ئێشکگری دیموکراسی لە مێردین بەردەوامە

چالاکی ئێشگکری بۆدیموکراسی لە مێردین، لە ڕۆژی ٣٦ەمینی بەردەوامە، لەچالاکییەکەدا پەرلەمانتاری هەدەپەی مێردین ئیبرووگونای، ڕایگەیاند، گەل بە ئارەقەی نێوچەوانی خۆی شارەوانی بەدەستهێناوە و ئەو ئیرادەیەی دەستیبەسەردا گیراوە بۆ قەیومەکان بەجێی ناهێڵین.

پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە - HDP)ی مێردین، لەدژی سەپاندنی قەیومەکان ٣٦ ڕۆژە ئێشکگری دیموکراسین. ئەمڕۆ بەهۆی ئەوەی پارێزگاری مێردین هەموو چالاکییەکی قەدەغە کردووە، پێش ئەوەی بەڕێوەبەر و پەرلەمانتارانی هەدەپە دەست بە چالاکی بکەن، سەدان پۆلیس لە دەوروبەری بنکەی هەدەپە کۆ بوونەوە و بیناکەیان گەمارۆ دا. بەهۆی ئەوەی پۆلیس بنکەی هەدەپەیان گەمارۆ دا، بەڕێوەبەر، ئەندام و پەرلەمانتارانی هەدەپە لە چالاکی خۆیان لە ناو بارەگاکەیان بەردەوام بوون.

لە ئێشکگرییەکەدا پەرلەمانتاری هەدەپەی مێردین ئەبروو گونای قسەی کرد و ڕایگەیاند، شارەوانییەکان بۆ قەیومەکان بەجێ ناهێڵن، گونای وتی: "بە دەستی قەیوم ئیرادەی کوردیان زەوت کردووە. لەدژی زەوتکردنی ئیرادەکەمان ٣٦ ڕۆژە تێدەکۆشین. لەبارەی قەیومەوە مرۆڤ دەتوانێت زۆر شت بڵێت. بەڵام هێشتا ناگاتە ئەوەی کە ئیرادە زەوت کراوە. سەپاندنی قەیوم بۆ شارەوانییەکانی پاسوور و قەرەیاز بەردەوامە. ئەو زەوتکردنەی قەیوم قەبوڵ ناکەین و ئیرادەکەمان بۆ ئەوان بەجێ ناهێڵین. هەتا ئێمە ئیرادەکەمان لەدەست ئەوانەوە دەرنەهێنین تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین. تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە پاراستنی مافەکانی ژنان. سیستمی هاوسەرۆکایەتیمان ئەو سیستمە نییە بکەوێتە بەردەستی قەیومەکان. هاوسەرۆکایەتی هێڵێ سوورمانە. لە دژی ئەو زەوتکردنە تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین".

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشم کۆتایی هات.

ک-ش