ئەڕداڵ: پێویستە هەموو کەسێک بۆ شەڕ ئامادە بێت -بەشی دووەم و کۆتایی-

ئیستخباراتی تورک دەیەوێت لەناو گەلی ئێمەدا ڕێکخستنی خۆی دروست بکات. تا ئێستا هێرشی دژی پەکەکە، پەیامێکە بۆ هێزەکانی باشووری کوردستان. بەو هۆیەوە، خەڵکەکەمان لە باشووری کوردستان هیچ کەسێک نابێت ببێتە ئامێرێکی دەستی خەباتی سیخوری و دەبێت هۆشیار بێت.

دکتور باهۆز ئەرداڵ یەکێک لە فەرماندەکانی بڕیارگای ناوەندی پاراستنی گەل بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی کرد. باهۆز لەبارەی داگیرکەری و قڕکردنی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕۆژئاوا و باکووری و ڕۆژئاوای سوریا قسەی کرد و وتی، "کورد ڕووبەڕووی لۆزانێکی تر بووەتەوە، بەڵام ئەگەر گەلی کورد یەکبگرێت، ڕێگە بە لۆزانێکی تر نادات.

لە بەشێ یەکەمدا باهۆز ئەڕداڵ ڕایگەیاندبوو، ڕەوایەتی و هەبوون و تێکۆشانی ئازادی کوردان لە جیهان چەسپاوە و ئەمەش ئاست و دەستکەوتێکی گەورەیە.

لەم بەشەی قسەکانیدا باهۆز ئەڕداڵ دەڵێت، " پێویستە ڕژێمی شام سەیری داهاتوو بکات و پرسەکە باش شیبکاتەوە، پێویستە چاویلکەی شۆڤێنی عەرەبی داکەنێت و خۆی لە فۆبی کورد ڕزگار بکات. ئەگەر هەڵوێستێکی بەو شێوەیە پیشان بدات، داهاتوویەکی نوێ بۆ سوریا مسۆگەر دەکات.

بەشێ دووەم و کۆتایی چاوپێکەوتنەکەی باهۆز ئەڕداڵ بەم شێوەیەیە:

پیویستە کورد و بەرێوەبەرایەتی خۆسەر وەک دوژمن نەبینرێن

پێویستە ڕژێمی سوریا کوردی ڕۆژئاوا و بەڕیوەبەرایەتی خۆسەر وەک دوژمن نەبینێت، مامەلەی دوژمنیان لەگەڵدا نەکات، وەک ئەوەی لایەنگری هێزە دەرەکیەکان بن، پێویستە بەم شێوەیە تەماشان نەکات. لەبەرئەوەی ئەوە هەڵوێستێکی لەجێی خۆیدا نییە و پەیوەندی بە ڕاستیەوە نییە، هەم مەسەلە جارەسەر نابێت و هەم ئەنجامەکانی بۆ ڕژێم باش نابێت.

ئەگەر ڕژێم بەو شێوەیە هەڵوێست پیشان بدات، واتە خزمەت بە ئەجندای ئەردۆغان دەکات. ئەردۆغان دەیەوێت ڕژێمی سوریا لەدژی کورد هان بدات، ناکۆکی نێوان کورد و ڕژێمی سوریا قوڕس بکات. دەیەوێت کورد وەک جیاکار و دابەشکار پیشان بدات و دەیەوێت شتێک بکات کە ڕژێم لە کورد بترسێت. ئەمە پلانی ئەردۆغانە. ئەگەر بەشار ئەسەد بەم شێوەیە هەڵوێست نیشان بدات، واتە خزمەت بە ئەجندای ئەردۆغان دەکات.

ئەجندای ئەردۆغان چییە؟ دەیەوێت سوریا داگیر بکات. بەو هۆیەوە ئێمە دەڵێین، پێویستە کورد و حکومەتی ناوەندی شام پەیوەندیەکانیان پتەو بکەن. پێویستە پەیوەندیەکانیان قوڵ بکەنەوە. هەڵخەڵەتاندنی تێدا نەبێت. پێویستە پەیوەندیەکە بە فراوانی شیکبکرێتەوە. بە پێچەوانەوە لە سوریا ئارامی دروست نابێت و ڕژێمیش ناتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە.

