ئۆپەراسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسیی دەوڵەتی ئەڵمانیا لە دژی کوردان
دەوڵەتی ئەڵمانیا هاوشێوهی دەوڵەتی تورکیا لە دژی ئەو کوردانەی کە خۆیان لە وهڵاتی ئەوان گرتووە، ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی ئەنجام دەدات.
دەوڵەتی ئەڵمانیا هاوشێوهی دەوڵەتی تورکیا لە دژی ئەو کوردانەی کە خۆیان لە وهڵاتی ئەوان گرتووە، ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی ئەنجام دەدات.
بە بێ هۆکار هەڵدەکوتنە سەر کۆمەڵەکانی کوردان، دەست دەگرن بەسەر کتێبە کوردییەکاندا و بڵاوکردنەوەكان له تۆڕه کۆمەڵایەتییهكان بە «تاوان» دادهنێن. فشار دەخرێتە سەر ئەو ئەڵمانییانەی کە پشتگیریی کوردان دەکەن.
دەوڵەتی ئەڵمانیای فیدڕاڵ، لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گهلی كورددا، لە بەرەی دەوڵەتی میتینگەردا جێ دهگرێت و ئەم ڕاستییەش شتێکی نوێ نییە. ئەڵمانیا کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا لەسەر بنەمای «بازرگانییەکی باش و زۆرترین هەناردە» بهڕێوهدهبات، هەر کاتێک کە دەوڵەتی تورکیا تەنگەتاو بێت، ئەڵمانیا بە هانایهوه دەچێت.
قەیرانی نێوان هەردوو وهڵات، پێش چەند مانگێک ئاشکرا بوو کە ئەو قەیرانە تەنها یارییەکی ناوخۆیی بووە. بۆ نموونە لە کاتی داگیرکردنی عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە کە تاوانی قورسی ئەنجام داوە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕای گشتیی ئەڵمانیا ناڕەزایهتیشی پیشاندا، بەڵام دەوڵەتی ئەڵمانیا بێ ناوبڕ و بە بەردەوامی چەکی بە سوپای تورکیا فرۆشت. پێش داگیرکردنی عەفرین، ئەڵمانیا ئەرکی نۆژەنکردنەوەی تانکەکانی سوپای تورکیای خستبووه ئەستۆی خۆی.
دەوڵەتی ئەڵمانیا، ئەمساڵ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو بە هاوبەشی زۆر لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان. هەروەها لە وهڵاتەکەی خۆیشیدا، هەوڵیدا ڕێ بگرێت لە خۆپیشاندانهكان و سمبولهكانی کوردانی زیاتر قەدەغە کرد. دەوڵەتی ئەڵمانیا کە هاوشێوەی دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی لەدژی کوردان ئەنجام دەدات، داخۆ لە دژی تەڤگەری ئازادیی کورد خاوەنی چ کۆنسێپتێکە و ئامانجی ڕاستەقینەی چییە؟
پاش ئەوەی کە گەلی کورد بە پێشەنگایهتیی پەکەکە لە ١٥ ی ئابی ساڵی ١٩٨٤ دەستی بە خەباتی چەکداری کرد، دەوڵەتی ئەڵمانیا بە پێشەنگایهتیی کۆنسێپتی لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی لە ئاستی نێودهوڵهتیدا ههستا. لەبەرئەوەی کە جەماوەرێکی بەهێزی کوردان لە ئەڵمانیا هەبوو كه ئهو وهڵاته یهكێكه لە بڕیاردەرە گرینگەکانی هاوپەیمانهتیی ناتۆ، ئەم ڕۆڵە به ئهڵمانیا درابوو.
کۆتایی ساڵی ١٩٨٤ و سەرەتای ساڵی ١٩٨٥، کۆنسێپتی ناتۆ «لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی» لە دژی پەکەکە بەکارهێنا. ئامانجیش لەوە ئەوەبوو کە له ئاستی نێودەوڵەتیدا پشتیوانییهكان بۆ بەرخۆدانی کوردستان لەناو ببرێت. ساڵانی هەشتاکان نەک تەنها لە ئەڵمانیا، بەڵکو لە زۆر وهڵاتی دیكهی ئەورووپا، ئۆپەراسیۆن لە دژی پەکەکە ئەنجام دران و هاوكارییهكی زۆری توركیاش كرا له ڕووی پێدانی چهك.
