"ئەو سیستمەی سەرمایە دەپارێزێت زۆر لە ڤایرۆس مەترسیدارترە"

محەمەد شیرین گیوربوز نوێنەری کۆنفیدراسیۆنى سەندیکاى کرێکارانى شۆڕشگێڕ (دیسک - DÎSK) لە ئامەد ناڕەزایەتیى لە دژی خاوەنکارەکان دەربڕی، کە بە پاساوی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرێکارەکانیان لەسەر کارەکانیان دەرکردووە.

حکومەتى تورک دواى ئەوەى بوونی کەسانی تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند هەندێک رێوشوێنى ئابووری خستە رۆژەڤی خۆی، ئەو رێوشوێنانە لە بریی ئەوە کرێکاران و زەحمەتکێشکان بپارێزێت بۆ پاراستنى خاوەنکار و خاوەن سەرمایەکانە. کارگەکان لە کاتى راگەیاندنی پەتای کۆرۆنادا هەندێک لە کرێکارانیان لەسەر کارەکانیان دەرکرد و مۆڵەتى بێ مووچەشیان بەسەر هەندێک لە کرێکارانى تردا سەپاند.

محەمەد شیرین گیوربوز نوێنەری کۆنفیدراسیۆنى سەندیکاى کرێکارانى شۆڕشگێڕ (دیسک - DÎSK) لەوبارەیەوە بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، پێش بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنا بارودۆخی کار بۆ کرێکاران لە کارگەکان و شوێنەکانى کارکردن هەر خۆی لە خۆیدا خراپ بوو. ئێستاش ئەو رێوشوێنانەى لە دژی کۆرۆنا گیراونەتەبەر سوودیان بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان نییە.

'ڤایرۆسەکەش نەمانکوژێت سیستمەکە دەمانکوژێت'

گیوبوز رایگەیاند، پێویستە لە کارگەکان و شوێنەکانى کارکردندا رێوشوێنى پێویست بگیرێنەبەر و وتی "داواکان بۆ ئەوەن مرۆڤ لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. داواش دەکرێت مرۆڤەکان لە شوێنی قەرەباڵغ کۆنەبنەوە، بەڵام بۆ زەحمەتکێشان و کرێکاران هیچ رێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر. بە داخەوە کەس لە خەمی ئەوەدا نییە، کە لە کارگەکان و شوێنەکانى کارکردندا کرێکاران لە لە چ بارودۆخ و هەلومەرجێکدا کار دەکەن. ئەو داوایە کە لە کۆمەڵگە دەکرێت، دەبێت هەمان داواش کرێکاران بگرێتەوە. دەبێت هەلومەرجی گونجاویش بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان بڕەخسێنرێت. بە داخەوە بەهۆی ئەم قۆناغەوە هەزاران کرێکار و زەحمەتکێش بێکار کراون. ئەوانەشی کار دەکەن لە بریی ئەوەى بیر لە پاراستنى گیانی خۆیان بکەنەوە، بەهۆی ترس لە لەدەستدانی کارەکانیان کار دەکەن. هەر وەک ئەوەى لەمدواییەدا شۆفێری بارهەڵگرێک وتی: 'ڤایرۆسەکەش نەمانکوژێت، ئەم سیستمە دەمانکوژێت'. لەبەر ئەوانەش مەترسیی ئەم سیستمە لە مەترسیی ڤایرۆسەکە زیاترە".

گیوربوز ئەوەشی راگەیاند، دەسەڵاتداری ئەو دەزگایانە نییە، کە بەپێی داوای سەرمایە دەجوڵێتەوە و وتیشی "دەسەڵاتێک کە نەک بۆ کرێکاران، بەڵکو بۆ خاوەنکارەکان گۆڕانکاریی دروستکردووە و ئەوان دەپارێزێت، دەبێت بە خێرایی گۆڕانکاریش بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان دروست بکات و ئەوانیش بپارێزێت. ئەو گۆڕانکارییەش بۆ وەڵامدانەوە بێت بە کرێکارە زیانبەرکەوتووەکان و زەحمەتکێشان. لەم دۆخەدا نابێت ترسی لە دەستدانى کار بکەوێتە دڵی کرێکاران و زەحمەتکێشان".

ژ.ت