ئەم ساڵ هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە بارەی تەندروستی گیراوە نەخۆشەکان رووی نەداوە

لە ساڵی ٢٠١٩ کێشەی تەندروستی گیراوانی نەخۆش لە تورکیا بەردەوام بووە. لە گرتووخانەکان تا ئێستاش ١٣٣٣ گیراوی نەخۆش هەن کە بە پێی پێویست چارەسەریی تەندروستییان بۆ ناکرێت و بارۆدۆخی هەندێکیشیان نالەبارە.

کێشەو گیروگرفتی تەندروستیی گیراوانی نەخۆش لە گرتووخانەکانی تورکیا بە درێژایی ساڵی ٢٠١٩ چارەسەر نەکراون. کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبۆل لەبارەی بارودۆخی گیراوانی نەخۆش لێدوانێکی بڵاو کردەوەو بە پێی لێدوانەکە ژمارەی گیراوانی نەخۆش لە گرتووخانەکانی تورکیا گەیشتووەتە ١٣٣٣ کەس کە بارودۆخی ٤٥٧ کەسیان زۆر خراپ و نالەبارە.

گولسەرەن یۆلەری سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبۆل لەبارەی بارودۆخی گیراوانی نەخۆش لە ساڵی ٢٠١٩ لێدوانێکی بڵاو کردەوەو رایگەیاند کە لە لەم ساڵەدا کێشەی گەورەی تەندروستی توشی گیراوانی نەخۆش هاتوون وتی:" بەداخەوە هیچ یەکێک لەو کێشانەی توشی گیراوە نەخۆشەکان هاتوون، بە تەواوەتی چارەسەر نەکران. لە ساڵانی رابردوودا بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بەرز بکرێتەوە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پەرلەمان هەوڵێکی زۆر درا. لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا باری تەندروستی چەند گیراوێک باش بوو و چارەسەرییان بۆ ئەنجام درا. بۆ نمونە چەند نەخۆشێک کە بەهۆی نەخۆشییەکانیان نەیاندەتوانی لە گرتووخانەکاندا بمێننەوە، ئازاد کران. ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەتوانرێت ئەم سیستمە بۆ گیراوانی دیکەش کە نەخۆشن، پەیرەو بکرێت."

یۆلەری هەروەها رایگەیاند، وەزارەتی داد زانیاریی لەبارەی گیراوە نەخۆشەکان لەم ساڵەدا ئاشکرای نەکردووە و جەختی کردەوەو کە بە دەیان گیراوی نەخۆش هەن کە تا ئێستا ناوەکانیشیان نازانن.

سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبۆل گولسەرەن یۆلەری تیشکی خستە سەر ئەوەی دوای بەدواداچوونەکانیان بۆیان ئاشکرا بووە کە تەنها مانگی جارێک گیراوە نەخۆشەکان بۆ تێست دەبرێن بۆ نەخۆشخانە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەندێک گیراوی نەخۆش، باری تەندروستییان ناجێگیرەو وتی:"پێویستە ئەو نەخۆشانەی باری تەندروستییان ناجێگیرە، بۆ بینینی پزیشک درەنگ نەخرێن. بەم هۆیەوە نەخۆشەکان رووبەرووی مەرگ دەبنەوە."

ناوبراو رایگەیاند، مندالێک بە هۆی نەخۆشییەکی قورسەوە پەیوەندی بە کۆمەڵەکەمان کردبوو وتی:" پێیان وتوە بەهۆی سەرماوە نەخۆش کەوتووە. کاتێک منداڵەکە سوور بووە لەسەر ئەوەی باری تەندروستی ناجێگیرە، پێیان وتووە 'بۆ ئەوەی سەرنجی چواردەوری راکێشێت، ئەم کارە دەکات'. لە ئەنجام دا بە هۆی نەخۆشییەکی قوڕسەوە ئەو منداڵە گیانی لەدەست دا."

ناوبراو لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی یەکێکی دیکە لە کێشەی گیراوانی نەخۆش ئەوەیە کە بە کەلەپچەکراوی تەداوی دەکرێن و وتی:" پێویستە پزیشکەکان قبوڵی نەکەن لە کاتی تەداویکردندا گیراوەکە کەلەپچەکراو بێت. بەداخەوە پزیشکەکان لەم بابەتەدا زۆر کەمتەرخەمن. هەروەها حاڵەتێکی دیکەش هەیە کە لە کاتی تەداویکردنی ژنانی گیراودا، پۆلیس لە ژووری پزیشک ناچنە دەرەوە."

یۆلەری دەڵێت پێویستە لەکاتی گواستنەوەی ئەو گیراوانەی نەخۆشی قوڕسیان هەیە وەکو نەخۆشی دڵ و تەنگەنەفەسی، یان کەمئەندامەکان، بە ئامبۆڵانس بگوازرێنەوە، بەڵام ئەمە لەبەر چاو ناگیرێت و بە ئۆتۆمبیلی سەربازی دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکان و وتی:" ئۆتۆمبیلی سەربازی تایبەت گواستنەوەی گیراوان، وەکو ژووری تاکەکەسی وایە و بۆ گواستنەوەی نەخۆش ناگونجێت."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا یۆلەری رایگەیاند، کێشەکانی گیراوانی نەخۆش زۆرن و پێویستە ژمارەی پزیشکان لە گرتووخانەکان زیاد بکرێت و بەشی تەندروستی گرتووخانەکان گرنگییەکی زیاتر بدەن بە تەداویکردنی گیراوانی نەخۆش.

ز.ش