پێویستە ڕژێم باش بزانێت، یەپەگە دروست نەکرایا، سیاسەتی گەلی ڕؤژئاوا و بەرێوەبەرایەتی خۆسەر نەبوایا، ئێستا هیچ شتێک بە ناوی ڕژێمەوە نەدەما. دەوڵەتی تورک وچەتەکانی لەسەر ئەم بابەتەیە، کورد تاوانبار دەکەن و دەڵێن، "ئەگەر کورد نەبا ئێمە ڕژێممان هەڵدەوەشاندەوە. ئەگەر کورد لە عەفرین، حەلەب یارمەتی دەوڵەتی تورکیان بکردایا ئایا ڕژێم لە حەلەب دەما؟ حەلەبیان لەدەست بچوویا ئایا ڕژێم دەیتوانی لەسەرپێ بمێنێتەوە؟ ئایا لە جزیریش دۆخەکە بەم شێوەیە نەبوو؟

ڕژێمی شام پێویستە سوپای کورد و یەپەگە بکات

هەڵوێستی کورد هۆکاری سەرەکیە کە ئەمڕۆ سوریا نەکەوتووەیە دەستی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی. ڕژێمی شام پێویستە سوپاسگوزاری یەپەگە و کوردان بێت. ئەگەر هەوڵەکانی ئەوان نەبایا، یەکێتی خاکی سوریا لەناودەچوو و دەوڵەتی تورک هەموو دەڤەرێکی داگیر دەکرد، بە تورکیاوە دەیلکاند. ئەسکەندەرونیان چی لێکرد؟ دەیانەویت هەمان شت لە جەرابلوس و عەفرینیش بکەن.

بەرێوەبەرایەتی شام پێویستە خوێندنەوەیەکی باش بۆ هەڵوێستی ٧ ساڵی کورد بکات و لەسەر ئەم بناغەیە پەیوەندیەکی توند و قوڵ لەگەڵ کورد ببەستێت. ئەگەر پەیوەندیەکە لەسەر بناغەی قەبوڵکردنی کورد و مافەکانیان بێت، دەتوانێت داهاتووی سوریا و ڕژێم مسۆگەر بکات، بەلام ئەگەر دوژمنایەتی لەگەڵ کورد بەردەوامی پێبدات، ئەگەر هەوڵ بۆ لەناوبردنی کوردانی ڕؤژئاوا بدرێت، دواتر نۆرەی ڕژێمی شام دێت. پێویستە ڕژێمی شام سەیری داهاتوو بکات و پرسەکە باش شیبکاتەوە، پێویستە چاویلکەی شۆڤێنی عەرەبی داکەنێت و خۆی لە فۆبی کورد ڕزگار بکات. ئەگەر هەڵوێستێکی بەو شێوەیە پیشان بدات، داهاتوویەکی نوێ بۆ سوریا مسۆگەر دەکات.

هێرشی داگیرکەری، کوردی لە ڕووی گیانەوە کرد بە یەک

هێرشی دەوڵەتی تورک لەسەر سەرێکانی و گرێ سپی بووە هۆی ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی لەناو کورد بەهێز ببێت. ئەردۆغان هەرچەند ویستی کورد پارچە بکات، شەڕ لە نێوانیاندا دروست بکات، بەڵام هێرشەکان کوردی کرد بە یەک. ئەمە ڕاستیەکە. لە ڕووی گیان و هەستەوە، کورد یەکە و لەدژی هێرشەکان هەستانە سەرپێ. لە چوار پارچەی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، لە زۆربەری ولاتانی جیهان ئەو دۆخە بینرا.

