ئێشکگرتنی ئازادی بۆ ئۆجالان لەلایەن کوردانی ستراسبۆرگەوە دەگیرێت

چالاکیی ئێشکگرتن بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکرد و بەوەش ئەو چالاکییەکە کەوتە نێو هەفتەی ٣٢٠هەمینیەوە.

چالاکیی ئێشکگرتن بە ناوی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' لە ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٢ەوە لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا دەستیپێکرد و هەر هەفتەیەک لەلایەن گروپ و کۆمەڵەیەکەوە ئەو ئێشکگرتنە دەگیرێت. نۆبەتی ئەم هەفتەیەش لەلایەن نیشتیمانپەروەرانی کوردەوە لە شاری سترابۆرگی فەرەنسا، دەگیرێت.

ئەو چالاکییە لە دژی شەرت و مەرجەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیریی ٢٠ ساڵەی سەری دەستیپێکرد، هەفتەی ڕابردوو گروپێک کە لە ١٠ کەس پێکدەهاتن و لە وڵاتی ئەڵمانیاوە هاتبوون، ئەو نۆبەتەیان گرت. پاش ئەوانیش لە ڕۆژی یەکشەممەوە نۆبەتی ئەم هەفتەیە لەلایەن کوردانی دانیشتووی شاری ستراسبۆرگی فەرەنساوە دەگیرێت.

بە گوێرەی زانیاریەکانی کۆمیتەی ئامادەکاریی چالاکی ئێشکگرتنی بە نۆبەت، چالاکوانانی شاری ستراسبۆرگ لە یەکشەممەوە دەستیان بە ئێشکگرتن کردووە و هەتا ڕۆژی یەکشەممەش بەردەوام دەبن لە چالاکییەکە. ئەو نیشتیمانپەروەرانە، لەو ناوچەیەی ستراسبۆرگ کە زۆرترین ڕێژەی گەشتیاری لێیە، سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و لەگەڵ زۆرترین کەسدا باسی گۆشەگیریی سەختی سەر ئۆجالان دەکەن.

ماوەی ٣٢٠ هەفتەیە، نزیکەی دوو هەزار کەس لە وڵاتانی ئەوروپاوە، بەشداری چالاکی بە نۆبەتی 'ئێشکگرتن بۆ ئازادی ئۆجالان'یان کردووە.

ر.م