ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە ژنانی کوردن

ئێشکگرانی ئەم هەفتەیەی چالاکیی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' ژنانی کوردی نیشتەجێی ئەوروپان.

ئێشکگریی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' کە لەبەردەم ئەنجوومەنی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا ماوەی ٣٧٩ هەفتەیە بەردەوامە. ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە سێ ژنی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە – ئەوروپا /  TJK-E)ن، کە لە سویسراوە چوون و بەشداریی چالاکییەکە بوون.

چالاکوانانی ئەم هەفتەیە سەعادەت کووران، موزەیەن ئۆراڵ و خەزاڵ محەمەدۆڤا لە یەکشەممەوە ئێشکگرن.

بەناوی گرووپەکەوە لێدوانێک درا و ئاماژە بەوە کرا، ئەوان بەناوی ژنانی سویسرا بەشداری ئەو چالاکییەیان کردووە. لە لێدوانەکەدا بایەخی خاوەنداریکردن لە چالاکیی ئێشکگریی ئازادیان بەبیرخستەوە و داوایان لە کوردانی ئەوروپا کرد، کە بەشداریی چالاکییەکە ببن.

لە لێدوانەکەدا ئەوەش هاتووە، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان لە کوردستان قبوڵ ناکەن و بەرخۆدانی گەل دەیباتەوە.

چالاکوانان ڕایانگەیاند، لەگەڵ پاراستن و داکۆکی لە ئازادیی ئۆجالان ژنانیش لە دژی فاشیزمی دەوڵەتی تورک پێشەنگایەتیی تێکۆشان دەکەن و ڕاگەیاندرا "دەبێت ژنان بە شێوەیەکی بەهێز لە هەموو زەمینەیەکدا خەبات بکەن. ئەوانەی کە ڕۆڵەکانیان شەهید بوون لە هەموو کەسێک زیاتر بە ئازارن. دۆخی ڕێبەرایەتی لە هەموو کەسێک زیاتر کاریگەریی بەسەر ژنەوە هەیە. لەبەر ئەوە ڕۆلی ژنان لە هەموو زەمینەیەکدا بەرفراوانتر دەبێت".

چالاکیی 'ئێشکگری بۆ ئازادیی ئۆجالان' لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢/٥ی پووشپەڕەوە بێ وەستان تاوەکو ئێستا بەردەوامە. لانیکەم مانگی جارێک ژنانی پێکهاتەکانی (تەژەکە – ئەوروپا / TJK-E) بەشداریی چالاکییەکە دەبن.

ژ.ت