ساڵانی نەوەدەکان، پاش ئەوەی ئەڵمانیا بۆ کوردان گۆڕدرا بە وهڵاتێکی پەنابەری و ژمارەی پهنابهرانی کورد لەو وهڵاتە زیادی کرد، حکوومەتی هەلموت کۆل-ی ئەوکاتهی ئەڵمانیا، کەوتە گەڕان بەدوای ڕێ و ڕێبازی نوێ بۆ ئەوەی تێکۆشانی ئازادیی کوردان لە ئاستی نێونهتهوهییدا لەناوبەرێت و ئەو کوردانەی کە هاتوونەتە ئەڵمانیاش لە بەرخۆدانی کوردستان داببڕێت. دەرئەنجام دەستی بە قەدەغەکردنی کاری پەکەکە كرد. بەو شێوەیەش لە ٢٦ ی تشرینی دووهمی ١٩٩٣ قەدەغەی سەر پەکەکە لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد.
زۆر ڕێکخراو و ٢٩ کۆمەڵەی کوردان لەو کاتەدا لە ئەڵمانیا داخران. سهرهڕای ئهو فشار و تووندوتیژییانهی كران، گەلی کورد خاوەندارهتی لە ڕێکخراوەکانی خۆی کرد و پاش ماوەیەکی کەم كۆمهڵه و ڕێکخراوی دیكهیان کردنهوه.
ئۆپەراسیۆنە نوێیهكان، دووبارەکردنەوەی کۆنسێپتی پێشووە
لە بهرانبهر ڕێکخستنی بەهێزی تەڤگەری ئازادیی کورد، هەموو کاتێک کۆنسێپت و قەدەغەی نوێیان خسته رۆژەڤەوە. ساڵی ٢٠١٠ دادگهی دەستووری بنهڕهتیی ئەڵمانیا، پەکەکەی خستە نێو لیستی «ڕێکخراوه تیرۆریستییە بیانییهكان». لە ڕێگەی ئەو بڕیارەوە بە ئاسانی توانیان بە بێ پیشاندانی بهڵگه، لێپرسینەوە لەگهڵ کوردان بکەن.
بە گۆڕانكاری قانوونی کە لهنێو ڕای گشتییدا بە «یاسای ١٢٩ بی» دەناسرێت، بە دەیان سیاسەتمەداری کورد خراونەتە ژێر لێپرسینەوەوە و سزای زیندانیش بۆ زۆر لەو سیاسەتمەدارانە بڕاوەتەوە. هەریەک لە بەدرەدین کاڤاک، محەمەد دەمیر، موستەفا چەلیک، کەنعان باشتو، عەلی ئۆزەل، ئەحمەد چەلیک، عەلی خدر دۆغان، زەکی ئەرۆغلوو و موخلیس کایا بهشێكن لهو سیاسەتمەدارانهی کورد کە لە ئەڵمانیا زیندانی كراون.
لە چوارچێوەی دواین بڕیاڕی قەدەغەکردنی پەکەکە، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠١٧ لە ئەڵمانیا چوار هەزار و ٥٠٠ لێپرسینهوه لە کوردان كراوه و دۆسیەی لێپرسینەوەش بۆ ٢٤٠ كهس بە بیانووی «ئەندامهتی لە ڕێکخراوێكی تیرۆریستیی بیانیی» کراوتەوە. لە ساڵی ١٩٩٢ بە دواوە، بە بیانووی ئەوەی «بەرپرسانی پەکەکەن»، سزای قورسی زیندانیكردن بۆ نزیکەی ١٠٠ کەس بڕاوهتهوه.
هاوشێوهی «ئۆپەراسیۆنی کەجەکە» كه لە باکووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئهنجامدرا، دەوڵەتی ئەڵمانیاش بە هەمان شێوە لە دژی سیاسەتمەدارانی کورد ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی بەرفرهوان کرد.
تەنها ساڵی ٢٠١٧، لە دژی کوردان ١٣٠ لێپێچینەوە ئەنجام دراون. لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠١٧دا، لە کۆی ٢٤٠ سیاسەتمەدار و چالاکی کورد، ١٨٠ لێپێچینەوە ئەنجام دراون. مانگەکانی كانوونی دووهم و شوباتی ٢٠١٨ش ٥٠ دۆسیەی لێپرسینهوه كراوهتهوه.
فشارهكان بە گشتاندنهكهی كانوونی دووهم زیادیان کرد
تووندوتیژیی پۆلیسی ئەڵمانیا لە دژی خۆپیشاندەرانی کورد، لەچاو ساڵانی نهوهدهكان کەمی نەکرد، بەڵکو زیادی کرد. خۆڕانەگرتن لە بهرانبهر وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە بەردەوامە. وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، لە ڕۆژی ٢ی مارسی ٢٠١٧، گشتاندنێكی بۆ ههرێمهكان نارد و داوای لێکردن کە ئاڵاکانی پەیەدە، یەپەگە، یەپەژە و زۆرێک لە پارت و ڕێکخراوەکانی کوردان قەدەغە بکەن.
