ئەو دایکەی شەش جار گۆڕی کوڕەکەی ڕووخێندراوە: واز لە مردووەکانمان بێنن

 ساڵحە ئالنبای، دایکی شەهید مەحمود ئالنبای، کە لەماوەی ٩٨ ڕۆژدا ٦ جار گۆڕی کوڕەکەی ڕووخێندراوە، ڕایگەیاند، لەدژی ئەو هێرشانە ئێشک لە گۆڕی کوڕەکەی دەگرێت و وتی: "واز لە کوڕەکەم و گۆڕەکەی بێنن".

 مەحمود ئالنبای ئەندامی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە - HPG) لە ڕۆژی ٢٣ی حوزەیران/٢ی پووشپەڕ لە دێرسم شەهید بوو، لە ڕۆژی ٢٥ی حوزەیران/٤ی پووشپەڕ لە ناوچەی پیرانی ئامەد بەخاک سپێردرا، لە ماوەی ٩٨ ڕۆژدا ٦ جار گۆڕەکەی ڕووخێندراوە. پۆلیس و سەرباز و جاش لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو هێرشی سەر گۆڕەکان دەکەن و دەیانڕوخێنن. بنەماڵەی ئالنبای کاردانەوەیان دژی ڕووخاندنی گۆڕی کوڕەکەیان لە لایەن پۆلیس وسەربازەکان هەیە. ساڵحە ئالنبای، دایکی شەهید مەحمود ئالنبای ڕووخاندنی گۆڕی کوڕەکەی شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "بۆ مەگەر لە مردووەکانیشمان دەترسن؟ واز لە کوڕەکەم بێنن. من لەدژی ئەو هێرشانە لە گۆڕستانی بنەماڵە لە پیران ئێشک دەگرم".

 دایکە ئالنبای باسی لەوەش کرد، ئەو ڕۆژەی هێرش کرایە سەر گۆڕی کوڕەکەم، هەندێک شاهێد ئۆتۆمبیلی زرێپۆشیان لە نزیک گۆڕستان بینیوە و بەم شێوەیە باسی کرد: "من چوومە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پیران. ویستم بەرپرسەکان ببینم. گۆڕستانەکە نزیک بنکەی سەربازیی ناوچەکەیە و ٢٤ کاتژمێر کامێرای چاودێری بەسەرەوەیە و چاودێری گۆڕستان دەکەن. کاتێک هێرشی یەکەم کرا، من چوومە ئاسایش. دوای ئەوە ٤ جاری دیکەش هێرشی سەر گۆڕی کوڕەکەم کرا. لە هێرشی شەشەمدا چوومە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس. پێیان وتم 'ئەمڕۆ بڕۆ، سبەی کاتژمێر ١١ وەرەوە'. وەکو ئەوە وابوو کاتی نەخۆشخانەم بۆ بنووسن. پێیان وتم 'بۆچی لەسەر گۆڕەکە نووسیویتانە شەهید پیرۆ؟' کاردانەوەیان دژی ئەوە هەبوو. هەروەها وتیشیان 'ئێمە تەرمیش لە گۆڕ دەردێنین، تۆ هاتووی لێپرسینەوە لەسەر شکاندنی کێل دەکەی؟' ئەو قسانەیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بە من وت، ئەوە بە واتای دانپێدانانە بە هێرشەکە".

 شاهێد هەن

 ئالنبای ئەوەشی وت، ئەو خۆی بۆ هەواڵی شەهیدبوونی کوڕەکەی ئامادە کردبوو، بەڵام ئەوەی ناخۆشە ڕووخاندنی گۆڕەکەیەتی، باسی لەوەش کرد: "زۆرم پێ ناخۆشە کە هێرش دەکەنە سەر گۆڕی کوڕەکەم. من دەمزانی ڕۆژێک لەسەر ئابڕوو و شەرەفی خۆی شەهید دەبێت. بەڵام کاتێک گۆڕەکەی خراپ دەکەن، من دەمرم. ئەگەر داوا بکرێت دەچمە لای داواکاری گشتی و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ. ناترسم. شەو و ڕۆژ ئێشک لەسەر گۆڕەکەی دەگرم. ئەوە سێ مانگە من هەموو ڕۆژێک دەچمە سەر گۆڕی کوڕەکەم، کاتێک لە گۆڕستان دەگەڕێمەوە، دەچن هێرشی دەکەنە سەر. شاهێدەکان وتیان، لە هێرشی کۆتاییدا، ئۆتۆمبیلێکی زرێپۆشی پۆلیس لە گۆڕستانەکە بوو".

 دایکە ئالنبای ڕاشیگەیاند، کوڕەکەی بە چەکی کیمیاوی شەهید کراوە و بەو شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دان: "ئێستاش واز لە گۆڕی کوڕەکەم ناهێنن. ئەو دۆخە هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەتییەوە نییە. بەخۆیان دەڵێن 'ئێمە موسڵمانین' ئەگەر موسڵمان بونایە، کوڕەکەمیان بە چەکی کیمیاوی نەدەکوشت. ٤ ڕۆژ تەرمی کوڕەکەم لەو گۆڕە مایەوە. جەنازەکەیان نەخستە ساردخانەش. چەندین ڕۆژ لەبەر هەتاو مایەوە. ئەوانە موسڵمانێتی نازانن، با بێن لە ئێمە فێر بن".

 'واز لە کوڕەکەم بێنن'

دایکە سالحە ئالنبای کاردانەوەی لەبەرانبەر ڕووخاندنی گۆڕی کوڕەکەی نیشان دا و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "واز لە کوڕەکەم بێنن. مەچوونە سەر گۆڕەکەی. پێ لە گۆڕەکەی مەنێن. واز لە تەرمەکەی بێنن. کەسێک لەژێر خاک دابێت، چ زیانێکی بۆ ئێوە هەیە. ئەوە چ قین و نەفرەت و توڕەییەکە؟".