ئیدانەکردنی گۆشەگیری و ئەمریکا لە ئەڵمانیا بەردەوامیى هەیە

لە شارەکانى بەرلین و شتوتگارت و هامبورگ چالاکییەکان بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە و کەجەکە، جەمیل بایک، دوران کاڵکان و موراد قەرەیلان بەردەوامیى هەیە.

بەرلین – ئەڵمانیا

چالاکییەکەى بەرلین بە بەشداریى ئەنجوومەنى (DEST DAN)ی ژنان، ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە بەرلین (ناڤدەم)، پەیەدە لە بەرلین، کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (HDK) لە بەرلین، ناوەندی یەکێتیى کۆمەڵە و رێکخراوەکانى ئێزدی (ناڤ یەک ،NAV-YEK)، ئەنجوومەنى ژنانی (ESEDA)ی ئێزدی، گەنجانى شۆڕشگێڕ، دەستپێشخەریى ئازادیى دێرسیم، کۆمەڵگەى ئیسلامیى کوردستان (جیک - CÎK) بەڕێوەچوو و تیایدا هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر رۆژئاوا و بڕیارەکەى ئەمریکا ئیدانە کران.

 

لە چالاکییەکەدا پۆستەرێکى گەورە کە وێنەکانی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە و کەجەکە، جەمیل بایک، دوران کاڵکان و موراد قەرەیلان لەسەر بوو بەرزکرایەوە و بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژیان ئیدانە کرا.

شتوتگارت – ئەڵمانیا

بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە و کەجەکە لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا چالاکییەکى تر لەسەر داواى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد رێکخرا.

سەدان کەس بەشداریى چالاکییەکەیان کرد. بەشێک لە چالاکییەکە رێپێوان بوو و لە ریپێوانەکدا پۆستەرەکانى ئۆجالان بەرزکرانەوە و دروشمی دڵسۆزی بۆ ئۆجالان وترانەوە و قەدەغەکاریى سەر پەکەکەشیان ئیدانە کرد.

 رێپێوانەکە نزیکەى ٥ کیلۆمەتر بەردەوامیى هەبوو و لە رێپێوانەکەدا بە بەردەوامى دروشمی "بکوژ ئەردۆغان" دەوترایەوە.

گروپێک چەپ بە ناوی "لیلۆ هێرمان هاوس، هاوکاریى یەکەمی ئانتى فاشیستەکان" پشتیوانیان لە چالاکییەکە و رێپێوانەکە کرد.

هامبورگ – ئەڵمانیا

هەروەها لە شاری هامبورگ رێپێوانێک لە بەردەم بینای پەرلەمانی ئەو ئەیالەتەوە دەستیپێکرد و تاوەکو بەردەم بینای کۆنسوڵخانەى ئەمریکا بەردەوامیى هەبوو.

 

کوردانى شارەکانى برێمن و کیل-یش بەشداریى رێپێوانەکەیان کرد. لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانى دڵسۆزی بۆ ئۆجالان و پەکەکە وترانەوە، گۆشەگیری، بڕیارەکەى ئەمریکا و هێرشەکانى دەوڵەتى تورک-یش ئیدانە کران.

ر.م