ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە بۆ ئازادیی ئۆجالان لە رێنی فەرەنساوە هاتوون

چالاکیى ئێشکگرتن بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە بەردەم بینای ئەنجوومەنى ئەوروپا بەردەوامە. ئێشکگرانى ئەم هەفتەیە ٥ کەسن و لە شاری رێنی فەرەنساوە هاتوون بۆ ئەنجامدانى چالاکییەکە.

چالاکیى ئێشکگرتن بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ماوەی ٣٢٩ هەفتەیە بەردەوامە.

ئێشکگرانى ئەم هەفتەیەى لە ٥ کەس بە ناوەکانی گازی کاراکۆچ، شێخموس ئامەد، ئادەم چەتین کایا، حەسەن خنس و موراد خنس پێکهاتوون. ئەو چالاکوانانە لە شاری رێنی فەرەنساوە هاتوون بۆ ئەنجامدانی چالاکیى ئێشکگرتن بۆ ئازادیى ئۆجالان.

دوێنێ لە چالاکییەکەدا سەدان راگەیاندراو لەسەر دۆخی ئۆجالان و ژیان و ئاسایش و تەندروستی و گۆشەگیردنی ئۆجالان و ئیدانەکردنى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى بەسەر هاووڵاتییانى سنووری چالاکییەکەدا بڵاوکرایەوە.

'ئەشکەنجەکردنى رێبەرەکەمان قبوڵ ناکەین'

چالاکوانەکان لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنى ئەوروپا چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و سەرنجیان خستە سەر گۆشەگیریى قورس لەسەر ئۆجالان، کە ماوەی ٢٠ ساڵە بەردەوامە و لە ماوەی ٢ ساڵی دوایشدا کۆشەگیرییەکە زۆر قورستر و دژوارتر کراوە.

چالاکوانەکان داوایان لە ئەندامانى ئەنجوومەنى ئەوروپا کرد، ئەو ئەشکەنجە پلان بۆ داڕێژراو و سیستماتیکە ببین و لێى بێدەنگ نەبن، چونکە "بە هیچ شێوەیەک ئێمە ئەو ئەشکەنجەیە قبوڵ ناکەین".

چالاکوانەکان بە توندی رەخنەیان لەو زوڵمە کرد کە لە ئۆجالان و گەلی کورد دەکرێت و وتیان، بەپێى بنەما دیموکراسییەکان و بۆ رێزگرتن لە دیموکراسی دەبێت خاوەنداری لە گەلی کورد بکرێت.

دوێنێش لە چالاکییەکەدا لە دژی پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەم چالاکییەکى تر ئەنجامدرا و لەو چالاکییەدا بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) بە توندی ئیدانە کرا.

ر.م