ئەردۆغان ژمارەى پەنابەرە سورییەکان زل دەکاتەوە

بەرپرسانى ناوەندی لێکتێگەیشتن و لێکۆڵینەوەى کۆچ لە ئەڵمانیا رایانگەیاند، ئەردۆغان ژمارەى سورییەکان لە تورکیا زل دەکاتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە کۆنەوە دەڵێت، ٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پەنابەری سوری لە تورکیا دەژین و بە بەردەوامی پڕوپاگەندەی بەو بابەتەوە کردووە، بەڵام لە ژمارەى ئەم هەفتەیەى گۆڤاری دێر شپیگڵ دا راگەیاندرا، ئەردۆغان ژمارەى سورییەکان لە تورکیا زل دەکاتەوە.

فرانک دوڤێل لە ناوەندی لێکتێگەیشتن و لێکۆڵینەوەى کۆچ لە ئەڵمانیا رایگەیاند، بەپێچەوانەى لێدوانەکانى ئەردۆغان و بەرپرسانى تورک، ژمارەی پەنابەرانى سوری لە تورکیا لە نێوان ٢ ملیۆن ٧٠٠ هەزار بۆ ٣ ملیۆن کەسدان نەک ئەوەى ئەردۆغان و بەرپرسانی تورک دەڵێن، کە گوایە ئەو ژمارەیە ٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسە.

ئەو پسپۆڕەى بواری کۆچ لە ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو ئامارە لەلایەن کۆمیساریاى باڵاى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان (یو ئێن ئێچ سی ئاڕ - UNHCR) و بەڕێوەبەرایەتیى کۆچ لە وەزارەتى ناوخۆی تورکیا ئامادە کراوە، بەڵام ئەو ئامارە بڵاونەکراوەتەوە و ئەوان دەستیان پێى گەیشتووە.

دوڤێل ئەوەشی راگەیاند، لە نێوان ژمارە و ئاماری دەزگا تورکییەکان و رێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا جیاوازییەکى زۆر هەیە، چونکە ئەو سورییەیانەى چوونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان و ئەو سورییەیانەشى چوون بۆ سوریا هەموویان لە ناو ئەو ئامار و ژمارانەدان، کە ئەردۆغان و بەرپرسانی تورک لە لێدوانەکانیدا پڕوپاگەندەى پێوە دەکەن.

ژ.ت