ئەڵمانیا "بە دزییەوە" چەکێکى زۆر بە تورکیا دەفرۆشێت

بەپێی ئاماری بازرگانیی چەک لە ئەڵمانیا، دەوڵەتى ئەڵمانیا ساڵی رابردوو بە بڕی ٣٤٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار یۆرۆ چەک و جبەخانەى بە تورکیا فرۆشتووە.

حکومەتى ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی ئەنگێلا مێرکل هەفتەى رابردوو راپۆرتی ساڵی ٢٠١٩ی لەبارەی فرۆشتنی چەک بە شێوەى فەرمی بڵاوکردەوە، بەڵام لە راپۆرتەکەدا تەنها باسی ئامارەکانى فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی دەرەوەى یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانى ئەندامی ناتۆ کراوە و ناوی وڵاتەکان نەهێنراوە. لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوە نەکراوە، کە چەک بە تورکیا فرۆشراوە یان نا.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "بەهۆی پێوەرەکانی پاراستنی نهێنیی بازرگانی نابێت ئاماری فرۆشتنی چەک بە وڵاتان بڵاوبکرێتەوە".

بەهۆی ئەو بڕیارە نهێنییەوە ئەڵمانیا ئەوە ئاشکرا نەکراوە، کە حکومەتى ئەڵمانیا بە چ رێژە و قەبارەیەک چەک بە ٤٥ بۆ ٣٥ وڵات فرۆشتروە.

بەپێی هەواڵێکى تایبەتی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا (DPA)، کە بۆ هاوبەشەکانى ئاژانسەکە بڵاوکراوەتەوە، بازرگانیی چەک لە گەڵ تورکیا کە ئامارەکەى بڵاونەکراوەتەوە، بەشێکى گرنگە لە بازرگانیی چەکی ئەڵمانیا.

ئەو ئاژانسەى هەواڵی ئەڵمانیا بەپێی زانیارییەکان لە وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیاوە و بە بەکارهێنانى دەستەواژەی "نهێنی و شاراوە" راگەیاندووە، ئەڵمانیا بە بڕی ٣٤٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار یورۆ چەک و کەرەستەى سەربازیی بە تورکیا فرۆشتوە.

گەمارۆی پێنەفرۆشتنی چەک لەسەر تورکیا هەبوو

دواى ئەوەى دەوڵەتى تورک لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا هێرشی داگیرکەریی کردە سەر رۆژئاواى کوردستان، حکومەتى مێرکل ئیدعای ئەوەى کردبوو، کە بازرگانیی چەکیان لەگەڵ رژێمی ئەنقەرەدا راگرتووە.

لەبەر ئەوەش لە بەڵگە "نهێنییەکانى" وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیادا بانگەشە بۆ ئەوە کراوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو چەکانەى کە تورکیا لە سوریا بەکاریان دەهێنێت لەلایەن ئەڵمانیاوە بە تورکیا نەفرۆشرابێت، بەڵام لە لیستێکدا بە ناوی "چەکی شەڕ" ئەوە هاتووە، کەلوپەل و کەرەستی سەربازیی تانک، کۆپتەری سەربازی، تۆپ و فڕۆکەى جەنگی بە تورکیا فرۆشراون. تورکیاش بە تانک و تۆپ و کۆپتەر و فڕۆکەى جەنگی هێرشی کردبووە سەر رۆژئاواى کوردستان!.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى لە ساڵی ٢٠١٨دا هێرشیان لە دژی عەفرین ئەنجامدا و سەرباری ئەوەى ئەو هێرشە داگیرکەرییە بە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان پێناسەکرا، بەڵام ئەڵمانیا بە بڕی ٢٤٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار یورۆ چەکی بە رژێمی ئەردۆغان فرۆشتوە. لە لیستەکەدا تورکیا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە ئەڵمانیا بازرگانیی چەکی لەگەڵ کردووە و چەکی پێ فرۆشتوە.

ژ.ت