ڕۆژی ١١ی مارسی ٢٠١٨، ئاژانسی هەواڵی فورات ANF هەواڵێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە ڕۆژی ٢٩ ی كانوونی دووهمی ٢٠١٨، گشتاندنێكی نوێی بڵاوكردووهتهوه و بە ئارەزووی دڵی دەسەڵاتدارانی ئاکەپە، داوای له هەموو ههرێمهكانی ئەڵمانیا كردووه کە قەدەغەی سەر پەکەکە تووندتر بکەن.
پاش ناردنی ئەو بڕیارە گشتییە، ئۆپەراسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی لە ئەڵمانیا دژ بە کوردان زیادیان کرد. سەرەتا خۆپیشاندان لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین قەدەغە کران. ئەو قەدەغەکردنەش لەگەڵ قانوونهكانی ئەڵمانیا یەک ناگرێتەوە.
ئۆپەراسیۆن لە دژی کتێبی کوردی: هاوشێوەی پۆلیسەکانی ئاکەپە، پۆلیسی ئەڵمانیا لە ڕۆژی ٨ی مارسی ئەمساڵ هەڵیانکوتایه سەر هەردوو وهشانخانهی میزۆپۆتامیا و میر موڵتی میدیا و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گەڕان و پشکنینیان ئەنجامدا. دەستیان گرت بەسەر تەواوی کتێبەکانی وهشانخانهی میزۆپۆتامیا و ئەلبوومی موزیك. هەروەها دەستیان گرت بەسەر ئەرشیف و ئامێری تۆمارکەری میر موڵتی میدیا. بە هەزاران کتێب لە ٨٢٨ ناونیشان و ئەرشیفێکی ٤ هەزار و ٥٠٠ کاسێتی گۆرانی، سی دی و هارد دیسک دەستیان بەسەردا گیرا.
پەرلەمانتارێک خرایە ژێر لێپرسینهوه: ڕۆژی ١٧ ی مارسی ئەمساڵ، لە هانۆڤەر بە بەشداری دهیان ههزار کەس جەژنی نەورۆز پیرۆز کرا. بە بیانووی ئەوەی کە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بەرزکردووهتەوە، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا «دیتەر دێهم» خرایە ژێر لێپرسینهوه. ئەو پەرلەمانتارە ئەڵمانییە کە بە ناسنامەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەناسرێتهوه، ڕایگەیاند: «پێشتریش بەهۆی ئەوەی کە ئاڵای پەکەکەم بەرزکردبوویەوە، مافی حەسانەی پەرلەمانتاریم لێ وهرگیرابوویهوه. بەڵام بەو سزایانە ناتوانن من ڕابگرن. ئێستاش وێنە و پۆستەری ئۆجالان بەرز دەکەمەوە.»
لە هەمان کاتدا بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئاڵای پەکەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر، هاوسەرۆکی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە ههرێمی هامبورگ جانسوو ئۆزدەمیر لێپرسینهوهی لەگەڵدا کرابوو.
هەڵکوتانە سەر کۆمەڵەکان: کاتێک کە وەزیری دەرەوەی تورکیا مهولوود چاوشئۆغلوو لە ٦ ی مارسی ئەمساڵ بهمهبهستی بینینی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەڵمانیا، خۆی گەیانده بەرلین، پۆلیسی ئەڵمانیاش بۆ ئەوەی بەخێرهاتنی بکەن، لە شاری ئەرفورتی سەر بە ههرێمی تورینگن، هەڵیانكوتایه سەر ئهو گرووپه چەپانهی ئەڵمانیا کە پشتگیریی کوردان دەکهن. هێزەکانی پۆلیس هەڵیانكوتایه سەر ٥ ماڵ و نووسینگەیەک.
ڕۆژی ٥ ی نیسانی ئەمساڵ، هێزەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵیانكوتایه سەر ناوەندی کۆمەڵگهی دیموکراتی کورد لە شاری هانۆڤەر. ڕۆژی ١٣ی حوزەیران هەڵیانكوتایه سەر کۆمەڵەی ناڤ-دەم و نووسینگەی کۆمەڵگهی ئازاد لە بەرلین. دواین جاریش ڕۆژی ٣ ی تهمووز هێزەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵیانكوتایه سەر ناوەندی کۆمەڵگهی دیموکراتیی کورد لە شاری بیلەفێلد.
فشار لەسەر ئەڵمانییەکان: لەو ڕۆژەوەی کە دەوڵەتی تورکیا دەستی بە هێرش و داگیرکردنی عەفرین کردووە، گەلانی ئەڵمانیا پشتیوانیان لە عەفرین کردووە. تەنانەت لەو شارانەی ئەڵمانیاش کە هیچ کوردێکی لێ ناژی، خۆپیشاندان بۆ عەفرین ئەنجام دران. ئەوەش سەرنجی هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیای ڕاکێشا. پۆلیسی ههرێمی بایهرن چاودێری هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی كرد و ئهو كهسانهی كرده ئامانج کە ئاڵای یەپەگە و یەپەژە بڵاودەکەنەوە.
s.m