ئەو بانگەشانە ڕاست نین کە دەڵێن "فڕۆکەکانی عێراق سەنگەرەکانی پەکەکەیان بۆردومان کردووە"

لە هەندێک پەخشی ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان 'پەدەکە'دا دەوترێت فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق، لە شەنگال، سەنگەرەکانی پەکەکەیان بۆردومان کردووە. دانیشتوانی شەنگالیش جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو بانگەشانە ڕاست نین.

لەلایەن کەناڵی تەلەفزیۆنی کوردستان ۲۴ ەوە بانگەشەی ئەوە کرا، کە گوایە فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق، سەنگەرەکانی پەکەکەیان بۆردومان کردووە. لە هەواڵی ئەو تەلەفزیۆنەدا، بانگەشەی ئەوە کرابوو کە گوایە سەرچاوەیەکی نزیک لە پەکەکە، ئەو بۆردومانە ئاسمانییانەی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقی بۆ سەر سەنگەرەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تەلەفزیۆنی کوردستان ۲۴، هەشت فڕۆکەی جەنگیی دەسەڵاتدارێتیی بەغدا،  کاتژمێر چوار و نیوی پاشنیوەڕۆی دوێنێ، لە هەرێمی گەلی کەرسیی شەنگال، 'سەنگەرەکانی پەکەکە'یان بۆردوومان کردووە.

مەنور شاهدی یەکێکە لە دانیشتوانی هەرێمی گەلی کەرسی، بۆ ڕۆژنیوز دواوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو بانگەشانەی باس لە هێرشی ئاسمانیی لە دژی گەریلاکان دەکەن، ڕاست نین. شاهدی دەستنیشانیشی کرد، گەریلاکانی هەپەگە پێشتر لە شەنگال کشاونەتەوە و ئێستاش لە گەلی کەرسی نین.

شاهدی بەرخۆدانی گەریلاکانی دژ بە چەتەکانی داعش لە شەنگال بە بیرهێنایەوە و وتی "ئێستا دەسەڵاتی باشووری کوردستان، بە تایبەتی ئەو هێزانەی کە لە هەرێمەکەدان، لە بری ئەوەی کە بەرخۆدانی گەریلاکان لە دژی داعش پیرۆز بکەن، داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەن و وەها نیشانی بدەن، هێشتا گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمەکەن. خۆی لە خۆیدا پێش ئەوەی کە گەریلاکان لە شەنگال بکشێنەوە، لە هەرێمی گەلی کەرسی نەبوون. لەبەرئەوە بانگەشەی ئەوەی کە گوایە فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە سەنگەرەکانی پەکەکەیان داوە، ڕاست نییە".

گەریلاکانی هەپەگە و یەژەئا ستار، لە سەرەتای مانگی نیسان دا لە شەنگال کشانەوە. هاوسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان 'کەجەکە'، لە مانگی ئادار دا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو "شەرتەکانی ڕۆژی ۳ی ئابی ۲۰۱۴، لەناو براون" و تێیدا سەرنجیان ڕاکێشابوویە سەر ئەوەی کە ئێزدییەکان چیتر کۆمەڵگەیەکی بە ڕێکخستنە. کەجەکە دەستنیشانیشی کردبوو کە لە شەنگال و دەوروبەری، ئارامی و ئاسایش هاتووەتە ئاراوە و لەبەر ئەوە هێزەکانی گەریلا، لە شەنگال دەکشێنەوە.

گەریلاکان، لەڕۆژی ۳ ی ئابی ساڵی ۲۰۱۴، ڕۆشتنە شەنگال و دەیان هەزار کەسیان لە هێرشەکانی داعش ڕزگار کرد. بەرخۆدانی گەریلاکان لە دژی چەتەکانی داعش و ئەو دەستوەردانە کەوتبوویە ناو ڕۆژەڤی هەموو دنیاوە.

ر.م