ئەو کەسانەى بە چەک و بەرگی گولـلەنەبڕەوە بە ئیستەنبولدا سوڕابوونەوە ئازادکران

شەوی هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و سەرۆکایەتیى تورکیا گروپێک بە چەک و هێلەکی گولـلە نەبڕەوە و بۆ چاوترساندنى ئۆپۆزسیۆن بە شەقامەکانى ئیستەنبولدا سوڕابوونەوە، ئەمڕۆ ئەو گروپە چەکدارە لەلایەن حکومەتى ئاکەپەوە ئازاد کران.

شەوی هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیرانی ٢٠١٨ / ٣ى پووشپەڕ، گروپێک لە ناوچەى سوڵتان گازیى ئیستەنبول بە چەکەوە سوڕابوونەوە و گولـلەیان بەئاسماندا تەقاندبوو. لەو گروپە ٣ کەس دەستگیرکران، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمانى داواکارى گشتیى کۆمارى تورکیا ئازاد کران.

ئەو گروپە چەکدارە لە شەوی بڵاوکردنەوەى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنەکاندا لە شەقامەکان و ناوچەى هابیپەلەری لە سوڵتان گازیى ئیستەنبول سوڕابوونەوە و گولـلەیان بە ئاسماندا تەقاندبوو. لەو کاتەدا ژمارەیەکى زۆر لەلایەنگرانى حیزب و لایەنە سیاسییەکانى ئۆپۆزسیۆنى ئاکەپە – مەهەپە لەو ناوچانەدا بوون. ئەوەش بووە هۆى ئەوە ئەو گروپە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەرەنگارییان بکرێت و ٣ کەسیان دەستگیرکران.

ئەو ٣ کەسەى  دەستگیرکراوەى سەر بە ئاکەپە – مەهەپە، ئەمڕۆ لەسەر داواى داواکارى گشتیى کۆمارى تورکیا ئازاد کران.

هێلەک گولـلەنەبڕیان پێ بوو بوو

ئەو کەسانە هاوکات لەگەڵ هەڵگرتنى چەک و تەقاندنى گولـلە هێلەکى گولـلەنەبڕیشیان لەبەرکردبوو و ئەوەش سەرنجى زۆرى هاووڵاتییانى راکێشابوو. ڤیدیۆى تەقەى ئەو گروپە چەکدارەی ئاکەپە – مەهەپە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرابوویەوە، بەڵام ئەو کەسانەى بەشێوەى راستەخۆ ڤیدیۆیەکانیان بڵاوکردبووەیەوە، سکاڵایان لە دژ تۆمار کراوە و لێکۆڵینەوەشیان لەگەڵ ئەنجامدراوە.

ر.م