ئەشکەنجەدانی زیندانیان لە زیندانەکانی تورکیا بەردەوامە

لەیلا ئاک یڵدز لە زیندانی ژنانی باکرکۆیی لە ئەنقەرە ڕاگیراوە و لە دوای ئەوەى ڕازی نەبووە بە کەلەپچەکراوی ببرێت بۆ پشکنینی پزیشکی لەلایەن پاسەوانانى زیندانەکەوە ئەشکەنجەدرا.

سیمانپەری ئاک یڵدز دایکی لەیلا ئاک یڵدز رایگەیاند، کچەکەی بەهۆی ئازاری ددانەوە لە زیندانەوە براوە بۆ نەخۆشخانەى ئۆک مەیدان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کچەکەی قبووڵی نەکردووە بە کەلەپچەکراوی ببرێت بۆ پشکنین، ئەشکەنجەدراوە.

سیمانپەری ئاک یڵدز راشیگەیاند، دووشەممەی حەفتەی پێشوو چووە بۆ بینینی کچەکەى و لەوباریەوە وتى "کاتێک ئێمە چووین بۆ بینیى کچەکەمان، بینیمان کە دەست و باڵی کچەکەمان رەش و شین بووەتەوە. لێمان پرسی بۆ وایلێهاتووە، وتى، بەهۆی ئەشکەنجە لەلایەن ٣ پاسەوانەوە واملێهاتووە".

دایکی ئاک یڵدز وتیشی، کچەکەیان لەبارەى ئەشکەنجەدانییەوە راپۆرتى بۆ بەرپرسانی زیندان بەرزکردووەتەوە و پارێرزەرانیش شوێنەوارى ئەشکەنجەکانى سەر جەستەى کچەکەیان تۆمارکردووە و راپۆرتێک و سکاڵایەکیان لەوبارەیەوە داوەتە داواکارى گشتى.

محەمەد ئەربل پارێزەری ئاک یڵدز رایگەیاند، وێنەى شوێنەواری ئەشکەنجەکانى سەر جەستەى لەیلا ئاک یڵدزیان گرتووە و وێنەکانیان داوەتە داواکارى گشتی.

ر.م