گەلی باشووری کوردستان بووە خاوەن هەڵوێستێکی نەتەوەیی

گەلی باشووری کوردستان لە ڕۆژی دەستپێکی هێرشەکە، بە ڕاستی بووە خاوەند هەڵوێستێکی بەهێزی نەتەوەیی و کوردستانی. گەنجانی باشووری کوردستان بەشداریان لە بەرخۆدان کرد، لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بەشداریان کرد، لە ڕۆشنبیران تا میدیاکاران هەموو لایەک ڕۆڵێکی باشی بینی. هەروەها گەلەکەمان لە ڕؤژهەڵات خاوەنداری لە بەرخۆدان کرد. هەرچەندە زوڵم و فشارێکی زۆر لەسەر گەلەکەمان لە باکوور هەیە، ئێمە دەزانین دڵی بۆ ڕۆژئاوا لێدەدات، ئێمە لە هەڵوێستی بۆ کۆبانی دەزانین. لە باکووری کوردستان چەندین چالاکی ئەنجامدران و خاوەنداری لە ڕۆژئاوا کرا.

یەکێتی نەتەوەیی کورد پێویستە سەرەکی ژیانە

گەلی کورد لە هەموو جێگەیەک هەمان دروشمیان وتەوە. یەک هەستیان هەبوو. هەموو کەسێک بینی و تێگەیشت هێرشەکە تەنها بۆ سەر سەرێکانی نییە، لەدژی هەموو کوردێکە. هەموو کەسێک هەستی پێکرد و تێگەیشت. ئەمە زۆر گرنگە. ئەم جارە هەموو میدایای کورد بوو بە یەک دەنگ. ڕۆشنبیر و هۆنەرمەند، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای کورد یەک هەڵوێستی بەهێزی کوردستانیان پیشاندا. ئەم هەڵوێستەی کە کورد لە هەموو دەڤەرێک پیشانیدا چ واتایەک دەگەیەنێت؟ نیشانەی ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی بۆ داهاتووی گەلەکەمان پێویستیەکی سەرەکی و گرنگە. پێویستە ڕۆژەی سەرەکیمان بێت. پێویستە کورد زیاتر نزیکی یەکتری ببنەوە. گەشەدانێکی زۆر باشە. خەڵکەکەمان لە هەولێر، سلێمانی، مەهاباد هەست بە ئازاری سەرێکانی دەکەن. لە ئامەد، ئەورۆپا هەست بە ئازاری کۆبانی دەکەن. بەم شێوەیە ژیانی نەتەوەیی گەش بووە.

هێرشەکە بەرامبەر هەموو کوردێکە

گەلەکەمان لە لایەکی ترەوە دەڵێت. "ئەر هێزە کوردیەکان، کە نوێنەرایەتی هێزی سیاسی دەکەن، ئێوە بۆ داهاتووی کورد و کوردستان لەسەر پرنسیپەکان ڕێبکەون." ئەمە داواکاری گەلەکەمانە و پەیامیان بۆ ئێمە بەم شیوەیەیە. هێزە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان زۆر کەم بەشداریان لە پڕۆسەکە کرد. هەندێکیان زۆر ئەکتیڤ بوون و هەندێکیان دواتر بەشداریان کرد، بەڵام لێرە شتێکی گرنگ هەیە پێویستە ئێمە بیبینین؟ هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بە تەنها لەسەر هەرێمێک نیەیە، تەنها لە سەر پارچەیەک و هیزێک نییە. لەدژی هەموو کوردێکە.

لەبەرئەوەی کورد یەک نەبوو، هەموویان تێکچوون

ئەم رووداوانەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، وەک ڕووداوەکانی کاتی جەنگی یەکەمی جیهانە. ئەو کاتە چی بوو؟ لە باشووری کوردستان ڕاپەرینی مەحمود بەرزنجی هەبوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەرینی سمکۆی شکاک هەبوو، لە باکووری کوردستان ڕاپەرینی شێخ سەعید هەبوو، بەڵام پەیوەندیان بەیەکەوە نەکرد و هەندێکیان دژایەتی یەکتریان کرد، باشە ئەنجامەکەی چی بوو؟ هەموویان تێکچوون.

