکێکم. من شتى وام نەکردووە'. من ئەمڕۆ گوێم لە قسەکانى گرت کە وتى 'تورکیای پێشوو بەمجۆرە بوو و بەو جۆرە بوو' باشە لە تورکیاى پێشوودا چەند مرۆڤ لەسەر گومان لە تاریکیدا کۆکرانەوە و بێسەروشوێنکران. وەک ئەو سیاسەتمەدارانە کە ئەمڕۆ ئومێدیان پێیانە و بە دەوری خۆیاندا کۆیان کردوونەتەوە، ئەوانیش لە مێژوودا بێسەروشوێن دەبن و هیچ شوێنەوارێکیان نامێنێتەوە".   

ئۆندەر بە دروشمی "ئێمە بە بەرخۆدان سەردەکەوین" درێژەى بە قسەکانى دا.

سری ساکیک پاڵێوراوى هەدەپە لە مانیسا رایگەیاند، پێکەوە کۆمارى دیموکراتیک بونیاد دەنێن. راشیگەیاند "ئێمە لەگەڵ بەرخۆداندا هاتووین. ئێمە رێگایەک دەدۆزینەوە بۆ ئەوەى ئاشتى بگەڕێتەوە بۆ ئەم وڵاتە".

ر.م