ئێشکگری بۆ ئازادیی ئۆجالان لە بەردەم ئەنجوومەنى ئەوروپا ٧ ساڵی تێپەڕاند

ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان"، کە درێژخایەنترین چالاکیی بەردەوامی گەلی کورد و جیهانە، پێی نایە ساڵی هەشتەمەوە. چالاکییەکە لەلایەن دەستەیە جۆراجۆرەکان لە چالاکوانان لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپاوە ٢ هەزار و ٥٥٦ رۆژە بێ ناوبڕ بەردەوامە.

ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ / ٥ی پووشپەڕەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا لە گۆڕەپانێکی بەردەم بینای ئەنجوومەنی ئەوروپا،  کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجە (سی پی تی - CPT) و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) دەستیپێکردووە. ئەو چالاکییە بە درێژخایەنترین چالاکی بێ ناوبڕی گەلی کورد و جیهان دەژمێردرێت و پێی نایە ساڵی هەشتەمەوە.

خاوەنی بیرۆکەی ئەو چالاکییە ئەسا موسایە کە لە ئەفریقای باشوور لەگەڵ ماندێلا لە دژی رژێمی ئاپارتایدی نەژادپەرستی تێدەکۆشا. هەروەها موسا پارێزەیری ماندێلاش بوو.

هەموو هەفتەیەک دەستەیەکی نوێ لە وڵاتێکی جیاوازیی ئەوروپییەوە ئێشکگرییەکە وەردەگرێت. وێڕای ساردی، سەرما، گەرما و باران، هەموو رۆژێک داواکاری بۆ ئازادیی ئۆجالان باس دەکەن. ئێشکگرەکان هەموو رۆژێک لە کاتژمێر ٧:٣٠ سەرلەبەیانی دەست بە چالاکی دەکەن هەتا کاتژمێر ٤:٣٠ پاش نیوەڕۆ، لەبارەی ئۆجالانەوە بڵاوکراوە بڵاودەکەنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن.

وێڕای نوێنەری رێکخراوە کوردییەکانی ئەوروپا، هەروەها مانگی جارێک لە نوێنەرانی پێکهاتەکانی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا / TJK-E) دەبنە ئێشکگر. ژنان، گەنجان، دایکان و کەسوکاری شەهیدان، نوێنەری رێکخراوە کوردییەکان، میدیاکاران و هونەرمەندانیش بەشداری لەو چالاکییەدا دەکەن.

"تا ئۆجالان ئازاد دەبێت، ئێشکگرییەکەمان بەردەوام دەبێت"

یەکێک لە ئامادەکارەکانی چالاکییەکە بەناوی مونزر ئەمەکچی کە سێ ساڵ بەشداری ئامادەکارییەکە بوو، لە ساڵی ٢٠١٦ گیانی لەدەست دا. لە ٣٠ ئاداری ٢٠١٥ / ١٠ی نەورۆز (خاکەلێوە) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کردبوو و وتبووی: "ئێمە بە ناوی کۆمیتەی ئامادەکارەوە هەتا ئازادیی بەڕێز ئۆجالان چالاکیی ئێشکگرییەکەمان بە پشتیوانیى گەلەکەمان درێژەی پێدەدەین".

کەسێک بەناوی زولفۆ بینگۆل، ساڵ و نیوێکە لەناو کۆمیتەی چالاکییەکەدایە. بینگۆل رایگەیاند، چالاکییەکە ٧ ساڵی تێپەڕاندووە و هەتا ئازادیی ئۆجالان لە چالاکییەکە بەردەوام دەبن.

بینگۆل ئەوەشی راگەیاند، ئۆجالان گەلێکی لە نەمان و لەوناوچوون هۆشیار کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەلانەی خاوەنداری لە سەرکردەی خۆیان نەکەن، ناتوانن خاوەنداری لە دواڕۆژی خۆشیان بکەن. بینگۆل وتیشی: "بۆیە ئەو چالاکییە، چالاکیی گەلێکە بۆ خاوەندارییکردن لە پاشەڕۆژی خۆی".

بینگۆل راشیگەیاند، بەو ئێشکگرییە مێژووی دواڕۆژی خۆیان دەنووسنەوە و وتی: "منداڵەکانمان، نەوەکانمان کاتێک سەیری ئەو چالاکییە دەکەن، بەو تێکۆشان و چالاکییەیەمان لە چوارپارچەی کوردستان و هەموو شوێنێکی جیهان دا سەربەرز دەبن".

چالاکوانان لە ماوەی ٧ ساڵدا خۆیان گەیاندە زۆر کەس لە وڵاتە جیاوازەکان و باسی کورد و تێکۆشانی کوردیان بۆ کردن. هەم پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپی و هەمیش سیاسەتمەدارانی جیاواز سەردانی چالاکوانانیان کرد.

بەرخودانی درێژخایەن و حەماسەکەی

مەحمود شاکار یەکێک لە پارێزەرانی پێشووی ئۆجالان، یەکێکە لەوانەی چاودێریی چالاکیی ئازادی بۆ ئۆجالان دەکات.

شاکار لە بیستەمین ساڵوەگەڕی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لەدژی ئۆجالان سەرنجی راکێشایە سەر گرنگیی چالاکی 'ئێشکگریی ئازادی بۆ ئۆجالان' و وتی: "لە دژی پیلانگێڕی لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دیاسپۆراش بەرخودانێکی قارەمانانە و حەماسیانە، درێژخایەن، بێ ناوبڕ و بە سووربوونەوە بەڕێوەچوو. گەلەکەمان بە ئیرادە و بڕیارێکی گەورەوە لەدژی هێرشێکی قورس وەستایەوە".

شاکار باسی لەوەشکرد، تاکە داواکاری ئازادیی ئۆجالانە، وتی: "رفاندنەکەی بە شێوەیەکی چەتەگەری وەک چەتەکانى دەریا، قۆناغەکانی دوای رفاندیش هەموویان لە رووی حقوقی و یاساییەوە ناپەسەند و پێچەوانەى حقوق و یاسان. وێڕای ئەوەی بڕیارێکی دادپەروەرانەش لەوبارەیەوە بوونی نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە دیلکراوی راگیراوە. لەناو سیستمی گۆشەگیری دا راگیراوە، کە ئەوەش ئەشکەنجە و بە ئەشکەنجە دەناسرێت. لەو چوارچێوەیەدا نابێت ئۆجالان وەکو دیلکراو بهێڵدرێتەوە. باسکردن و داواکاری بۆ ئازادیی ئۆجالان داواکارییەکی راست و رەوایە".

نوێنەری رێکخراوەکان دەبنە ئێشکگر

نوێنەرانی رێکخراوە کوردستانییەکان و تورکیا ئەمڕۆ دەبنە ئێشکگر. وێڕای پێکهاتەکانی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیکی کوردستانیانی ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا / KCDK-E)، نوێنەرانی رێکخراوەکانی تر ماوەی پێنج رۆژ ئێشک دەگرن.

***

 

ر.م