"ئەو دەسەڵاتە دەڕوخێنین، کە کار بۆ سەپاندنى سزاى لە سێدارەدان دەکات"

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان لە ئاهەنگی گەلدا لە جەیهان وتارێکی پیشکەش کرد و وتی "ئەوانەی کە لە مەیدانەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسی سەپاندن و گەڕانەوەى سزای سێدارە دەکەن، هێزەکەیان بەشی دەمیرتاش ناکات".

لە باکووری کوردستان و تورکیا، کار و خەباتی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکان بێ وچان بەردەوامە. لەو چوارچێوەیەشدا لە ناوچەی جەیهان-ی سەر بە ئەدەنە ئاهەنگێک سازدرا.

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان، پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پەرلەمان لە هاتای بارش ئاتای و پاڵێوراوانی هەدەپە بۆ پەرلەمان لە ئەدەنە بەشدارییان لەو ئاهەنگەدا کرد. پەروین بوڵدان و پاڵێوراوانی هەدەپە بە هەلهەلە و چەپڵەڕێزان و دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' لەلایەن گەلەوە پێشوازیان لێکرا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان و یادکردنەوەیان، پاڵێوراو بارش ئاتای وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا دەستنیشانی کرد، کە ئەوان دەیانەوێت کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر بکەن نەک بە شەڕ و وتیشی "بەڵام ئەوان لە وەڵامی داخوازیی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاشتی، وتیان نەخێر. ئێمە بەهۆی ترسەوە داوای چارەسەری کیشەکان ناکەین بە ئاشتییانە، بەڵکو ئێمە لەگەڵ ئاشتیداین و دژی شەڕین، بەڵام ئەگەر تێکۆشانیان دەوێت، ئەوا ئێمە بە شێوەیەکی هەرە بەهێز تێبکۆشین. مادام شەڕیان هەڵگیرساندووە، مادام شەڕ هەیە، شەڕی ئێمەش دژ بە فاشیزم، شەڕی ئازادییە".

'ئێمە ئەو عەقڵییەتە لەناو دەبەین کە کار بۆ سەپاندنی گۆشەگیری دەکات'

پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پەرلەمان لە ئەدەنە تولای حاتەم ئۆگیولار رایگەیاند، ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ بەربەستەکە تێکدەشکێنن و وتیشی "ئێمە ئەو دەسەڵاتدارێتییە لەناو دەبەین کە هەڕەشەی لەسێدارەدانی دەمیرتاش دەکات. ئێمە ئەو عەقڵییەتە لەناو دەبەین، کە گۆشەگیریی بەسەر بەڕێز ئۆجالان دا سەپاندووە. ئێمە ئەو دەسەڵاتە لەناو دەبەین کە جزیر و سووری ئامەدی خاپوورکرد. وەک بەڕێز دەمیرتاش دەڵێت 'ئێمە بێ ئومێدی لەناو دەبەین. مەودای هیوا مەزن و فراوان دەکەین، هەر چۆنێک بێت بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین'."

'ئیدی هیچ هێزێک ناتوانێت کورد بە نادیدە تەماشا بکات'

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان لە وتاری خۆیدا ئاماژەى بەوەکرد، هەموو کۆبوونەوەکانیان دەگۆڕێت بۆ میتینگ. میتینگەکانیش دەبنە سەرهەڵدان و وتی "جەیهان بڕیاری خۆی داوە. بڕیارەکەش ئەوەیە کە لە ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕدا ماڵئاوایى لە دەسەڵاتدارێتی ئاکەپە دەکەن".

پەروین بوڵدان لە وتاری خۆیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، بە ملیۆنان دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لە مەیدانەکاندان و وتیشی "لەوان وایە ئەوان پەرلەمانتارانی ئێمەیان بە دیل گرتووە، بەڵام نازانن کە هەڤاڵانی ئێمە تەنانەت لە زیندانیشدا تێدەکۆشن. هیچ کەس و لایەنێک هێزی ئەوەی نییە دەنگی هەڤاڵانمان لە زیندانەکاندا کپ بکەنەوە. ئیدی هیچ کەس هێزی ئەوەی نەماوە، کە کوردان بکوژێت و دەنگی کوردان لەناوبەرێت و کوردان بە نادیدە ببینێت".

پەروین بوڵدان لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ئاماژەی بە هەڕەشەی گەڕانەوە و جێبەجێکردنى سزای سێدارەدان لە لایەن ئەردۆغانەوە دژ بە دەمیرتاش کرد و وتی "کورد ڕێگە بەو شتە نادات. کوردان ناهێڵن دەمیرتاش یان هەر کەسێکی تر لە سێدارە بدرێت. پشت بە خوا ئێمە لە ٢٤ی حوزەیران تەواوی ئەو هەوڵانە لەناو دەبەین".

پاش وتارەکان، جەماوەری گەل هەتا درەنگانی شەو، ئاهەنگیان گێڕا.

ر.م