ئەرەن: کورد دەوڵەتی تورکیای باش ناسیووە

جیهان ئەرەن، ئەندامی کۆمیتەی گەل و باوەڕەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK)، سەرنجی ڕاکێشایە سەرکردەوەکانی ڕژێمی تورکیا و وتی: "ئەردۆغان بە کردەوەکانی وایکرد کورد دەوڵەتی تورکیا باشتر بناسێت".

ئەرەن گۆشەگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی وەبیر هێنایەوە و ڕایگەیاند، لەدژی گۆشەگیریی هەشت ساڵە، زیاتر لە دوو سەد ڕۆژ چالاکی مانگرتن بەڕێوەچوو.

ئەرەن یادی گیانفیدایی ئەو بەرخۆدانەی بیر هێنایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ڕۆژەڤەی کە بەو بەرخۆدانە خولقێندرا و کاریگەریی لە ڕای گشتی نێونەتەوەیی کرد، بووە هۆی ئەوەی کە ڕژێمی ئەردۆغان – باخچەلی بکەوێتە ژێر فشارەوە.

ئەرەن ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە هەم بۆ ئەوەی خۆی لەو دۆخی فشاردا ڕزگاری بکات، هەم لە هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبۆڵ دەنگی کورد بەدەست بهێنێت و سەربکەون هێشتی کە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێن و وتی: "بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکان ویستیان دەنگی کورد بەدەستبهێنن، واش نەکەن کە کورد هەڵبژاردنەکە بایکۆت بکات. بەڵام بەو شێوەیە نەبوو. زۆر باسیشی نەکەن، ئەردۆغان قازانجێکی بۆ کورد هەبوو. بووە هۆی ئەوەی کە کورد دەوڵەتی تورکیا باشتر بناسێت. بە هۆی سیاسەتەکانی ئەردۆغان و باخچەلی کورد تورکیای باشتر ناسی.

لەبەرئەوەی دوای هەڵبژاردن نە پارێزەر و نە بنەماڵەکەی نەیانتوانی بچنە ئیمرالی، پرسیار و نیگەرانی کەوتە مێشکی خەڵک کە بڕیاری دیدارەکان بۆ هەڵبژاردن بووە. جارێکی دیکە بینرا کە ئاکەپە- مەهەپە وەکو کەرەستەیەک بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە کێشەی کورد دەڕوانن، لە کاتێکدا کێشەی هەرە گەورەی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. جارێکی دیکە ئاشکرا بوو کێ لایەنگری ئاشتی، برایەتی گەلان و دیموکراتیبوونە و کێ لایەنگری فاشیزم، قڕکردن، خوێن و کوشتنە".

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکاریی

ئەرەن لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سێ پارچەی کوردستان، هەڕەشەکانی داگیرکاریی، لە چوارچێوەی ئەو گورزەی کە بلۆکی ئاکەپە – مەهەپە لە هەڵبژاردندا بەریکەوت، بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی کرد:

"لەناو هەلومەرجی شەڕی جیهانی سێیەمدا، دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەلی کورد قڕ بکات. نایەوێت کورد وەکو کۆمەڵگەیەک، وەکو گەلێک بمێنێت. دەیەوێت کوردستان بکاتە خاکی تورک. بەو شێوەیە دەیەوێت ئەو بەشەی کوردستان کە لە کاتی هەڵوەشانەوەی عوسمانییەکان لەدەستیان دا، جارێکی دیکە دەستی بخاتەوە. بە سوودوەرگرتن لە قەیرانەکان دەیەوێت ئەوە بکات، بۆ ئەوەش دەچێتە مامەڵەکەوە. بۆ پێکانی ئامانجە داگیرکارییەکانی، دەیەوێت دەسەڵاتەکەی بەهێز بکات. مەسەلەی S400یش هەیە. بەو شتە دەیەوێت لە لایەن هێزە ڕۆژئاواییەکانەوە پاڵپشتی لە سیاسەتە داگیرکاریی و قڕکردنەکانی بکرێت. دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ کورد گەیاندوەتە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەیی داگیرکردنی کوردستان. بۆیە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر گەلی کورد هەیە. ئەو هەڕەشەیەش بە تێکۆشانی بەهێز دەتوانرێت لەناو ببرێت. کە بە تێکۆشانی گەلی کورد تێکشکێنرا، ئەو کاتە دێتەوە هۆش خۆی. چونکە بەو تێگەیشتنەوە هێرشی گەریلا دەکات، هێرشی دینامیکەکانی تێکۆشانی گەلی کورد دەکات".

ئەرەن ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت ئامانجەکانی تورکیا هیچ کات لەبیر نەکرێن و وتی: "بۆیە گەلەکەمان لە باکور، ڕۆژئاوا و باشوور دەبێت بە شێوەیەکی یەکگرتوو و یەکێتی تێبکۆشن. گەریلا خۆی بەرخۆدان دەکات. ئەگەر تێکۆشان لە باشور و ڕۆژئاواوە لەگەڵ بەرخۆدانی گەریلا بە شێوەیەکی هاوتەریب بە ڕێکخستنێکی پتەوەوە بەڕێوە بچێت، ئەو کاتە لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەو دوژمنە لەناو دەچێت. لەبەر ئەوە ڕێکخستنی خۆپاراستنی گەنجانی باشووری، چالاکییەکانی قەڵغانی زیندوو واتادارە. بەڵام دەبێت زۆر بەهێزتر ببێت و بە جەماوەری ببێت".

ک-ش