ئۆیا ئەرسۆی: یان دیکتاتۆریەت یان تورکیایەکی ئازاد

پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پەرلەمان ئۆیا ئەرسۆی ئاماژەی بە گرنگیی هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران کرد و وتی "پاش هەڵبژاردنەکان ئەم وڵاتە یان دیکتاتۆر بەڕێوەی دەبات یان تورکیایەکی نوێی ئازاد، یەکسان و دیموکرات دێتە ئاراوە".

پاڵێوراوی هەدەپە لە ڕیزبەندیی دووەمدا لە بازنەى دووەمی ئیستەنبوڵ ئۆیا ئەرسۆی دەستنیشانی کرد کە لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا، لەسەر ڕەوابوون یان ڕەتکردنەوەی ڕژێمی یەک کەسی دەنگ دەدرێت.

ئۆیا ئەرسۆی سێ خولی سەرۆکایەتیی هالک ئەڤلەری بوو. هەروەها بە ناسنامەی پارێزەریی و مافەکانی مرۆڤ دەناسرێت. لە ساڵە تاریکەکانی ١٩٩٠ دا ماوەی ١٠ ساڵ بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ÎHD)ی لقی ئیستەنبوڵ بوو. لە ناوەندی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵەی پارێزەرانی هەمدەم کاری کردووە. پاڵێوراوی هەدەپە لە ئیستەنبوڵ ئەرسۆی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئۆیا ئەرسۆی دەستنیشانی کرد کە وەکو هالک ئەڤلەری، بۆئەوەی ئاکەپە لە ئەستەنبوڵ قەڵس بکەن لەلایەکەوە و نوێنەرایەتی پێکهاتەی گەلی کورد لە پەرلەماندا بەدی بهێنن لەلایەکی ترەوە، بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیراندا داوای پشتگیرییان بۆ پارتێکی سیاسیی کرد، ئەو پارتەش هەدەپە بوو.

ئەرسۆی جەختیشی لەوە کردەوە، پێشتر و سەربارى پێداگرییەکان ئامادە نەبووە ببێتە پاڵێوراو، بەڵام لەم کاتەدا و بۆ بەدیهێنانی وڵاتێکی دیموکراتی بووەتە پاڵێوراو.

ئۆیا ئەرسۆی بە گوتەی "ئەم وڵاتە یان بە دیکتاتۆریی بەڕێوەدەبرێت یان تورکیایەکی نوێ دێتە ئاراوە" سەرنجی ڕاکێشایە سەر گرنگی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ و وتی "دژ بەو زیانانەی کە ئاکەپە ماوەی ١٦ ساڵە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتورییەوە لە تورکیای داوە، ئێمە دەخوازین وڵاتێکی جوان، دیموکرات، یەکسان و ئازاد پێکبهێنین".

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەرسۆی ڕایگەیاند "ئەگەر هەدەپە نەچێتە پەرلەمان، ئەوکات لە ئاکەپەوە هەتا مەهەپە، لە حیزبی ئی یى-یەوە هەتا حیزبی سەعادەت، لە حزبی دیموکراتەوە هەتا هوداپار کورسییەکانى پەرلەمان پڕدەکەنەوە و دەبنە نوێنەر و وتی "لە دۆخێکی وەهادا لە بەرەی چەپ بۆشاییەکی گەورە ڕوو دەدات".

ئاکەپە دەخوازێت دەست بەسەر پەرلەمانتاریی هەدەپەدا بگرێت

ئۆیا ئەرسۆی سەرنجی ڕاکێشایە سەر فشار و زۆردارییەکانی ئاکەپە دژ بە هەدەپە و وتی "ئەگەر هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێنەپەڕێنێت، ئەوکات نوێنەرایەتیی دیموکراتییانەی گەلی کوردیش بوونی نابێت. لایەنە چەپەکان و لایەنگرانی یەکسانی و ئازادی لە پەرلەماندا نوێنەرایەتیی ناکرێت و ٨٠ پەرلەمانتاری هەدەپەش ڕاستەوخۆ بۆ ئاکەپە دەمێنێتەوە. بۆیە ئەرکی سەر شانی هەموو هێزە دیموکراتیخوازەکانە، کە بۆ ئەوەی زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان لە ئاکەپە و مەهەپە نەبن، هەرچۆنێک بووە دەنگی خۆیان بدەن بە هەدەپە".

"ئەمە سەرەتایەکە بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی ئازاد و یەکسان"

ئەرسۆی ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا دوو ڕێگە لەبەردەم گەلانی تورکیادا هەن و وتی "یان ئەوەتا ئێمە لەناو دیکتاتۆریەتدا دەژین کە ماف و حقوقی ئێمە بوونی نابێت و هەموو بڕیارەکان لەلایەن یەک تاکە کەسەوە دەدرێن، یان ئەوەتا ئێمە لە وڵاتێکی دیموکراتیدا دەژین کە هەموو کەسێک تێیدا ئازاد و یەکسانە".

وتیشی "ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ تێکۆشانی ئێمە لە شەقامەکان و کۆڵانەکان، دەرفەتێکە بۆ پێشگرتن لە دیکتاتۆریەت. لەبەرئەوە بانگەوازی هەموو کەس دەکەین، بۆ ئەوەی دیکتاتۆریەت نەبێتە ڕژێمێکی دەستووری بنەڕەتیی و رێگە لەو داڕمانە بگرین، کە ئاکەپە رێگاى بۆ خۆشکردووە، پێویستە ئێمە خەباتی هاوبەش بەڕێوەبەرین. بێهیوایی شوێنی نییە. لەم وڵاتەدا تێکۆشان لە دژی فاشیزم زۆر بەهێزە و ئاسان نییە تێکۆشینی دیموکراتیی بخنکێنرێت. بۆیە سندوقەکانی دەنگدان دەرفەتێکی گرنگە. ئەمە سەرەتایەکە بۆ بەدیهێنانی وڵاتێکی دیموکراتیی، یەکسان، ئازاد و لائیک".

ر.م