دەوڵەتی تورک سازشی کرد و لۆزانی ئیمزاکرد

ئەو کاتە تەنها پەیمانی سیڤەر هەبوو. هەرچەند تێرکەر نەبوو، بەڵام هیچ نەبێت مافی سەربەخۆیی بۆ کورد هەبوو. ناوی کوردی تێدابوو. بەڵام دوای ٣ ساڵ پەیمانی لۆزان ئامادەکرا. باشە لۆزان بۆچی بوو؟ نەناسینی کورد بوو. لە ٣ ساڵدا چۆن لە سەورە بۆ لۆزان جوون؟ لەبەرئەوەی ئەو کاتە بزوتنەوە کوردیەکان لاواز ببوون. پەیوەندی لە نێوانیاندا نەبوو، بە تێگەیشتنی 'من لە ئاگری ئەواندا نەسووتێم' خۆیان دوور گرت. بە تەنها بیریان لە خۆیان دکردەوە. لە لایەکی تر شۆڤێنی تورک زۆر چالاک بوو، سازشی لەگەڵ هەموو کەسێک دەکرد. سازشی لە گەڵ ئەمریکا، ڕووسیا، سۆڤیەتکان، عەرەبەیان و پەیمانی لۆزان کرد کورد نەناسرێت و پەیمانەکە ئیمزاکرا.

بە دوای لۆزان و لە لۆزان خرابترن

ئەم قۆناغەی ئێمەی تێدا دەژین وەک قۆناغەکانی پێشووتر نییە. بزوتنەوەی کوردی بەهێزە. ئەو چەند ساڵەی دوایی کورد بە تێکۆشانی دژی داعش ناوی بڵاوبووەوە. لە ڕووی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی و زۆر دەرفەت دروست بوون. بۆ کوردان دەرفەتی لە سەورە زیاتر دروست بووە. بەلام ئێستا شۆڤێنی تورک و هێزە داگیرکەرەکانی تر بۆ لۆزانێکی خرابتر، هەوڵی زیاتر دەدەن. ئێستا شەڕ و تێکۆشانی ئەوە هەیە.

بەڕۆژەڤکردنی لۆزان جێبەجێکردنی پلانی قڕکردنە

ئەم قۆناغە جیاوازتر نییە. ئەم ٧ ساڵەی دوایی کورد لە باشووری کوردستان، لە ڕؤژئاوای کوردستان و لە باکووری کوردستان و لە هەموو جیهان بوونەتە خاوەن هێز و بوونەتە ڕۆژەڤی جیهان. لەدژی ئەمەش پلانگێڕی هەیە. ئامانجی پلانگێڕیەکە چییە؟ دەیانەوێت کورد لاواز بکەن و هەنگاو بە هەنگاو لەناوی ببەن. ئەمە پلانی کێیە؟ پلانی داگیرکەرانە. کێ پێشەنگایەتی دەکات؟ دەوڵەتی تورکی قڕکەر. چۆن دەوڵەتی تورک بووە هۆکاری ئەوەی پەیمانی سەور بۆ پەیمانی لۆزان بگۆڕدرێت، بەو شێوەیە ئەمڕۆ شۆڤێنی تورک لەسەرکارە. دەوڵەتی تورک پێشتر هێرشی کردە سەر کوێ؟ کەرکوک و دواتر شەنگال و دوات عەفرین و ئێستاش سەریکانی. هێرش دەکاتە سەر گەلی باکووری کوردستان و سیاسەتکەی، ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی بەڕێوەدەبات. هێرشەکان هەموویان پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و هەموویان بە پێی یەک پلانە. چەند ساڵیک ماوە لۆزان ١٠٠ ساڵەکەی تەواو بکات. دەوڵەتی تورک دەیەوێت سەدەیەکی تر هیچ شتێک بە ناوی کوردەوە نەهێڵێت و بۆ ئەو ئامانجەش هێرشی دڕندانە ئەنجامدەدات.

