ئێشکگرانى ئەم هەفتەیەی ئازادى بۆ ئۆجالان لە شاری درانسیى فەرەنساوە هاتوون

ئێشکگرتنى ئەم هەفتەیە بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لەلایەن دەستەیەک لە وڵاتپارێزانى شارى درانسیى فەرەنساوە بەڕێوەدەچێت.

چالاکیى ئێشکگرتنی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە ٢٥ى حوزەیرانی ٢٠١٢ / ٥ی پووشپەڕ بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا و لە بەردەم بینای ئەنجوومەنى ئەوروپا دەستیپێکردووە. چالاکییەکە ئێستا لە هەفتەى ٣٢٥هەمیندایە. ئەم هەفتەیە کوردانى وڵاتپارێز لەشاری درانسیى فەرەنساوە هاتوون بۆ ئێشکگرتنەکە.

ئێشگرانی هەفتەى پێشوو دەستەیەک لە گەنجانى کورد بوون، کە لە شاری پاریسەوە هاتبوون. ئەم هەفتەیەش ئێشکگرتنەکە لەلایەن موستەفا گیونەش، ئۆزگیور چەکیچ و فازل تۆپلایجی بەڕێوەدەچێت کە لە شاری درانسیى فەرانساوە هاتوون.

ئەو دەستە وڵاتپارێزەى شارى درانسی باسی ئەوەیانکرد، دوایین جار ٢ ساڵ لەوە پێش بوو کە رێگا درا محەمەد ئۆجالان چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجام بدات. دۆخەکە لە ناو گەلدا بووەتە هۆى نیگەرانی و تاوەکو دێت ئەو نیگەرانییە زیاتر دەبێت.

چالاکوانەکان راشیانگەیاند، تاوەکو ئێستا لە هیچ شوێنێکى دونیادا گۆشەگیرییەکى لەو شێوەیە کە بەسەر ئۆجالاندا سەپێنراوە بەسەر کەسی تردا نەسەپێنراوە و بوونی نەبووە، بۆیە پێویستە رێبەری گەلێک لەو بارودۆخەدا نەبێت.

ئەو چالاکوانانە ئەوەشیان وت "گەرچی بە شێوەى جەستەیى رێبەرى ئێمەیان دیلکردووە، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئیرادە و فیکر و رامانی دیل بکەن. گەلی کورد لەسەر هێڵی ئۆجالان درێژە بە تێکۆشانەکەى دەدات. دەبێت سەردانى ئەنجوومەنى ئەوروپا و رێکخرای پێشگرتن لە ئەشکەنجە (CPT) و رێکخراوە پەیوەندیدارە نێونەتەوەییەکانى تر بکرێت بۆ ئەوەى لە دژى ئەو گۆشەگیرییە بێدەنگ نەبن".

ر.م