ئیلهام ئەحمەد: دەبێت باکوری سوریا بکرێتە ناوچەی دژەفڕین

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە- MSD) لە چاوپێکەوتن لەگەڵ سوێدییەکان ئەوەی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی پێش بە جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک بگیرێت، دەبێت باکوری سوریا بکرێتە ناوچەی دژەفڕین.

هاوسەرۆکی مەسەدە ئیلهام ئەحمەد لە سوێد لەگەڵ بەرپرسانی سوێد و حزبە سیاسییەکان کۆبوەوە.

ئەحمەد ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ نوێنەرایەتی ٧ لایەنی سیاسی دانیشت کە لە پەرلەماندا فراکسیۆنیان هەیە.

ئیلهام لەگەڵ نوێنەرانی حزبە سیاسییەکان دانیشت و ڕایگەیاند، "گەلەکەمان دەزانێت ئەمریکا و هێزە نێونەتەوەییەکانی لە پشتەوە خەنجەریان لێدان. هیچ بەڵێنێکیان بۆ ئێمە جێبەجێ نەکرد. ئەگەر ئاگربەستێک بکرێت و ڕێگە بدات تورکیا لەو شوێنانەدا بمێنێتەوە کە هاتوەتە ناوی، ئەوە قەبوڵ ناکرێت."

ئەحمەد، دوای نیوەڕۆ لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوە ئان لیندە و وەزیری بەرگری پیتەر هۆلتقڤیست دانیشت. ئیلهام لەبارەی داگیرکەریی تورک زانیاری دایە هۆلتقڤیست و هەورەها ڕاشیگەیاند کە لە سەرێ کانی و گرێ سپی شەڕ هەیە، نزیکەی ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی شوێن و ماڵی خۆیان بەجێ هێشتووە.

ئامانجی تورکیا ئەوەیە داعشەکان ئازاد بکرێن

ئەحمەد سەرنجی ڕاکێشایە سەر مەترسی داعش کە بە هێرشە داگیرکەرییەکانی تورک دەستیپێکردووە و وتی، ئامانجی دەوڵەتی تورک ئەوەیە چەتەکانی داعش ڕزگار بکات و بەردەوام بوو "سەدان داعش سوودیان لە بۆمبارانەکە وەرگرت و هەلەکەیان قۆستەوە و لە گرتووخانەکان هەڵاتن. ئەوە بۆ ناوچەکە و جیهان مەترسییەکی گەورەیە."

هولتقڤیست: هەتا کۆتایی لەگەڵتانین

هولتقڤیست وتی، حکومەتی سوێد و گەلی سوێد لەپشت کوردە، یارمەتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا دەدەن و بەردەوام بوو: "لە دڵەوە هەتا کۆتایی لەگەڵتانین، وەکو وەزیری بەرگری بەڕوونی ڕایدەگەیەنم لەگەڵ ئێوە داین. ناتۆ هەفتەیەکی دیکە کۆ دەبێتەوە، بەڵام ئێمە ناتوانین بوەستین. لە ڕۆژئاوا قەیرانێکی مرۆیی هەیە. مەترسی لەسەر گەل هەیە و پێویستە ئێمە پێشی بگرین. چیمان لەدەست بێت دەیکەین، هاوکاری مرۆیی و هتد. لەسەر گوشاری ئابووری و وەستاندنی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ وەزیری دەرەوە دانیشتم و تاوتوێی دەکەین".

ئەحمەد لەگەڵ ئان لیندە، وەزیری کاروباری دەرەوەش دانیشتن، بەهۆی ئەوەی کە سوێد بڕیاری دا کە ئیتر چەک بە تورکیا نافرۆشێت، بابەتەکە دەبەنە یەکێتی ئەوروپا هەمان شتیش هەموو وڵاتانی ئەوروپا بە دڵخۆشیەیوە ڕایانگەیاند.

ئەحمەد داوای لە لیندە کرد، باکوری سوریا بکرێتە ناوچەی دژەفڕین، پێویستە یەکێتی ئەوروپا هەوڵ بدات.

لیندە: داگیرکردنی تورکیا لەدژی پەیمانە نێونەتەوەییەکانە

لیندە وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەکو "داگیرکاریی" ناوی دەنێت و وتی "هێرشەکانی تورکیا ڕێگە بۆ قەیرانە مرۆییەکان خۆش دەکات، چەتەکانی داعش دەکەنە بەڵا بەسەر جیهانەوە.

لیندە هەروەها وتیشی: داگیرکەریی تورکیا لەدژی پەیمانە نێونەتەوەییەکانە، ئارامی هەرێمەکە تێکدەدات و ڕێگە لەبەردەم تراژیدیای مرۆیی دکاتەوە.

لیندە هەورەها وتیشی، بۆ ئەوەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناوچەی دژەفرین ڕابگەیەندرێت، بۆ ئەوەی هێزەکانی ناتۆ جێگیر بکرێن، بۆ ئەوەی داگیرکاریی بوەستێندرێت زۆر ڕۆژەڤ هەن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەن.

ک-ش