ئەدهەم بارزانی: ڕۆژئاوا داگیر بکەن، قۆناغی دووەم باشوورە

ئەدهەم بارزانی ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی هەلەبجە و سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی نیشانی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان دا و ڕایگەیاند، تورکیا ڕۆژئاوا داگیر بکات، قۆناغی دووەم باشوورە.

ئەدهەم بارزانی ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی هەلەبجە و سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە، بۆ دەنگی ئەمریکا قسەی کرد.

ئەدهەم بارزانی ئاماژەی بە مەترسیەکانی داگیرکاری لەبەرامبەر هەموو کورد دا و وتیی، "وەک کوردێک لە باشووری کوردستان ترسم هەیە، ئەگەر تورکیا لە ڕۆژئاوا سەربکەوێت، قۆناغی دووەمین باشووری کوردستان دەبێت. خۆی بەشێکی زۆری باشووری کوردستان داگیرکراوە. تورکیا وەک ڕۆژئاوا بە توندوتیژی باشووری کوردستانی داگیرنەکردووە. بە شێوەیەکی لەسەرخۆ هاتووە. چیای شەکیف تا سنوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوری ئێران تا باتۆفا و هەرێمی زاخۆ و دهۆک لە لایەن تورکیاوە داگیرکراوە. کاتێک باشوور داگیرکرا، وەک ئەمڕۆی ڕۆژئاوا هەڵوێستی توند نیشان نەدرا. بە پێی بۆچوونم ئەگەر تورکیا لە ڕۆژئاوا سەربکەوێت، قۆناغی دووەم باشووری کوردستان دەبێت."

ف.ق