ئێشکگرەکانی ئەم هەفتەیە نوێنەری رێکخستنە کوردیەکانی ئەوروپان

چالاکیی 'ئێشکگری بۆ ئازادی ئۆجالان' کە ئەم هەفتەیە ٨ ساڵ تێدەپەڕێنێت، بە بەشداریی نوێنەری رێکخستنە کوردیەکانی ئەوروپا بەردەوام دەبێت.

چالاکیی ئێشکگری ئازادی بۆ عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٢ لە بەردەم باڵەخانەی کۆنسەی ئەوروپا لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا دەستی پێکردبوو. لەو کاتەوە تا ئێستا بۆ ماوەی ٤١٦ هەفتەیە چالاکی بەڕێوە دەچێت. ئێشکگرەکانی چالاکیەکەی ئەم هەفتەیەش نوێنەری رێکخستنە کوردیەکانی ئەوروپان.

هەر یەک لە فاتۆش گوکسونگور هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کوردستانیانی ئەوروپا (کەجەدەکە-ئەوروپا)، ئەحمەد عەبدولا ئەندامی پەیەدە، عومەر کویونجوئەل بە نوێنەرایەتی پلاتفورمی کوردانی ئەنادولی ناوین، نەجمەدین ئەرکەندی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگای ئیسلامی کوردستان، ئوزان بەربانگ بە نوێنەرایەتی تەڤ-چاند و تۆری رۆژەر بە نوێنەرایەتی ناڤ-بەل لەم هەفتەیەدا دەبن بە ئێشکگری چالاکیەکە.

هاوکات هەر یەک لە کەمال سامەر بەڕێوەبەری فیدراسیونی دیمۆکراتیکی عەلەویەکان، دەمیر چەلیک ئەندامی دیوانی کەجەدەکە-ئەوروپا، نەزاهات ئەرگونەش هاوسەرۆکی شارەوانی پێشووی ناوچەی سخکێ و ژمارەیەک لە نوێنەری رێکخراوە ئەلمانی و سویسریەکانیش بەشداری لە چالاکیەکەدا دەکەن.

بە هۆی ئەوەی چالاکیەکە دەکەوێتە نۆیەمین ساڵیادیەوە، لە ٢٥ی حوزەیراندا بڕیار وایە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز بکرێت و بە شێوەیەکی قەرەبالغ بەڕێوە بچێت.

ز.ش