کورد خاوەنی یەک داهاتووە، یان ئازاد دەبین یان لەناو دەچین

کورد خاوەنی یەک داهاتووە، هەموو کوردستان و هەموو هێزێکی کورد. داهاتووی هاوبەش چییە؟ یان هەموو کارد ئازاد دەبن، هەر پارچەیەک بە ڕەسەنایەتی خۆی ئازاد دەبێت یان لۆزانێکی تر بەسەر کورددا دێت.  بۆ هەندێک کورد پەیمانی سەور و بۆ هەندێکیش پەیمانی لۆزان نابێت. بۆ پارچەیەک پەیمانی سەور و بۆ پارچەیەک پەیمانی لۆزان نابێت. پارچەیەک بناسرێت و سەربەخۆ ببێت و پارچەیەکیش لەناوببرێت. شتێکی بەم شێوەیە نابێت. ئەگەر هەندێک کەس بیر لەمە دەکەنەوە، پێویستە بزانن هەڵەن. بە تایبەتی کاتێک بیر لە ڕووداوەکانی ٣ ساڵی ڕابردوو دەکەینەوە. دەبینرێت هەر پارچەیەکی کوردستان، پارچەیەکی تابلۆکەیە. بەو هۆیەوە، دۆخی ئێستا و هەڵوێستی گەلی کورد ئەوە دەخوازێت کورد لەسەر پرەنسیپە کوردستانیەکان لە دەوری یەکتری کۆببنەوە.

ئەگەر لۆزانێکی نوێمان ناوێت، پێویستە یەکگرتووبین

ئەگەر لۆزانێکی ترمان ناوێت، پێویستە لەناو خۆماندا یەکگرتوو بین. ئەگەری هەیە هێزە کوردیەکان لەسەر هەموو شتێک ڕێکنەکەون. بەلام پێویستە بزانین، خەیالی هاوبەش، لە ناکۆکیەکان بەهێزترە. جیهان هەموو کێشەکانی بە دانوستان چارەسەر دەکات. هێزە دوژمنەکانیش ئەم ڕێبازە بەکاردەهینن. بۆچی کورد واناکات؟ هێرشی سەر ڕۆژئاوا، بەرخۆدانی گەلەکەمان و هەڵوێستی کوردستان کە پیشاندرا، زەمینەیەکی باشە بۆ یەکێتی نەتەوەیی. بزوتنەوەکەمان هەموو کاتێک ئامادەیە. پێویستە ئیدی هەر کەس ئەم ڕاستیە ببینێت. لێرە کەس نییە کە زەرەر بکات و کەسێکیش سەرکەوێت. ئەگەر ئێمە سەربکەوین هەموو کورد سەردەکەون. یان هەموو کەسێک بەیەکەوە لەناودەچێت. ئەگەر ئێمە پەیامی گەلەکەمان بەم شێوەیە تێبگەین، ئێمە لەو بڕوایەداین گەشەدانی بەرچاو و بەهیز دورست دەبن.

شۆڕشی ڕۆژئاوا کوردی کردە ڕۆژەڤی جیهان

ئەگەر سەرنج بدەینە قۆناغی ئەم ٢ مانگەی دوایی، مرۆڤ دەبینێت شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەریەکی چۆنی لەسەر هەموو پارچەکان دروست کردووە و چ ئەنجامێکی لەگەڵ خۆی هێناوە. کورد لەم ٢ مانگەدا بوونە ڕۆژەڤی دوژمنیش، هەروەها لە مێژووی ٢ سەد ساڵی ڕابردوودا، بە ئەندازەی ئەم ٢ مانگە کورد نەبووتە ڕۆژەڤی جیهان. ئەمە گرنگە و کاریگەری شۆڕشی ڕۆژئاوایە. خاوەنداریکردن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا سوودی بۆ هەموو کوردێک هەیە.

دۆزی کورد لە ناو ڕای گشتی جیهان قبوڵکرابێت، واتە سەرکەوتووە

کاریگەری شۆڕشی ڕؤژئاوا لە ڕووی گیان، هەست و سیاسی، دەمێکە سنوری پارچەکانی تێپەڕکردووە. ساڵەکانی ١٩٨٠ دۆزی فەڵەستین ڕۆژەڤی جیهانبوو. لایەنگریەکی گەورە بۆ دۆزی فەڵەستین دروست بوو. لە ئێستاشدا بە هۆی شۆرشی ڕۆژئاواوە کورد بوون بە ڕۆژەڤی جیهان و تێکۆشانی ئازادی کورد لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ڕەوا بووە. ئێستا شتێکی زۆر گرنگ ڕەوابوونی تێکۆشانە. لەبەرئەوەی ئەگەر لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تێکۆشانەکە قبوڵکرا، ئیدی دۆزەکە سەرکەوتووە. لەگەڵ ئەوەش، سەختی، ئازاد  و خوێن ڕشتن هەیە. ئەمە ڕاستە. بەڵام گرنگ ئەوەیە رەوابوونی تێکۆشان بچەسپێت.

