ئێشکگرانی هەفتەی ٣٠٩هەمین لە ساربروکنەوە هاتوون

ئێشکگری بۆ 'ئازادیی ئۆجالان'، ئەم هەفتەیە لەلایەن دەستەیەکی نوێی ٤ کەسییەوە بەڕیوەدەچێت، کە دانیشتووی شاری ساربروکنی وڵاتی ئەڵمانیان

چالاکی ئێشکگرتن کە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبەردەم بارەگای ئەنجوومەنی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و چالاکییەکە ماوەی ٣٠٩ هەفتەیە، کە بە بەردەوامی بەڕێوەدەچێت. هەر هەفتەیەک کۆمەڵێک لە وڵاتپارێزانی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئەوروپاوە ئێشکگرییەکە ئەنجام دەدەن.

لە رۆژی یەکشەمەوە ٤ وڵاتپارێز لە شاری ساربروکنی وڵاتی ئەڵمانیاوە لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی وڵاتی فەرەنسا ئێشکگری دەکەن. ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە وڵاتپارێزان مەحمود ئاگرمان، عیسا موستەفا، ئەمروڵا ئۆزدەمیر و ییلماز'ن.

ڕۆژانە زانیاری بە سەدان کەس دەدرێت

لە چالاکی ئێشکگرتنەکەدا ڕۆژانە زانیاری دەدرێت بە سەدان کەس لە پەرلەمانتاران، کارمەندان و چالاکانی ڕێکخراوە ئەوروپییەکان. چالاکییەکە سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی، کە سەردانی پارکی ئۆرانجەری دەکەن بۆ خۆی ڕادەکێشێت.

چالاکوانانی ئەم هەفتەیە دانیشتووی شاری ساربروکنن، ڕۆژانە لە گزنگی بەیانییەوە دەست بە بڵاوکردنەوەی برۆشووری زانیاری دەکەن و لەگەڵ ڕێبواران و گەشتیاراندا قسەوباس دەکەن. چالاکیی ئێشکگرتن کە پێشتر و بە هەمان شێوە بۆ سەرکردەی ئەفریقای باشوور نیلسۆن ماندێلا بەڕێوەدەچوو، ماوەی ٦ ساڵە بەشێوەیەکی بەردەوامە و بێ پسانەوە بۆ ئازادیی ئۆجالان بەردەوامە.

بەرخۆدانمان تاوەکو ئازادیى ئۆجالان و گەلەکەمان بەردەوام دەبێت

بەناوی ئەو چوار وڵاتپارێزەی شاری ساربروکنی ئەڵمانیاوە وتار پێشکەش کرا و تێیدا دەستنیشان کرا، کە بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامیی بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن. ئەو چالاکوانانە سەرنجیان ڕاکێشایە سەر گرنگیی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و وتیان "بەرخۆدانمان بۆ ئازادی ئەو تا کۆتایی بەردەوام دەبێت. ئەم تێکۆشانە تێکۆشانی ئازادی و مرۆڤایەتییە. ئێمە بەڵێن بە شەهیدان و ڕێبەر ئاپۆ دەدەین، کە هەتا ئەو و گەلەکەمان ئازاد نەبن، ئێمە بەردەوامیی بە بەرخۆدانی خۆمان دەدەین".

ئێشکگرتنی ئازادیی لە ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٢ / ٥ى پووشپەڕ تا ئێستا بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بێ پسانەوە بەڕێوەدەچێت.

ر.م