ئەحمەد تورک: دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنى ٧ی حوزەیران بەدەست دەهێنین

ئەحمەد تورک لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە وتی "لە پرسووس مرۆڤیان کوشت و ئەوەش دەکەنە ئامرازێک بۆ هەڵبژاردن. ئێمە دەزانین کە دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنى ٧ی حوزەیران بەدەست دەهێنین".

ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری مێردین، کە لەلایەن دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپەوە لەسەر کار لابرا و قەیومی بەزۆر سەپاند بەسەر شوێنەکەیدا، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران / ٣ى پووشپەڕەوە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) دوا.

لەبارەی کۆمەڵکوژیی پرسووس کە لەلایەن پەرلەمانتاری ئاکەپە و خزمەکانییەوە ئەنجام درا، ئەحمەد تورک وتی "بە درۆ کار بەڕێوە ناچێت". ئەحمەد تورک جەختیشی لەوە کردەوە، بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر ئەو عەقڵییەتەدا، کە کورد بە دوژمن دەزانێت، سەردەکەوین".

هاوسەرۆک شارەوانیى مێردین ئەحمەد تورک لەسەر کوشتنی حاجی ئەسوەد شەن یاشار و عادل  جەلالی کوڕی وتی "تاوانبار و بکوژەکان دیار و ئاشکران و لەکاتى تاوانەکەیدا هەموان بینویانن. لە نەخۆشخانەش بریندار و باوکی برینداریان بە عەقڵییەتى خوێنخۆرانەیان کوشت. ئێستاش هەوڵ دەدەن ئەمە بە شێوەیەکى تر نیشان بدەن. ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ئەنجامیان داوە، وەک ئامرازێک بۆ هەڵبژاردنەکان بەکاری دەهێنن، بەڵام گەل باوەڕ بەوانە ناکات. دەبێت بە شێوەیەکی جددی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت".

وتیشی "ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسینگەی پارێزەران و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ ویستیان بچنە پرسووس، بەڵام ڕێگەیان لێگیرا. دەبێت ئەو لایەنانە بڕۆنە پرسووس و گوێ لە گەل بگرن".

گەلەکەمان هیچ کات ئەو کۆمەڵکوژییە لەبیر ناکات

ئەحمەد تورک ناڕەزایەتیی نیشاندا لە بەرامبەر میدیا و چاپەمەنی و حکومەتی تورکی ئاکەپە، کە هەدەپەییەکان دەکەنە ئامانج و وتی "بە درۆکانی وەک 'هەدەپەییەکان و پەکەکەییەکان هێرشیان کردووە' هەوڵ دەدەن گەل بخەڵەتێنن. مومکین نییە کە گەل چیتر بەم جۆرە درۆیانە بخەڵەتێت. جیهان، کورد و گەلانی تورکیا چیتر دەزانن کە چی ڕوو دەدات. لەژێر ئەم کارەدا ماون. گەلیش ئەو کۆمەڵکوژییە، ئەو ڕووداوەی هێرشە گەلەکۆمەکیانە و خوێناوییە هیچ کاتێک لە بیر ناکات. گەلەکەمان باش دەزانن کە کێ ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجام داوە".

ئێمە ئەمجارە دەنگی زیاتر لە ٧ی حوزەیران بەدەست دەهێنین

ئەحمەد تورک سەرنجی ڕاکێشایە سەر فشارەکانی دژ بە هەدەپە و ئاماژەی بەوە کرد، زینهیەتێک هەیە کە هەدەپە وەک دوژمن دەبینێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەواندا عەقڵییەتێک هەیە، کە بەهۆییەوە هەدەپە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت. هەدەپە هەم لەلایەن کوردان و هەم لەلایەن تورکەکان، لەلایەن عەلەوییەکان، بندەستەکان و ئەو مرۆڤانەی کە خاوەنی ویژدانن پشتیوانی دەکرێت. بۆیە هەوڵ دەدەن بە درۆکانیان ئەو پشتیوانییە بۆ هەدەپە کەم بکەنەوە، بەڵام ئەو هەوڵدانانە بەکاریان نایەت".

لە کۆتایی وتەکانیدا، ئەحمەد تورک ڕایگەیاند "هیوادارم ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە ئەوروپا زیاتر بکات. لەبەرئەوەی دەنگەکانی ئەوروپا بۆ ئێمە زۆر گرنگن. ئێمە لە چاوەڕوانی ئەوەداین، کە لە ٧ ی حوزەیران زیاتر و باشتر دەنگ بەدەستبهێنین. هەرچۆنێک بێت دەنگەکانمان زیاد دەکەن".

ر.م