ئەمریکا لە شتوتگارت و هامبورگ ئیدانە کرا

لە شارەکانى شتوتگارت و هامبورگی ئەڵمانیا بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە و گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان ریبەری گەلی کورد ئیدانەکران.

هامبورگ - ئەڵمانیا

بڕیاری تەرخانکردنى پارە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئاشکراکردنی شوێنى ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە جەمیل بایک، دوران کاڵکان و موراد قەرەیلان و کردنە ئامانجیان و هەروەها گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری هامبورگ بە رێکخستنى میتینگێک ئیدانە کرا.

لە میتینگەکەدا دروشمەکانى دڵسۆزی بۆ پەکەکە و ئۆجالان وترانەوە. بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە ئیدانە کرا.

مارتین دۆلزەر پەرلەمنتار لە پارتی چەپی ئەڵمانیا لەو چالاکییەدا رایگەیاند، دەیانەوێت تێکۆشانی ئازادیى کورد بکەنە قوربانی بۆ رێککەوتنە چەپەڵەکانیان.

دۆلزەر راشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە پشتیوانییەکان بۆ گەلی کورد.

لە کۆتایى چالاکییەکەدا داوا لە هاووڵاتییان و جەماوەر کرا بەشداری بکەن لە چالاکییەکەى رۆژی شەممەی داهاتوودا، کە لە بەردەم کونسوڵخانەى ئەمریکا رێکدەخرێت.

شتوتگارت – ئەڵمانیا

لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کرد و لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا کۆبوونەوەیەکى ناڕەزایەتى لە بەردەم کۆنسوڵخانەى ئەمریکا لەو شارەدا رێکخرا.

چالاکییەکە لەسەر داوای ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد ڕێکخرا و لەلایەن کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان لە ئەڵمانیا (HDK-E) و چەند لایەن و دەستەى چەپی ئەڵمانیاوە پشتیوانی لە چالاکییەکەن کرا.

هەروەها لە چالاکییەکەدا بڕیارەکەى ئەمریکا و هێرشەکانى دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوا ئیدانەکران.

چالاکوانەکان سەرنجیان خستەسەر پشتیوانییەکانى دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ رژێمەکەى ئەردۆغان و هەڵوێستى حکومەتى ئەڵمانیایان ئیدانەکرد.

ر.م