سەرفرازی ڕۆژئاوا موڵکی هەموو کوردێکە

بەو هۆیەوە، ئەگەر گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان هەستێتە سەرپێ، دەزانێت سەرفرازی ڕۆژئاوا موڵکی هەموو کوردستانە. نەک تەنها ئێمە وا دەڵێیین. هەموو کورد ئەمە دەڵێن و هەستێ پێدەکەن و دەیبینن. بەو هۆیەوە لە کوێ کوردێک هەبێت، لەدژی هێرشی داگیرکەری بۆ سەر ڕۆژئاوا هەڵوێست نیشاندراوە. لەگەڵ ئەوەش، چۆن هێزە داگیرکەرەکان، کوردستانیان پارچە کرد، داگیرکریان کرد و هێرشی قڕکەریان ئەنجامدا، ئەم هێرشە فاشیستە هەموو کورد دەهێنێتە لای یەکگرتی و یەکێتی نەتەوەیی دورست دەبێت.

کاریگەری گەورەیی پەکەکە لە سەر هەموو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

بێگۆمان پەکەکە بزوتنەوەیەکی کوردستان و فراوانە. کاریگەری پەکەکە لە سەر هەموو کوردستان، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و سیاسیە. پەکەکە لە سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن کاریگەریە. ئەمە ڕاستیەکە. بەلام داگیرکەری تورک بۆ ئەوەی هێرشی داگیرکەری و قڕکردن بە ڕەوا پیشانی بدات، ئەمە وەک بیانویەک پیشان دەدات. بەڵام هەموو کەسێک دەزانێت ئەوە راست نییە. پێش هەموو شتێک لە ڕۆژئاواوە هیچ هێرشێک دژی تورکیا ئەنجام نەدراوە.

ئەردۆغان لەدژی پێگەی باشووری کوردستانە

ئەردۆغان وتی، "ئێمە لە باکووری عێراق هەڵەمان کرد، ناتوانین جارێکیتر لە باکووری سوریا هەڵەکە دووبارە بکەینەوە" و لە ناو ٦ ساڵی کۆتاییدا نەتەنها جارێک، زۆر جار ئەو ڕستەیەی دووبارە کردوە، لە باکووری عێراق چی ڕوویدابوو؟ فیدیڕالی قبوڵکرابوو. ئێستا چ پەیوەندیەکی ئەو قسەیەی ئەردۆگان بە پەکەکەوە هەیە؟ نا! بە ئاشکرایی وتی، لەدژی پێگەی سیاسی کوردە و قبوڵی ناکت. ئەمەی بە ئاشکرا لەبەرچاوی هەموو کەسێک دەربڕی. ئەم قسەیە، سیاسەتی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕوون دەکاتەوە.

دەوڵەتی تورک تەنها دوژمنی پەکەکە نییە، دوژمنی هەموو کوردێکە

ئەگەر کێشەی کورد لەگەڵ کورد نییە و لەگەڵ پەکەکەیە، با مافی کورد بناسێت، بۆ ئەوەی ڕەوایەتی پەکەکە نەهێڵێت. هەروەها لە ڕۆژئاوا با مافی کورد بناسێت. بەڵام دیارە راست نییە. دەوڵەتی تورک بە تەنها دوژمنی پەکەکە نییە، دوژمنی هەموو کوردێکە. بیانوی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هیچ کاتێک کۆتایی نایەت، بیانیەکی نەمێنێت، بیانویەکی تر دەهێنێتەوە. لەبەرئەوەی هەڵوێستی بەرامبەر کورد دیارە. بە ئاشکرای و بە دەنگێکی بەرز دەڵێت، بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک بمێنێت، پێویستە کورد نەبێتە خاوەن پێگەی خۆی. هێرشەکان بەهۆی ئەوەوە ئەنجامدەدات. لەبەرئەوەی پەکەکە پێشەنگی هەبوون و ئازادی کورد دەکات، هێرشی بەرامبەر پەکەکە ئەنجامدەدات. ئەمە بەرچاوە. گەلەکەمان ئەم ڕاستیەی بینیوە و لە ڕاستی ئەردۆغان تێگەیشتووە. ئیدی هەموو کەسێک دەزانێت و بڕوا بە دروی ڕژێمی شەڕی تایبەت ناکات.

گەریلا بە هۆی ئەوەی خۆی وندەکات، دوژمن ترساوە

دەوڵەتی تورک لە باکوور نەک تەنها بەرامبەر گەریلا، لەدژی هەموو گەلی کورد هێرشی گشتی ئەنجامدەدات. بەڵام گەریلا خۆی گۆڕیوە. شیوە و تاکتیکی نوێی گرتە بەر و جێبەجێی کرد.

دەوڵەتی تورک کەوتوتە ئۆفسایدەوە. لەبەرئەوە تووڕە بووە و تەنگاو بووە. لە هەموو جێگەیەک بەدوای گەریلادا دەگەرێت و لە هیچ جێگەیەکیش نایدۆزێتەوە.

بەو هۆیەوە دوژمن سەری سوڕماوە. دوژمن دەیەوێت گەریلا وەک ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ لە قەڕاغی رێگاکان بێت. هەموو ڕۆژێک لە گوندەکان بێت، لە دیمەنەکاندا دەرکەوێت، بۆ ئەوەی هەواڵی بۆبێت و گورز لە گەریلا بدات. بەڵام شێوەی گەریلای ئازادی کوردستان گۆڕاوە. لەبەرئەوە دوژمن ناتوانێت شوێنی گەریلاکان دیاری بکات.

شیوەی نوێی گەریلا پلانەکانی دوژمنی پووچەڵکردووەتەوە

شێوەیە نوێی گەریلا پلانەکانی دوژمنی پووچەڵکردووەتەوە. تێکیانداوە. بەو هۆیەوە، ئێوە دەیبینن، لە ڕێگەی میدیای شەڕی تایبەت هاوار دەکەن و دەڵێن " لەکوێن، دیارنین. ئەمە نیشانەی تەنگەتاوبوونیانە. لەبەرئەوەی گەریلا شێوازێکی نوێ بەکاردەهێنێ و خۆی ون دەکات.

ئەردۆغان، چیللەری تێپەڕاند

دوژمن لەدژی گەلەکەمان سیاسەتی قڕکردنی بەرێوەدەبات. کردەوەکانی سەردەمی ئەردۆغان، ئاکەپە/مەپەهە سەردەمی چیللەری تێپەڕاند. هاوسەرۆکی شارەوانیەکان دەستگیر دەکەن، دەست بە سەر شارەوانیەکاندا دەگرن. هەموو ڕۆژێک بە دەیان کەس دەستگیردەکەن. بەم شێوەیە تا کوێ دەچێت؟ بەم هێرشە نامرۆڤانە تاکەی لەسەر دەەسەڵات دەمینێتەوە؟ داهاتووی سیاسەتی ڕژێمی ئاکەپە/مەهەپە چی دەبێت؟ چیللەریش وەک ئەردۆغان بیری کردەوە و وتی، "کورد لە توندوتیژی تێدەگەن، منیش بەم شێوەیە دەتوانم بەدیلیان بگرم." بەو عەقلیەتە ٤ هەزار گوندی کوردانی سووتاند و تێکیدا، بە هەزاران مرۆڤی بە ناوی "کریار نادیار' کوشت. لەسەر گەلەکەمان ئەشکەنجە، زوڵم وکۆمەڵکوژی بێوێنەی ئەنجامدا. هەوڵیاندا کورد دیل بگرن، ئیرادەی کورد بشکێنن.

داهاتویی ئەردۆغان لە داهاتووی چیللەر خراپتر دەبێت

باشە ئەنجامی ئەو سیاستە قڕکەر و دڕندەیە چی بوو؟ کورد زیاتر بوونە خاوەنی ئیرادە، زیاتر خاوەندارییان لە شۆرشی ئازادی کرد. کاتێک لە بەر ڕۆشنایی مێژووی سەیری دۆخەکە بکەین، ئەنجامی سیاسەتی قڕکەر و فاشیستی ئاکەپە/مەهەپە وەک چیللەر دەبێت. چی بەسەر چیللەر هات، خرابتر بەسەر ئەردۆغان و دەوروبەری دێت.

سیاسەتی رەتکردنی و قڕکردنی سەر گەل و بزوتنەوەکەمان، گەل و بزوتنەوەکەمانی لاواز نەکردووە، بەهێزتر بووین. کاتێک دەوڵەتی تورک کوردێک دەستگیردەکات، ئەشکەنجە دەکات، تۆڕەیی خەڵکەکەمان و گەلەکەمان لەدژی دەوڵەتی تورک زیاتر دەبێت، زۆاتر وابەستەی شۆرش و گەریلا دەبن، بەو هۆیەوە نە سیاسەتی بەرامبەر گەلەکەمان سەردەکەوێت، نە بە هێرشی سەر گەریلا دەتوانن ئەنجام بەدەست بهێننن. گەلەکەمان لە دۆخێکی سەختدا تێدەپەرێت، دڕندەییی لەنزیکەوە بینیوە و باش لێی تێدەگات، ڕووی قێزەونیان چۆنە. بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجە ناتوانن ئیرادەی کوردان بشکێنن. لەوانەیە جەند کەسی سیخور و خایین دروست ببن، بەڵام ناتوانن کورد تەسلیم بکەن.

با کەس خیانەت لە شۆرش نەکات، سیخوڕی و ئیستخباراتی قبوڵ نەکات

دەمەوێت ئەمەش بلێم، "لەوانەیە هەندێک سەرۆک هۆز و سەرۆک جاش و هەندێک کەسی باکووری کوردستان بە هۆی زوڵم و فشارەکان بە ناچاری نزیکی ئاکەپە ببنەوە. بەلام ئێمە پێیان دەلێین، :خیانەت لە شۆرش نەکەن، سیخۆڕی نەکەن، ئیخباری لە گەرلا نەکەن و ئیخباری لەسەر گەلەکەیان نەکەن. ئەم دەوڵەتی تیرۆر، ئەم حکومەتەی شەڕی تایبەت، بە تەئکیدی ئێوەی خۆشناوێت. بە تەنها ئێوە بەکاردەهێنێت و سبەینێ ئێوە فڕێدەدات. قۆناغی شەڕی ٣٦ ساڵ ئەم ڕاستیە ئاشکرا دەکات.

گەلەکەمان لە باشوور پێویستە لەدژی بەسیخۆریکردن هوشیار بێت

بۆ گەلەکەمان لە باشوور دەتوانم بڵێم، " لەسەر باشووری کوردستانیش مەترسیەکی گەورە هەیە. مەترسیەکە چیە؟ ئیستخباراتی تورک دەیەوێت لەناو گەلی ئێمەدا ڕێکخستنی خۆی دروست بکات. تا ئێستا هێرشی دژی پەکەکە، پەیامێکە بۆ هێزەکانی باشووری کوردستان. بەو هۆیەوە، خەڵکەکەمان لە باشووری کوردستان هیچ کەسێک نابێت ببێتە ئامێرێکی دەستی خەباتی سیخوری. لەبەرئەوەی ئەو دەوڵەتە دوژمنی کوردە. بۆ دەوڵەتی تورک کورد کوردە و دوژمنە. لە کوێ کوردێک هەبێت، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەری. بەو هۆیەوە، گەلەکەمان لە هەموو کاتێ زیاتر پیویستە هوشیار بێت. خەباتی سیخوریکردنی دەوڵەتی تورک لە کەمترین کاتدا بە گەریلای بگەیەنن و بەم شێوەیە هاوکاری گەریلا بکەن.

ف.ق

 

بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە کە دوێنی بڵاوکرایەوە لەم لینکەی خوارەوەدایە